Accessibility links

گروپی ئەلشەباب هێرش دەکاتە سەر هۆتێلێک لە سۆماڵ


ئەفسەرێکی هەواڵگری ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، لانیکەم 12 کەس لە مەقادیشۆی پایتەختی سۆماڵ کوژراون، دوای ئەوەی چەکدارانی سەر بە ئەلقاعیدە هێرشیان کردە سەر هۆتێلێک و دەستیان بەسەر ئەو بارمتانەدا گرت کە دەسەڵاتداران دوای نزیکەی 20 کاتژمێر شەڕیان بۆ ئازادکردنیان دەکرد.

هێرشبەران ئێوارەی ڕۆژی هەینی بە دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو تەقینەوەیەکی گەورەیان ئەنجامدا بۆ ڕێگەکردنەوە بۆ ناو هۆتێل حەیات پێش ئەوەی دەست بە تەقەکردن و هێرشەکەیان بکەن. گروپی ئەلشەبابی سۆماڵ بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەیان لە ئەستۆ گرتووە.

محه‌مه‌د ئه‌فسه‌رى هه‌واڵگرییه‌ كه‌ ته‌نها ناوی یەکەمی ئاشکرا کرد به‌ ڕۆیته‌رزى ڕاگه‌یاند "تا ئێستا پشتڕاستمان نەكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ 12 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و زۆربه‌یان هاوڵاتی مه‌ده‌نین".

محەمەد گوتیشی چەکدارەکان ژمارەیەکی نادیار لە بارمتەیان لە نهۆمی دووەمی دامەزراوەکەدا دەستگیرکردووە، ئەمەش ڕێگریکرد لە دەسەڵاتداران کە نەتوانن چەکی قورس بەکاربهێنن.

گوتیشی هەروەها پلیکانەکانیان تەقاندبۆوە بۆ ئەوەی دەستگەیشتن بە هەندێک نهۆم قورستر بێت.

شەوی هەینی بەهۆی تەقینەوەکانەوە دوکەڵێکی گەورە باڵیکێشا بەسەر ئەو شارەدا و دەنگی تەقە هێشتا تا کاتژمێر 7 ی سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە لە سەرانسەری پایتەختدا دەبیسترا.

شایەتحاڵەکان دەڵێن، دەنگی تەقینەوەکان دەبیسترا لەکاتێکدا هێزەکانی حکومەت هەوڵیان دەدا کۆنترۆڵی هۆتێلەکە لە چەکدارەکان بستێننەوە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەشە گەورەکانی هۆتێلەکە بەهۆی شەڕەوە وێران بووە.

هێرشه‌كه‌ی ڕۆژی هه‌ینی یه‌كه‌م هێرشی گه‌وره‌ بوو له‌ دوای ده‌ستبه‌كاربوونی حه‌سه‌ن شێخ محه‌مه‌دی سه‌رۆك كۆمار له‌ مانگی 5 ی ئەمساڵدا.

بەپێی وەرگێڕانێکی گروپی هەواڵگری SITE کە چاودێری لێدوانەکانی گروپە جیهادییەکان دەکات، گروپی ئەلشەباب کە پەیوەندی بە ئەلقاعیدەوە هەیە، بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرتووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG