Accessibility links

وەزارەتی بەرگری تورکیا دەڵێت دوو کەشتی دیکەی دانەوێڵە ئۆکرانیا بەجێدەهێڵن


وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، دوو کەشتی دیکە کە دانەوێڵەیان هەڵگرتووە، بەندەری چۆرنۆمۆرسکی ئۆکرانیایان بەجێهێشتووە، بەمەش کۆی ئەو کەشتیانەی کە بەندەرەکانی دەریای ڕەشی ئۆکرانیا بەجێدەهێڵن بەپێی گرێبەستێکی هەناردەکردنی دانەوێڵە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ 27 کەشتی بەرزبووەتەوە.

لە بەیاننامەیەکدا سەنتەری هەماهەنگی هاوبەش کە بۆ ڕێگەپێدانی تێپەڕبوونی سەلامەت دامەزراوە، ڕایگەیاند کەشتی زومڕوت ئانا و ئێم ڤی ئۆشن ئێس کە مۆڵەتی ڕۆشتنیان هەیە لە 20ی مانگی هەشتەوە، 6300 تۆن زەیتی گوڵەبەڕۆژە و 25 هەزار تۆن گەنمیان بارکردووە.

بەرپرسێکی بەندەرەکانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند سێ بەندەری ئۆکرانیا دەستیان کردووە بە بارکردنی خۆراک لەسەر حەوت کەشتی، کە 66 هەزار و 500 تۆن گەنم و گەنمەشامی و زەیتی گوڵەبەڕۆژە دەگەیەننە بەکارهێنەران.

لە سەرەتای جەنگەوە هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا دابەزیوە، چونکە بەندەرەکانی دەریای ڕەش کە ڕێگایەکی گرنگە بۆ بارکردن داخران، ئەمەش نرخی خۆراکی جیهانی بەرزکردەوە و مەترسی کەمی خۆراکی لە ئەفریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لێکەوتەوە.

لە کۆتایی مانگی حەوتدا سێ بەندەری دەریای ڕەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ کە بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا ئەنجامدرا ڕێگەی سەلامەتیان بۆ کرایەوە .

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG