Accessibility links

ئەمەریکا زیندانی هەتاهەتایی بەسەر ئەندامێکی داعش سەپاند بە تۆمەتی کوشتنی بارمتە ئەمەریکاییەکان لە سوریا


دادوەرێکی فیدراڵی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر ئەندامێکی داعش دا سەپاند کە ناسراوە بە "بیتڵز" بەهۆی تێوەگلان لە پیلانێکی بارمتەگرتن و کوشتنی ڕۆژنامەنووس و کارمەندانی فریاگوزاری ئەمەریکی لە سوریا.

خێزان و هاوڕێکانی ئەو چوار ئەمەریکاییەی کوژراون سەیری دادوەری دادگای ناوچەیی T.S. Ellis یان دەکرد کە سزای هەتاهەتایی بەسەر ئەلشەفی ئەلشێخی تەمەن 33 ساڵدا سەپاند کە بەبێ پارێزبەندی دادگایی کرا و ڕەفتارەکانیشی بە "ترسناک و بەربەری و دڕندانە و بێگومان تاوانبار" ناوبرد.

دەستەی سوێندخواردن لە مانگی 4 دا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئەو هاوڵاتییە بەریتانییە بەشێک بووە لە شانەیەکی داعش، کە بەهۆی دیالێکتە ئینگلیزییەکانیانەوە نازناوی "The Beatles"یان لێنراوە، کە بارمتە ئەمەریکاییەکانیان سەربڕیوە لەو ناوچانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە داعش کۆنتڕۆڵی کردبوون.

داعش لە لوتکەی دەسەڵاتی خۆیدا لە ساڵانی 2014 بۆ 2017 حوکمڕانی بەسەر ملیۆنان کەسدا کرد بوو هاوکات بەرپرسیارێتی هێرشەکانی لە دەیان لە شارەکانی جیهان گرتە ئەستۆ یاخود لە پشت ئەو هێرش و پەلامارانە بوون.

ڕێبەرەکەی داعش واتە ئەبوبەکر ئەلبەغدادی لە ساڵی 2014 دا خەلافەتی بەسەر چارەکێکی عێراق و سوریادا ڕاگەیاند، بەڵام لە ساڵی 2019 دا لە هەڵکوتانێکی هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا لە سوریا لە کاتی شکستهێنانی دەسەڵاتی گروپەکەدا کوژرا.

ئەلشێخ کە لە سودان لەدایکبووە و لە لەندەن گەورە بووە، تۆمەتبار کراوە بە پیلانگێڕی بۆ کوشتنی چوار بارمتەی ئەمەریکی کە بریتین لە جەیمس فۆلی، ستیڤن سۆتلۆف، پیتەر کاسیگ و کایلا مۆلەر.

فۆلی و سۆتلۆف کە هەردووکیان ڕۆژنامەنووس بوون و کاسیگ کە کارمەندی فریاگوزاری بوو، لە ڤیدۆیەکدا داعش سەریان دەبڕێت. بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە، مۆلەر پێش مردنی لە سوریا چەندین جار لەلایەن بەغدادییەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر.

مردنی فۆلی، سۆتلۆف و کاسیگ لە ساڵی 2014 دا پشتڕاستکرایەوە؛ مردنی مۆلەر لە سەرەتای ساڵی 2015 دا پشتڕاستکرایەوە.

ئەلشێخ ڕۆژی هەینی لە هۆڵی دادگای فیدراڵی لە شاری ئەسکەندەریەی ویلایەتی ڤێرجینیا بە جلوبەرگی خۆڵەمێشی و ماسکی دەموچاو و چاویلکەوە ئامادەبوو. داوا لە بنەماڵە و دۆستانی قوربانییەکانی کرا لەبەردەم دادوەر لێدوان بدەن.

دایان دایکی فۆلی دەڵێت "ڕق بە تەواوی بەسەر مرۆڤایەتی تۆدا زاڵ بوو"، دواتر بە کوڵ گریا و گوتی "بەزەییم بە تۆدا دێتەوە. دوعا دەکەم ئەو ماوەیەی لە زینداندایت کاتێکت پێ ببەخشێت بۆ بیرکردنەوە."

سەرۆکی فەرماندەیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری پۆلیسی لەندەن، ڕیچارد سمیس، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، خێزانەکانی قوربانییەکان "خۆڕاگری و ئازایەتییەکی بەرچاویان نیشانداوە لە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی خۆیان سەبارەت بەوەی کە بەسەر ئەواندا هاتووە لە پێشدا و لە دادگاش".

بەهۆی تۆمەتەکانی سەر ئەلشێخ کە لە ساڵی 2018 دا ڕەگەزنامەی بەریتانی لێ وەرگیرا، سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکرا، بەڵام داواکارانی گشتی ئەمەریکا پێشتر ئامۆژگاری بەرپرسانی بەریتانیایان کردبوو کە داوای سزای لە سێدارەدان ناکەن.

داواکارانی گشتی ئاماژەیان بەوە کرد کە سزای هەتاهەتایی پێویستە بۆ ئەوەی ئەلشێخ زیانی لە داهاتوودا نەگەیەنێت و پێشینەیەک دابنێت کە ئەو جۆرە تاوانانە سزای توندیان پێدەگات.

ئەندامێکی دیکەی گروپەکەی داعش بەناوی ئەلێکساندا کۆتێی سەرەتای ئەمساڵ لەلایەن دادوەرێکی ئەمەریکاییەوە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا. کۆتێی پێش ئەوەی بە فڕۆکە بگوازرێتەوە بۆ ئەمەریکا بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی دادگایی بکرێتەوە، لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە لە عێراق دەستبەسەر بوو. ناوبراو لە مانگی 9 ی ساڵی ڕابردوودا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە لە کوشتنی فۆلی، سۆتلۆف، کاسیگ و مۆلەر.

سێیەم ئەندامی ئەو گروپە بە ناوی محەمەد ئیموازی لە ساڵی 2015 دا لە هێرشێکی موشەکی ئەمەریکا و بەریتانیا لە سوریا کوژرا.

هەندێک لە بارمتەکانی پێشوو کە دوای دانوستانێکی درێژخایەن لەلایەن ئەو شانەیەی داعشەوە ئازادکرابوون، لە کاتی دادگاییکردنەکەدا باسیان لەوە کرد کە ئەشکەنجە درابوون. هەروەها ئەندامانی بنەماڵەی ئەو کەسانەی کە کوژرابوون لێدوانی خۆیان پێشکەش کرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG