Accessibility links

زێلێنسکی: نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت ئاسایشی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا مسۆگەر بکات


ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا دوای وتووێژەکانی ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی" نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت ئاسایشی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا مسۆگەر بکات کە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە داگیرکراوە."

گوتیشی لەگەڵ گۆتێرێس کە لە شاری لڤیڤ لە ڕۆژئاوای ئۆکرانیا کۆبوونەوە، باسیان لە ڕێککەوتنێک کردووە کە بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەیرانی خۆراکی جیهانی، لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە بە هەماهەنگی بەردەوام بن لە هەوڵەکانیان بۆ دڵنیابوون لەوەی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بەردەوام دەبێت.

لای خۆیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس داوای کرد کە وێستگەی فراوانی وزەی ئەتۆمی داماڵرێت لە سەرباز و گوتی زۆر نیگەرانە لە دۆخی ناوچەکە و دەوروبەری.

گۆتێرێس دوای گفتوگۆکان لەگەڵ زێلێنسکی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، پێویستە کەرەستە سەربازییەکان و سەربازەکان لە کارگەکە بکشێنەوە، هەروەها داوای کرد هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە نابێتە ئامانجی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.

ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە دەتوانێت گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی ئەوروپا دابخات دوای ئەوەی لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ لە ئۆکرانیا کەوتە ژێر تۆپبارانەوە، ئەمەش هەنگاوێکە کیێڤ دەڵێت مەترسی کارەساتی ئەتۆمی لەوێ زیاد دەکات.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG