دوو سەرچاوەی ئەمنی لە میسر رایانگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە ناو کڵێسایەک ئەمڕۆ یەکشەممە لە شاری جیزە لە میسر 41 کەس کوژران و 45 کەسیش برینداربوون. سەرچاوەکان رایانگەیاند، ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەبا ڕوویدا تەنها پێش کاتژمێر 9ی بەیانی بەکاتی میسر (0700 بە کاتی گرینگ) لە کاتی نوێژ و نزای بەکۆمەڵدا، کاتێک 5 هەزار کەس لە کڵێسای ئەبوسیفین لە گەڕەکی ئیمبابا گردبوونەوە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئاگرەکە دەروازەی چوونە ژوورەوەی کڵێساکەی گرتبوو، و زۆربەی ئەو کەسانەی کوژراون منداڵن.
یاسر مونیر، نوێژخوێنی کڵێساکە دەڵێت: "خەڵک لە نهۆمی سێیەم و چوارەمدا کۆدەبوونەوە، بینیمان دوکەڵ لە نهۆمی دووەمەوە دەهات، خەڵک پەلەیان کرد بۆ دابەزین بە پلیکانەکان و بەسەر یەکتردا بەربوونەوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، "پاشان گوێمان لە دەنگی تەقینەوەیەک بوو، و چاومان بە پریشک و ئاگر بوو کە لە پەنجەرەکەوە دەهاتە دەرەوە" و گوتی لەگەڵ کچەکەی لە نهۆمی خوارەوە بوون و توانیویانە هەڵبێن.
جیی ئاماژەیە ئاگرکەوتنەوەی کارەبایی لەم جۆرە لە میسردا ڕووداوێکی دەگمەن نییە، لە کۆتایی ساڵی 2020دا، ئاگر لە نەخۆشخانەیەک کەوتەوە کە چارەسەری نەخۆشەکانی کۆڤید-19 ی دەکرد، لانیکەم حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز