Accessibility links

چەکدارانی تاڵیبان بە تەقەکردن بڵاوە بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی ژنان دەکەن لە کابول


چەکدارانی تاڵیبان لە کابول ڕۆژی شەممە تەقەیان بە ئاسماندا کرد و لەو ژنانەیان دا کە ناڕەزایەتیان دەردەبڕی بەرامبەر بە دەسەڵاتی تاڵیبان، لە کاتێکدا دەیان کەس داوای مافی پەروەردە و کارکردن و بەشداری سیاسییان دەکرد لە سەروبەندی یەکەم ساڵیادی کۆنترۆڵکردنی ئەفغانستان لەلایەن ئەو گروپە ئیسلامییەوە.

بەشداربووانی گردبوونەوەکە دروشمی "کار و نان و ئازادی"یان دەوتەوە لە کاتێکدا بەرەو وەزارەتی پەروەردە لە پایتەختی ئەفغانستان ڕێپێوانیان دەستپێکرد پێش ئەوەی چەکدارانی تاڵیبان بە توندوتیژی وەڵامی گردبوونەوە ناوازەکەی دژ بە حکومەتەکەی تاڵیبان بدەنەوە.

خۆپیشاندەران داوای مافی کارکردن و بەشداری سیاسییان دەکرد، چەندین دروشمیان بەرزکردبۆوە لەوانە "15 ی هەشت ڕۆژێکی ڕەشە" و هاواریان دەکرد "دادپەروەری....دادپەروەری."

هەژماری شایەتحاڵەکان و سۆشیال میدیاکان بڵاویانکردۆتەوە کە زۆرێک لە ژنان لە گردبوونەوەکەدا دەموچاویان دانەپۆشیبوو.

شایەتحاڵان دەڵێن بەشێک لەو ژنە خۆپیشاندەرانەی کە پەنایان بۆ دوکانەکانی نزیک ئەو ناوە بردووە، لەلایەن چەکدارەکانەوە بە قۆناغە تفەنگەکانیان لێیان دراوە و ڕاونراون.

لە ڤیدیۆی گردبوونەوەکەدا لە سۆشیال میدیادا دەنگی تەقەیەکی زۆر دەبیسترێت و پیاوانی تاڵیبان هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەرانی ژن. هەروەها بە شێوازێکی توندوتیژیانە ڕێگرییان لە ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانی کردووە بۆ ئەوەی ڕووماڵی گردبوونەوەکە نەکەن.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە بەکارهێنانی "هێزی تا ڕادەی زیادەڕۆیی" لەلایەن تاڵیبانەوە بۆ بڵاوەپێکردنی ئەو ژنانەی کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە.

بەرپرسانی تاڵیبان دەستبەجێ هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو تۆمەتانە نەدا.

تاڵیبان لە 15ی مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرت، لە کاتێکدا هاوپەیمانەکانی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا و ناتۆ سەربازەکانیان لە وڵاتەکەیان کشاندەوە دوای نزیکەی 20 ساڵ شەڕ لەگەڵ تاڵیبان.

حکومەتی کاتی گروپە توندڕەوەکە لە کابول کە سەرجەمیان پیاون لەو کاتەوە مافەکانی ژنانی بۆ کارکردن و خوێندن بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشێ پێکردووە، زۆربەی کچانی نەجەوان لە دەستپێکردنەوەی خوێندنی ناوەندی بێبەش و قەدەغە کردووە، ئەمەش پێشێلکردنی ئەو بەڵێنانەیە کە تاڵیبان داوێتی بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی هەموو ئەفغانییەکان.

ئەو ژنانەی لە کەرتی گشتی دامەزراون، پێیان وتراوە کە لە ماڵەکانیان بمێننەوە، جگە لەوانەی کە بۆ وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی و چەند کەسێکی دیکە کار دەکەن و دەبێت لە شوێنی گشتیدا پۆشاکی باڵاپۆش و ڕوخسار داپۆشراوی بەکاربهێنن.

هەروەها قەدەغەکردنی گەشتیان سەپاندووە بۆ ئەو ژنانانەی کە بە تەنیا گەشتی دووردەکەن و هەروەها لە شوێنی گشتیەکاندا داوایان لێدەکەن کە بە تەواوی خۆیان دابپۆشن، بە دەموچاویشیانەوە، کە لە کولتوری ئیسلامیدا ئەو شاردنەوەی ڕوخسارە پێی دەوترێت بورقە.

ئەو سنووردارکردنانە چالاکوانانی ژنانی تووڕە کردووە و سەرەتا خۆپیشاندانی بچووکیان لە دژی ئەو ڕێسایانە ئەنجام دەدا، بەڵام تاڵیبان توندوتیژی بەکارهێنا و ڕێکخەرانی دەستبەسەر کرد، ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر بۆ ماوەی چەند مانگێک ئەو جۆرە گردبوونەوەیان ڕاگرت.

تاڵیبان بەرگری لە سیاسەتەکانیان دەکەن بەوەی کە لەگەڵ کلتوری ئەفغانستان و شەریعەت یان یاسا و ڕێسا ئیسلامیەکاندا دەگونجێت.

XS
SM
MD
LG