Accessibility links

مۆسکۆ هۆشداری دەدات لە کۆتاییهێنان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن ئەگەر دەستبەسەر سەروەت و سامانیدا بگیرێت


ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی ڕووسیا تاس ڕۆژی شەممە لە زاری سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی تایبەت بە ئەمەریکای باکوور لە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بڵاویکردەوە، هەر جۆرە دەستبەسەرداگرتنێکی سەروەت و سامانی ڕووسیا لەلایەن ئەمەریکاوە، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی مۆسکۆ لەگەڵ واشنتۆن بە تەواوی تێکدەدات.

دوای ئەوەی مۆسکۆ لە 24ی مانگی دوودا دەیان هەزار سەربازی نارد بۆ ئۆکرانیا، پەیوەندییەکانی ڕووسیا لەگەڵ ڕۆژئاوا بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچووە، لە کاتێکدا ڕووسیا بە "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەت" ناوی بردووە.

ڕۆژئاوا بە سزای ئابووری و دارایی و دیپلۆماسی بێ وێنە وەڵامی دایەوە، لەوانە دەستبەسەراگرتنی نزیکەی نیوەی یەدەگی زێڕ و دراوی بیانی ڕووسیا کە پێش 24ی مانگی دوو نزیکەی 640 ملیار دۆلار بوو.

بەرپرسانی باڵای ڕۆژئاوا لەوانە جۆزێپ بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا پێشنیاریان کردووە کە دەست بەسەر یەدەگی پارەدا بگیرێت بۆ ئەوەی یارمەتیدەر دەبێت لە بودجەی ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیا لە داهاتوودا.

ئەلێکساندەر دارکیڤ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی تاس گوتی "ئێمە ئەمەریکاییەکان ئاگادار دەکەینەوە لە لێکەوتە زیانبەخشەکانی ئەم جۆرە کارانە کە بۆ هەمیشە زیان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەگەیەنێت کە نە لە بەرژەوەندی ئەوان و نە لە بەرژەوەندی ئێمەشدایە.

دەستبەجێ ڕوون نەبۆتەوە کە ئاماژە بە کام سەروەت و سامان دەکات.

بە پێی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک بایدن ئەمەریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی 30 ملیار دۆلار لە سەرمایەی کەسانی دەوڵەمەند و ئەوانەی پەیوەندیان لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی ڕووسیا هەیە سڕ کردووە.

وەزارەتی دادی ئەمەریکا بە دوای دەسەڵاتی فراوانتردا دەگەڕا لە کۆنگرێسەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی سامانی کەسانی بازرگان و دەوڵەمەندی ڕووسی کە پەیوەندییەکان بە سیاسەت و حکومەتەوە هەیە وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر مۆسکۆ لەسەر کردەوەکانی لە ئۆکرانیا، کە داواکاری گشتی لە مانگی حەوتدا ئاماژەی پێکردووە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG