Accessibility links

لە نیویۆرک بە چەقۆ هێرشکرایە سەر ڕۆماننووس سەلمان ڕوشدی


بەپێی زانیارییەكانی پۆلیسی نیویۆرك، سەلمان ڕوشدی ئەو ڕۆماننووسەی لەدایكبووی هیندستانە و دوای ئەوەی ساڵی 1989 بەهۆی نووسینێكیەوە لەلایەن ئێرانەوە فەرمانی كوشتنی بۆ دەرچوو، ساڵانێكی زۆر خۆی حەشاردا، ڕۆژی هەینی كاتێك لە ویلایەتی نیویۆرك سەرقاڵی ئەوە بوو كۆڕێك پێشكەش بكات، کەسێک بە چەقۆ هێرشدەکاتە سەری و چەقۆیەک لە ملی دەدات. ئەمەش بەپێی وتەی یەکێک لە شایەتحاڵەکان.

شایەتحاڵێک دەڵێت؛ پیاوێک بەخێرایی چووەتە سەر سەکۆی شانۆکە لە دامەزراوەی Chautauqua و هێرشی کردۆتە سەر سەلمان ڕوشدی لە کاتێکدا بانگهێشت دەکرێت بۆ ئەوەی وتارێک لەسەر ئازادی هونەر پێشکەش بە ئامادەبوان بکات کە سەدان کەس لەوێ ئامادەبوون. پۆلیسی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، سەربازێکی دەوڵەت کە لە چالاکییەکەدا ئامادەبووە هێرشبەرەکەی دەستگیرکردووە.

کاسی هۆچۆل، فەرمانڕەوای نیویۆرک ڕایگەیاند سەلمان ڕوشدی لە ژیاندایە و "ئەو چاودێرییە تەندروستییەی کە پێویستە وەریدەگرێت." سەلمان ڕوشدی تەمەن 75 ساڵ، بە هەلیکۆپتەر گەیەندراوەتە نەخۆشخانە بەڵام پۆلیس ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا نازانرێت باری تەندروستی چۆنە.

پۆلیس هیچ هۆکارێکی سەبارەت بە هێرشەکە نەخستەڕوو و تا ئێستاش ڕوون نەبووەتەوە کە چ جۆرە چەکێک بەکارهاتووە.

نوسەرەکە کەوتۆتە سەر زەوی کاتێک پیاوەکە هێرشی کردووەتە سەری، دواتر لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە دەورە دراوە و قاچەکانیان بەرزکردووەتەوە، بۆئەوەی خوێنی زیاتر بنێرێت بۆ بەشی سەرەوەی جەستەی، بەو پێیەی هێرشبەرەکە کۆنتڕۆڵکراوە، بەپێی شایەتحاڵێک کە لەوێ بووە؛ داوای کرد ناوی نەهێنرێت.

سەلمان ڕوشدی کە لە بنەماڵەیەکی موسڵمانی هیندی لەدایکبووە، بۆ چوارەمین ڕۆمانی "ئایەتەکانی شەیتان" ڕووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن بووەتەوە، کە بەشێک لە موسڵمانان دەڵێن بڕگەی کوفر لەخۆدەگرێت. ڕۆمانەکە لەگەڵ بڵاوبوونەوەیدا لە ساڵی 1988 لە زۆرێک لەو وڵاتانەی کە ژمارەی دانیشتووانێکی زۆر موسڵمانن قەدەغەکرا.

دوای ساڵێک ئایەتوڵڵا خومەینی، ڕێبەری باڵای ئیسلامی ئەوکاتەی ئێران، فەتوایەک یان فەرمانێکی ئایینی دەرکرد و داوای لە موسڵمانان کرد کە ئەو ڕۆماننووسە بە تاوانی کوفر بکوژن.

سەلمان ڕوشدی بۆ چەندین ساڵ خۆی حەشاردا و حکومەتی ئێران لە ساڵی 1998 ڕایگەیاندبوو کە چیتر پشتگیری لە فەتواکە ناکات و روشدی لەم ساڵانەی دواییدا تاڕادەیەک بە ئاشکرا ژیاوە.

ڕێكخراوه‌ ئێرانییه‌كان كه‌ هه‌ندێكیان سه‌ر به‌ حكومه‌تن‌، بۆ كوشتنی سەلمان روشدی خەڵاتێکیان به‌ به‌های ملیۆنان دۆلار كۆكردۆته‌وه‌ و ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی جێنشینی خومەینی وەک ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی هەر لە ساڵی 2017 دا گوتی کە ئەو فەتوایە هێشتا کاریگەرە.

سەلمان ڕوشدی لە سەروەختی فەتواکەدا بیرەوەرییەکی دەربارەی ژیانی خۆی بڵاوکردەوە بە ناوی "جۆزێف ئەنتوان"، ئەو ناوە ساختەیەی کە لە ژێر پاراستنی پۆلیسدا بەکاری هێناوە. بڕیارە لە مانگی 2 دا ڕۆمانی نوێی "شاری سەرکەوتن" بڵاوبکرێتەوە.

بەپێی ماڵپەڕی دامەزراوەکە، ڕوشدی لە دامەزراوەی Chautauqua بووە بۆ ئەوەی بەشداری لە گفتوگۆیەکدا بکات سەبارەت بەوەی کە ئەمەریکا وەک پەناگەیەک بۆ نوسەران و هونەرمەندان لە دەربەدەریدا و "وەک ماڵێک بۆ ئازادی ڕادەربڕینی داهێنەرانە" خزمەت دەکات.

ڕۆماننوس سەلمان ڕوشدی لە ساڵی 2016 دا بووەتە هاوڵاتی ئەمەریکی و لە شاری نیویۆرک دەژی.

سەلمان ڕوشدی ڕەخنەگرێکی توند بووە لە ئایین. ئەو ڕەخنەی لە ستەم و توندوتیژی لە هیندستانی زێدی خۆی گرتووە، لەنێویاندا لە سەردەمی حکومەتەکەی سەرۆک وەزیران نارێندرا مودی، سەرۆکی پارتی هیندۆسی نەتەوەخواز بەهاراتیا جاناتا.

ئاژانسی Wylie کە نوێنەرایەتی ڕوشدی دەکات، وەڵامی داوای لێدوانی نەدایەوە. هاوکات نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دەستبەجێ وەڵامی داوای لێدوانی نەدایەوە.

گروپێکی داکۆکیکار لە ئازادی ڕادەربڕین بە ناوی PEN Americaکە ڕوشدی سەرۆکی پێشووی ئەو ڕێکخراوە بووە، ڕایگەیاندووە کە "توشی شۆک و ترس" بوون لەسەر ئەوەی کە بە هێرشێکی کتوپڕ و بێ وێنە بۆ سەر نووسەرێک لە ئەمەریکا ناویان بردووە.

سۆزان نۆسێل بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی PEN America لە بەیاننامەکەدا ڕایگەیاندووە، "سەلمان روشدی بۆ دەیان ساڵە بەهۆی قسەکانییەوە کراوەتە ئامانج بەڵام هەرگیز دوودڵ و پاشگەزنەبۆتەوە." ئاماژەی بەوەشکردووە، بەیانی پێشتر ڕوشدی ئیمەیڵی بۆ ناردووە بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە گواستنەوەی ئەو نووسەرە ئۆکرانیانەی کە داوای مافی پەنابەری دەکەن.

سیناتۆری ئەمەریکی چەک شومەر لە نیویۆرک ئەم ڕووداوەی بە "هێرشێک بۆ سەر ئازادی قسەکردن و بیرکردنەوە" ناوزەد کرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG