بۆ زۆربەی کچانی نەوجەوان لە ئەفغانستان، کە ساڵێکە نەچوونەتەوە ناو پۆلەکانی قوتابخانە بەهۆی ئەوەی هیچ ئاماژەیەک نییە کە تاڵیبانی دەسەڵاتدار ڕێگەیان پێدەدات بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە یان نا، هەندێکیان هەوڵدەدەن ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ کردنەوەی دەروازەیەک لەبەردەم ڕێگرییەکاندا بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەک لە ژنانی گەنجی وڵاتەکە.
لە ماڵێک لە کابول لەم دواییانەدا دەیان کەس گردبوونەوە بۆ وانە خوێندن لە قوتابخانەیەکی نافەرمی کە لەلایەن سۆدابە نەزەهەندەوە دامەزرابوو. ئەو لەگەڵ خوشکەکەی وانەی فێرکاری زمانی ئینگلیزی، زانست و بیرکاری بەو کچانە دەڵێنەوە کە پێویستە لە قۆناغی خوێندنی ناوەندی بن.
نەزەهەند بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ڕاگەیاندوو کە "کاتێک تاڵیبان ویستی مافی پەروەردە و مافی کارکردن لە ژنان بسەنێتەوە، من ویستم بە فێرکردنی ئەو کچانە دژی بڕیارەکەیان بوەستمەوە."
قوتابخانەکەی ئەو یەکێکە لەو ژمارە قوتابخانەی ژێرزەمینیەی کە لەو کاتەوە دەستیان بەکارکردووە کە تاڵیبان ساڵێک لەمەوبەر دەستی بەسەر ئەو وڵاتەدا گرتووە و بەردەوامبوونی خوێندن لە پۆلی شەشەمی سەرەتایی بۆ کچان قەدەغە کردووە. لە کاتێکدا تاڵیبان ڕێگەی بە ژنان داوە بەردەوام بن لە خوێندن لە زانکۆکان، ئەم هەڵاوێردە کاتێک پەیوەندیدار نابێت کە کچانی ئامادەیی ئیتر لە قۆناغی خویندنی ناوەندی دەرناچن.
نەزەهەند گوتیشی "هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە، ئەم دۆخەش زۆر خەمناکە و جێگەی نیگەرانییە."
ڕۆژی چوارشەممە 3ی مانگی هەشتی 2022 کچانی ئەفغانی لە مزگەوتی نور لە دەرەوەی شاری کابولی پایتەختی ئەفغانستان قورئان دەخوێننەوە، مەولوی بەختوڵڵا بەرپرسی مزگەوتەکە ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کچانەی بۆ فێربوونی قورئان دێنە ئەم مزگەوتە چەند هێندە زیادی کردووە دوای داخستنی قوتابخانە حکومییەکان.
بۆ زۆربەی کچانی نەوجەوان لە ئەفغانستان، ساڵێکە دابڕاون لە پۆلەکانی قوتابخانە. بەهۆی ئەوەی هیچ ئاماژەیەک نییە کە تاڵیبانی دەسەڵاتدار ڕێگەیان پێدەدات بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە یان نا. هەندێک لە کچان و دایک و باوکان هەوڵدەدەن ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی پەروەردە بۆ نەوەیەک لە کچانی گەنج بگوازنەوە و ڕووبەڕووی ئەو ڕێگرییە ببنەوە.
دەزگای فریاگوزاری منداڵانی ڕزگارکەر چاوپێکەوتنی لەگەڵ نزیکەی 1700 کچ و کوڕی تەمەنی نێوان 9 بۆ 17 ساڵاندا لە حەوت پارێزگا ئەنجامداوە بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی سنووردارکردنی پەروەردە.
لە ڕاپرسییەکەدا کە لە مانگەکانی 5 و 6 ی ئەمساڵدا ئەنجامدراوە و ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە کە زیاتر لە 45٪ ی کچان ناچنە قوتابخانە، لە کاتێکدا لە 20٪ ی کوڕانیش ناچنەوە بۆ قوتابخانە. ههروهها دهركهوتووه كه 26%ی كچان نیشانهكانی خهمۆكی دهركهوتووە لەسەریان، لهبهرامبهردا 16%ی كوڕانیش بەهەمان شێوە.
نزیکەی تەواوی دانیشتوانی ئەفغانستان ڕووبەڕووی هەژاری بوونەتەوە و ملیۆنان کەس نەیانتوانی خۆراکی خێزانەکانیان دابین بکەن کاتێک جیهان لە وەڵامی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو وڵاتە لەلایەن تاڵیبانەوە کۆمەکەکانی وەستان.
مامۆستایان، دایک و باوک و پسپۆڕان هەموویان هۆشداری دەدەن لەوەی کە قەیرانە هەمەجۆرەکانی وڵاتەکە لەنێویاندا داڕمانی وێرانکەری ئابووری، بە تایبەتی زیان بە کچان دەگەیەنێت. تاڵیبان کاری ژنانی سنووردار کردووە، هانیان دەدات لە ماڵەوە بمێننەوە و یاسای باڵاپۆشیان سەپاندووە کە داوایان لێدەکات دەموچاویشیان داپۆشن، جگە لە چاوەکانیان، هەرچەندە ئەو ڕێسایە هەمیشە جێبەجێ ناکرێت.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای ئەوە دەکات کە تاڵیبان قوتابخانە بۆ هەموو کچان بکاتەوە، ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا پلانیان دروستکردووە بۆ پێدانی مووچە ڕاستەوخۆ بە مامۆستایانی ئەفغانستان، ئەمەش بەردەوامی دەدات بە کەرتی پەروەردە بەبێ ئەوەی پارەکە لە ڕێگەی تاڵیبانەوە ڕەوانەی مامۆستایان بکرێت.
بەڵام پێدەچێت پرسی پەروەردەی کچان تێکەڵبووبێت لەگەڵ جیاوازییەکانی پشت پەردەی تاڵیبان. هەندێک لە بزووتنەوەکە پشتگیری لە گەڕاندنەوەی کچان دەکەن بۆ قوتابخانە، جا لەبەرئەوەی هیچ ناڕەزایەتییەکی ئایینی بەرامبەر ئەمە نابینن یان لەبەرئەوەی دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ جیهان باشتر بکەن. هەندێکی تر، بە تایبەت گەورە پیاوانی گوندنشین و خێڵەکی کە بڕبڕەی پشتی بزووتنەوەکە پێکدەهێنن، بە توندی دژایەتی ئەمە دەکەن.
هەر لە سەرەتاوە لە ساڵانی نەوەدەکاندا کە حوکمڕانی ئەفغانستانیان دەکرد، تاڵیبان سنوورێکی زۆر توندتری بەسەر ژناندا سەپاند، خوێندنی بۆ هەموو کچان قەدەغەکرد، کارکردنی ژنانی بە تەواوەتی قەدەغەکرد و داوایان لە ژنان کردبوو ئەگەر بچنە دەرەوە دەبێت باڵاپۆشییەکی تەواو گشتگیر کە دەموچایشیان دادەپۆشێت بپۆشن کە لە کلتوی ئیسلامیدا پێی دەڵێن بورقە.
لە ماوەی 20 ساڵی دوای دەرکردنی تاڵیبان لە دەسەڵات لە ساڵی 2001، تەواوی نەوەی ژنان گەڕانەوە بۆ قوتابخانە و کارکردن، بەتایبەتی لە ناوچە شارنشینەکان. تاڵیبان بە ڕواڵەت دان بەو گۆڕانکاریانەدا دەنێت، کاتێک ساڵی ڕابردوو جارێکی دیکە دەستیان بەسەر وڵاتەکەدا گرتەوە، ئەفغانییەکانیان دڵنیا کردەوە کە ناگەڕێنەوە بۆ مشتی قورسی ڕابردوو.
بەرپرسان بە ئاشکرا پێداگریان کردووە کە ڕێگە بە کچانی هەرزەکار دەدەن بگەڕێنەوە ناو قوتابخانە، بەڵام دەڵێن کات پێویستە بۆ دانانی ڕێوشێنێکی لۆجستیکی بۆ جیاکاری توندی ڕەگەزی بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دەبێت لە "چوارچێوەیەکی ئیسلامی"دا بێت.
سەرچاوە/ ئەسۆشەیتد پرێس
کچانی ئەفغانستان دوای ساڵێک دابڕان لە خوێندن ڕووبەڕووی داهاتوویەکی نادیار دەبنەوە
