پاسەوانانی کەناراوەکانی یۆنان 29 کەسیان لە دەریای ئیجە ڕزگار کردووە پاش ئەوەی بەلەمەکەیان لە ڕۆژی چوارشەممە ژێرئاوکەوت و دەیان کۆچبەری دیکەش بێسەروشوێنن.
بەپێی وتەی وتەبێژی پاسەوانی کەناراوەکان، کۆچبەرە ڕزگارکراوەکان باسیان لەوە کردووە بەلەمەکەیان لە ئەنتاڵیای تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتووە و 60 بۆ80 کەسی هەڵگرتووە.
نیکۆس کۆکالاس وتەبێژی پاسەوانی کەناراوەکانی ئیجە بە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ڕاگەیاندووە "بەلەمەکە لە دوورگەی کارپاتۆس لە باشووری ئیجە وەرگەڕاوە و نوقم بووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردنەکە لە کاتژمێرەکانی بەرە بەیاندا سەڕەڕای هەڵکردنی بایەکی بەهێز دەستیپێکردبوو."
بەرپرسێکی دیکەی پاسەوانی کەناراوەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند، کۆچبەرە ڕزگارکراوەکان ئەفغانی، ئێرانی و عێراقین.
یۆنان لە ساڵانی 2015 و 2016 لە هێڵی پێشەوەی قەیرانی کۆچبەری ئەوروپادا بوو، کاتێک ملیۆنێک پەنابەر کە لە شەڕ و هەژاری لە سوریا، عێراق و ئەفغانستان هەڵهاتبوون، بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی تورکیاوە خۆیان گەیاندە ئەو وڵاتە.
لەو کاتەوە ژمارەی هاتنی کۆچبەران بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبۆتەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی یۆنان دەڵێن لەم دواییانەدا هەوڵی هاتنە ناوەوەی کۆچبەران لە ڕێگەی دوورگەکانی ئەو وڵاتە و سنوری وشکانی لەگەڵ تورکیادا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.