Accessibility links

حەماس پاشگەزدەبێتەوە لە سەپاندنی کۆتوبەندەکان لەسەر ڕووماڵکردنی ڕووداوەکانی غەزە لەلایەن میدیا جیهانییەکانەوە


گروپێک کە نوێنەرایەتی میدیای بیانی لە ئیسرائیل و فەلەستین دەکات، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند؛ دەسەڵاتدارانی حەماسی چەکداری غەزە، دوای شەڕی ئەم دواییە کۆتوبەندگەلێکی نوێی بەرفراوانیان بۆ ڕۆژنامەنووسان دەرکردووە، بەڵام دواتر هەڵیانوەشاندۆتەوە.

ئەو فەلەستینیانەی کە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی بیانی کاردەکەن، سەرەتای ئەم هەفتەیە لە پەیامەکانی وەزارەتی ناوخۆی سەر بە حەماسەوە بۆ یەکەمجار لە ڕێسا نوێیەکان ئاگادارکراونەتەوە. فەرمانیان پێکراوە کە ڕاپۆرت لەسەر هاوڵاتیانی غەزە نەدەن کە بەهۆی موشەکی هەڵە تەقێنراوی فەلەستینییەکانەوە کوژراون یان بەهۆی هێزە سەربازییەکانی گروپە چەکدارەکانی فەلەستینەوە کوژراون، پێیان وتراوە تاوسەندنی بارگرژییەکانی ئەم دواییانە بخەنە ئەستۆی ئیسرائیل.

کۆمەڵەی چاپەمەنی بیانی کە نوێنەرایەتی میدیای نێودەوڵەتی دەکات، لەنێویاندا ڕۆژنامەی ئەسۆشێتد پرێس، ڕایگەیاندووە، دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی غەزە، ڕێنماییەکان هەڵوەشاوەتەوە.

ئاژانسی فرانس پرێس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە "هەنگاوێکی لەو شێوەیە سنووردارکردنێکی توند و قبوڵنەکراو و ناڕەوایە بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری و هەروەها سەلامەتی هاوکارەکانمان لە غەزە دەخاتە بەردەم مەترسییەوە."

سەلامە مەعروف بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەت لە غەزە، پێچەوانەبوونەوەی ئەم بابەتەی پشتڕاست کردەوە و گوتیشی "هیچ كۆت و بەندێك لە ئارادا نییە". "بەخێرهاتنی سەرجەم ڕۆژنامەنووس و میدیا بیانییەکان دەکەین بۆ ناو غەزە و داوایان لێ دەکەین بێنە ئێرە."

ئەو یاسا و ڕێسایانە زۆر زیاتر لە سنووردارکردنەکانی ئێستای حەماسی تێپەڕاندبوو. ئەوان بە ئامانجی سەپاندنی هەژموونی گێڕانەوەی گروپی چەکداری ئیسلامی بەسەر ڕوماڵی میدیاکانی ململانێکاندا ئەو هەنگاوەیان نا بە هەڕەشەکردنی ناڕاستەوخۆ لە پەیامنێران و وەرگێڕە فەلەستینیەکان کە لە ژێر دەسەڵاتی حوکمڕانی سەختی ئەواندا دەژین.

تەنانەت ئەگەر بە فەرمی یاساکان بکشێنەوە، حەماس هێشتا ئاماژە دەدات بە چاوەڕوانییەکانی خۆی کە دەتوانێت کاریگەریەکی مەترسیداری لەسەر ڕووماڵکردنی ڕەخنەگرانە هەبێت.

لە ململانێی درێژخایەنی ئیسرائیل و فەلەستین دا هەردوولا هەوڵیانداوە گێڕانەوەی ڕووداوەکان وەک خۆیان دەیگێڕنەوە بسەپێنن و ڕووماڵی نەرێنی سنووردار بکەن. ئیسرائیل کە خۆی وەک تاکە دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا نیشان دەدات، سانسۆرێکی سەربازی هەیە کە هەندێک جار فەرمانی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوە دەسەپێنێت. هەروەها دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەستڕاگەیشتن بە میدیاکان بۆ چالاکییە سەربازییەکان و بەرنامەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە سنووردار دەکەن.

XS
SM
MD
LG