Accessibility links

ڕووسیا مانگی دەستکردی ئێران لە خولگەی بۆشایی ئاسمان جێگیردەکات


ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ڕووسیا مانگە دەستکردەکەی ئێرانی لە باشووری کازاخستانەوە ڕەوانەی خولگەی زەوی کرد، ئەمەش تەنیا سێ هەفتە دوای ئەوە دێت کە ڤلادیمیر پوتن چاوی بە سەرۆکی ئێران و ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی کەوت و بەڵێنیان دا کە پێکەوە کار لە دژی ڕۆژئاوا بکەن.

ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ڕووسیا ڕایگەیاندووە؛ مانگی دەستکردی خەیام کە بەناوی (عومەر خەیام)ی شاعیر و فەیلەسوفی ئێرانی سەدەی یازدەهەمەوە ناونراوە، لە ڕێگەی موشەکێکی سۆیوزی ڕووسیەوە لە گەردوونی بایکۆنور لە کازاخستان ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کراوە و بە سەرکەوتوویی چووەتە ناو خولگەکەوە.

ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئێران، یەکەمین داتای تێلەمەتریی کە لە مانگی دەستکردەوە نێردراوە پێگەیشتووە.

تاران ئەو بانگەشانەی ڕەتكردەوە كە ئەگەری ئەوە هەیە مۆسكۆ بۆ بەرزكردنەوەی توانا هەواڵگرییەكانی لە ئۆكرانیا بەكاربهێنرێت و ڕایگەیاندووە، ئێران "لە ڕۆژی یەكەمەوە" كۆنتڕۆڵ و ئۆپەراسیۆنی تەواوی بەسەریدا دەبێت.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە بەرپرسانی ئەمەریکا نیگەرانن لە هاوکارییە بۆشایی ئاسمانە تازەپێگەیشتووەکانی نێوان ڕووسیا و ئێران، ترسیان لەوە هەیە کە مانگە دەستکردەکە نەک تەنها یارمەتی ڕووسیا بدات لە ئۆکرانیا بەڵکو "توانای بێ وێنە" بۆ ئێران دابین بکات بۆ چاودێریکردنی ئامانجە سەربازییە ئەگەرییەکان لە ئیسرائیل و ناوچەی ناوەڕاستی بەرفراوان و خۆرهەڵات.

ئێران دەڵێت ئەم مانگە دەستکردە بۆ توێژینەوەی زانستی دروستکراوە لەوانە تیشکدانەوە و چاودێریکردنی ژینگە بۆ مەبەستی کشتوکاڵی.

رووسیا لە 24ی مانگی دووەوە هەوڵی قووڵترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا داوە، کە لەو کاتەدا کرملین فەرمانی بە دەیان هەزار سەربازی کرد هێرشی داگیرکاری بۆ سەر ئۆکرانیا ئەنجام بدەن، ئەمەش وایکرد ئەەمریکا و هاوپەیمانەکانی توندترین سزا لە مێژووی ئەم دواییەدا بسەپێنن بەسەر ڕووسیادا.

لە مانگی 7 دا پوتن لە یەکەم گەشتی نێودەوڵەتیدا بۆ دەرەوەی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو لە دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی سەربازی ڕووسیا لە ئۆکرانیا سەردانی ئێرانی کرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG