Accessibility links

ئەنتۆنی بلینکن چین تۆمەتبار دەکات بە پچڕاندنی نابەرپرسیارانەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا


ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە وڵاتی چینی بە "هەنگاوی نابەرپرسیارانە" تۆمەتبار کرد بەهۆی وەستاندنی کەناڵە سەرەکییەکانی پەیوەندی لەگەڵ واشنتن دا و گوتیشی کردەوەکانی لە تایوان نیشاندەری هەنگاونانێکی بەراییە بەرەو بەکارهێنانی هێز لە بری چارەسەرکردنی ئاشتیانە.

بەرپرسانی دوورگەکە دەڵێن ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە فڕۆکە و کەشتییە جەنگییەکانی چین ڕۆژی شەممە مەشقیان کردووە بۆ هێرشکردنە سەر تایوان، ئەمەش بەشێکە لە گرتنەبەری هەنگاوەکانی بەیژینگ دوای سەردانێکی نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بۆ تایوان.

بلینکن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە مەنێلا ڕایگەیاند تۆڵەسەندنەوەی چین لە ڕاگرتنی پرۆسەی دوولایەنە لە هەشت بوارە سەرەکییەکەدا لەوانە بەرگری، ماددە هۆشبەرەکان، تاوانی نێودەوڵەتی و گۆڕانی کەشوهەوا، هەنگاوگەلێک بوون کە سزای جیهان دەدەن نەک تەنها ئەمەریکا.

گوتیشی "ئەوانە چەندین کەناڵی سەربازی لەخۆدەگرن، کە بۆ دوورکەوتنەوە لە هەڵە تێگەیشتن و دوورکەوتنەوە لە قەیران زۆر گرنگن".

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی "هەڵپەساردنی هاوکارییەکانی کەشوهەوا سزای ئەمەریکا نادات، بەڵکو سزای جیهان دەدات، بە تایبەتی وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان. نابێت هاوکارییەکان بە بارمتە بگرین لەسەر ئەو بابەتانەی کە جێگەی نیگەرانی جیهانین بەهۆی جیاوازییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەکەمانەوە."

بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بوارێکی سەرەکی هاوکاری نێوان هەردوو زلهێزەکەیە و دوو گەورەترین دەرهێنەری دەردانی گازی زیانبەخشن.

بلینکن ئاماژەی بەوەشکرد؛ ئەمەریکا نیگەرانی هاوپەیمانەکانی دەبیستێت سەبارەت بەو کارە مەترسیدار و ناسەقامگیرانەی چین کە لە دەوروبەری تایوان دەیکات و بانگەشەی بۆ دەکات، بەڵام واشنتۆن لە مامەڵەکردنی لەگەڵ دۆخەکەدا بە جێگیری دەمێنێتەوە.

هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە کۆبوونەوەیەکی ناوچەییدا لە کەمبۆدیا بە وەزیری دەرەوەی چینی ڕاگەیاندووە کە ئەمەریکا بڕیاریداوە کەناڵەکانی پەیوەندیکردن بەردەوام بێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەژمارکردنی هەڵە بکات، وەک چۆن وڵاتانی جیهان چاوەڕێی ئەوە دەکەن.

گوتیشی "بۆیە با ڕوون بێتەوە، ئەمەریکا باوەڕی بەوە نییە بارگرژی و تاوسەندنی بارودۆخەکە لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندی تایوان، ناوچەکە، یان ئاسایشی نیشتیمانی خۆماندا بێت".

دەشڵێت "ئێمە کەناڵەکانی پەیوەندیکردنمان لەگەڵ چین بە کراوەیی دەهێڵینەوە، بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە تاوسەندنی بارگرژییەکان بەهۆی هەڵە لێکتێگەیشتن یان هەڵە پەیوەندیکردن. "

ئاماژەی بەوەشکردووە "دەتوانین بڵێین پاراستنی گفتوگۆ گرنگترە کاتێک لە قۆناغێکی تاوسەندنی بارگرژییەکانداین، ئێمە هەوڵدەدەین ئەو گرژییانە کەم بکەینەوە. پێمانوایە لەم دۆخەدا گفتوگۆ بابەتێکی زۆر گرنگ دەبێت."

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG