Accessibility links

چین گفتووگۆکانی لە ڕووی سەربازی و گۆڕانی کەشوهەواوە لەگەڵ ئەمەریکا ڕادەگرێت


چین ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا لە ژمارەیەک بواردا ڕادەگرێت، لەنێویاندا لە نێوان فەرماندە سەربازییەکانی لە گۆڕەپانەکەدا و سەبارەت بە دانوستانەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا، ئەمەش بەهۆی سەردانەکەی نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تایوان زیاتر پەرەی سەندووە.

وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاندووە؛ کە هەروەها هاوکارییەکانی لەگەڵ واشنتۆن ڕادەگرێت لە بارەی ڕێگریکردن لە تاوانی سنووربەزاندن و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە، کە بوارێکە لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا کە بەرپرسانی ئەمەریکا دەرفەتی هاوکاری تێدا دەبینن.

چین بە تووڕەییەوە دوای ئەوەی لە ماوەی 25 ساڵدا یەکێک لە بەرپرسە هەرە باڵاکانی ئەمەریکا سەردانی ئەو دوورگەیەی کرد کە ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەرە و بەیژینگ بە سەروەری خاکی خۆی دەزانێت، ڕۆژی پێنجشەممە دەستی بە مەشقی سەربازی کرد لە دەریا و ئاسمانی دەوروبەری تایوان. مەشقەکان بە چەکی ڕاستەقینە بوون کە گەورەترین مەشقی سەربازی چینە لە گەرووی تایوان دا ئەنجامدرا بێت، بڕیارە تا ڕۆژی یەکشەممە ئەو مانۆرە سەربازییە بەردەوام بێت.

وەزارەتی بەرگری تایوان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە فڕۆکەکانی بانگ کردووە بۆ ئەوەی فڕۆکە چینییەکان ئاگادار بکەنەوە کە بە وتەی خۆیان چوونەتە ناوچەی بەرگری ئاسمانی دوورگەکەوە، کە هەندێکیان هێڵی ناوەڕاستی گەرووی تایوانیان بەزاندووە، کە ناوچەیەکی دابڕاوی نافەرمیە هەردوو لا لەیەکتر جیا دەکاتەوە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بە گشتی 68 فڕۆکەی سەربازی چین و 13 کەشتی هێزی دەریایی لەو گەروویەدا ئەرکیان ئەنجامداوە.

فەرماندەی گۆڕەپانی سەربازی رۆژهەڵاتی چین لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، ڕۆژی هەینی سوپای وڵاتەكەی مەشقی ئاسمانی و دەریایی بۆ باكور و باشووری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی تایوان ئەنجامداوە "بۆ تاقیكردنەوەی توانای شەڕی هاوبەشی سەربازەكان."

ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی واشنتۆن چەندین جار بۆ بەیژینگ ڕوونی کردووەتەوە کە بە دوای قەیراندا ناگەڕێت لەسەر سەردانەکەی پێلۆسی بۆ تایوان کە ڕۆژی چوارشەممە لە میانی گەشتێکیدا بۆ ئاسیا ئەو گەشتەی کردبوو.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی کۆڕبەندی ناوچەیی ئاسیا لە کەمبۆدیا ڕایگەیاند "هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەم وەڵامە سەربازییە توندئاژۆیە و ناپێویست و پەرەسەندووە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستا کردەوە مەترسیدارەکانیان بردۆتە ئاستێکی نوێوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG