Accessibility links

پاکستان: ژەنەڕاڵێکی لەشکری و چەند ئەفسەرێکی پلە باڵا بەهۆی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا


پاکستان ڕایگەیاند ڕۆژی سێشەممە تیمەکانی فریاگوزاری پارچە تێکشکاوەکانی کۆپتەرێکی سەربازییان دۆزیوەتەوە کە بەهۆی خراپی کەشوهەواوە لە پارێزگای بەلوچستانی باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە کە دووچاری لافاو بۆتەوە کەوتۆتە خوارەوە و هەر شەش ئەفسەرە باڵاکەی ناو کۆپتەرەکە گیانیان لەدەستداوە.

لە بەیاننامەیەکی سەربازیدا هاتووە، لیوا سەرفراز عەلی، ژەنەڕاڵی هەرێمەکە و جەنەڕاڵ و عەمیدێک لەنێو کوژراوەکاندا بوون.

بەرپرسان دەڵێن عەلی و تیمەکەی سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری لافاویان کردووە لە قەزای لاسبێلا کە نزیکەی 500 کیلۆمەتر لە باشووری پایتەختی پارێزگاکەوە دوورە، کاتێک درەنگانێکی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە هێلیکۆپتەرەکەیان پەیوەندی لەگەڵ کۆنترۆڵی هاتوچۆی ئاسمانیدا پچڕاوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە "بەپێی پشکنینە سەرەتاییەکان، ڕووداوەکە بەهۆی خراپی کەشوهەوا ڕوویداوە." بەڵێندراوە کە دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە زانیاری زیاتر بڵاوبکرێتەوە.

بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتی نیشتمانی بەڕێوەبردنی کارەساتی پاکستان (NDMA)، چەند هەفتەیەک لە بارانبارینی وەرزی بە شێوەیەکی نائاسایی و دروستبوونی لافاو تیکڕا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان کەس و هەزاران ماڵ لە سەرانسەری بەلوچستاندا وێران کردووە.

ئەو وێرانکارییە وایکردووە سوپا و هێزی دەریایی پاکستان کارمەند و بودجەیەکی دارایی تەرخان بکەن بۆ هاوکاریکردن لە هەڵمەتەکانی فریاگوزاری مەدەنی لە پارێزگاکە و گواستنەوەی هەزاران کەس کە گیریانخواردبوو، گەیاندنی خۆراک و کەلوپەلی پێویست بۆ خێزانە زیانلێکەوتووەکان.

دەسەڵاتداران ڕایانگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان لە سەرانسەری وڵات بەهۆی ڕووداوەکانی پەیوەست بە باران بارین و لافاوەوە لە مانگی 6وە بۆ نزیکەی 500 کەس بەرزبووەتەوە. بارانبارینی وەرزی لە پاکستان بە زۆری لە مانگی 7 وە تا مانگی 9 بەردەام دەبێت.


XS
SM
MD
LG