Accessibility links

نزیکەی 700 کۆچبەر لە یەک ڕۆژدا سنوری کەناڵە ئاوییەکەی بەڕیتانیا دەبەزێنن


حکومەتی بەریتانیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند؛ لەم هەفتەیەدا نزیکەی 700 کۆچبەر لە یەک ڕۆژدا سنوری کەناڵەکەیان بەزاندووە و خۆیان گەیاندۆتە بەریتانیا، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی نوێیە بۆ ساڵەکە.

دوایین ژمارەی گەیشتنی کۆچبەران ئاماژە بەوە دەکات کە سیاسەتی مشتومڕاوی حکومەت بۆ دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی هەوڵی پەڕینەوە مەترسیدارەکە دەدەن بۆ ڕواندا تا ئێستا نەیتوانیووە ڕێگرییان لێبکات.

وه‌زاره‌تی به‌رگری ڕایگه‌یاند "ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 696 كۆچبه‌ر به‌ 14 به‌له‌می بچووك گه‌یشتوونەتە کەناراوەکانی بەریتانیا، ئه‌مه‌ش زۆرترین ژمارەی كۆچبه‌رە کە لە یەک ڕۆژدا گەیشتبن‌ له‌ ساڵی 2022 دا، لە کاتێکدا له‌ سه‌ره‌تادا تەنها 600 كۆچبه‌ر بووە‌.

بەپێی زانیارییەکان، گروپێکی گەورە لە خەڵک، لەنێویاندا منداڵانی بچووک، لە رامسگەیت، لە کەنارەکانی کێنت لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا هێنراونەتە کەنار، پێش ئەوەی بە پاس ببرێنە ناوەندەکانی بەڕێکردنی کارەکانیان.

بەپێی ئامارەکانی حکومەت زیاتر لە 17 هەزار کەس گەیشتوونەتە بەریتانیا لە سەرەتای ساڵی 2022 تا ئێستا بە بەلەمی بچووک کەناڵەکەیان تێپەڕاندووە کە یەکێکە لە قەرەباڵغترین هێڵەکانی کەشتیوانی جیهان.

زیاتر لە 28 هەزار و 500 کەس کە زۆربەیان گەنج بوون ساڵی ڕابردوو گەیشتنە کەناراوەکانی بەریتانیا. ژمارەی پێوانەیی ڕۆژانە بە تێکڕای 853 کەس بووە کە لە مانگی 11 ی ساڵی 2021 دا تۆمارکراوە.

ژمارەی پەڕینەوەی کۆچبەران بە درێژایی ساڵ دەگۆڕێت، بەپێی بارودۆخی کەشوهەوا و ڕێوشوێنی جێبەجێکردن بە درێژایی کەناراوەکانی باکووری فەرەنسا.

لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە هاتنی ئەو کەسانە، بەریتانیا سەرەتای ئەمساڵ پەردەی لەسەر سیاسەتێکی نوێی لادا بۆ ناردنی ئەو کەسانەی کە دەپەڕنەوە بۆ بەڕیتانیا ئامادە بکرێن و لە وڵاتی ڕواندا بۆ هەمیشەیی نیشتەجێبکرێن.

بەڵام یەکەم گەشت کە بڕیار بوو لە ناوەڕاستی مانگی 6 دا بکەوێتە ڕێ؛ بەهۆی ئاڵنگاری یاساییەوە شکستی هێنا و سیاسەتەکەش هێشتا ڕاگیراوە.

بەریتانیا ساڵانە دەیان ملیۆن یۆرۆ بۆ فەرەنسا دەنێرێت بۆ یارمەتیدانی وەستاندنی پەڕینەوەی بەلەمەکان، لەنێویاندا بۆ دەوریەی زیادەی کەناراوەکان و ئامێری وەک دووربینی ڕوانگەی شەوبینی.

ڕۆژنامەی تایمز لەم هەفتەیەدا بڵاویكردەوە كە بڕیارە پریتی پاتێل وەزیری ناوخۆ دوایین ڕێككەوتنی دارایی لەگەڵ پاریس ڕابگەیەنێت، سەرەڕای ئەوەی پرسیار لەسەر بەهای دارایی ئەو ڕێككەوتنە لە ئارادایە.

پاتێل بەردەوام ڕووبەڕووی ڕەخنەی هەندێک لە پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار بۆتەوە، یەکێک لە پەرلەمانتارە باڵاکان بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە کە پاتێل "پارەیەکی باشی زیاتر تەرخان دوای خراپبوونی دۆخەکە".

ڕیشی سوناک و لیز تروس، ئەو دوو ڕکابەرەی پارتی پارێزگاران کە داوای سیاسەتی ڕەوانەکردنی پەنابەران دەکەن بۆ ڕواندا وەک بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی پێشوو، هەردووکیان سوێندیان خواردووە کە سیاسەتی ڕواندا بپارێزن.

XS
SM
MD
LG