Accessibility links

تورکیا دەڵێت پێشبینی دەکات ڕۆژانە لە ئۆکرانیاوە یەک کەشتی دانەوێڵە بەڕێبکەوێت


بەرپرسێکی باڵای تورکیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند تورکیا پێشبینی دەکات ڕۆژانە نزیکەی یەک کەشتی دانەوێڵە بەندەرەکانی ئۆکرانیا بەجێبهێڵێت تا ئەو کاتەی ئەو ڕێکەوتنە بەردەوام دەبێت بۆ مسۆگەرکردنی تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان، دوای ئەوەی یەکەم کەشتی لە کاتی جەنگەکەدا ڕۆژی دووشەممە بە سەلامەتی لە ئۆدێساوە بەڕێکەوت.

بەپێی داتاکانیRefinitiv Eikon ، یەکەم کەشتی بە ناوی ڕازۆنی، کە 26 هەزار و 579 تۆن گەنمەشامی هەڵدەگرتبوو بەرەو لوبنان بەڕێکەوت، کاتژمێر 07:14 بە کاتی ناوەندی ئەمەریکا لە ڕۆژئاوای دەریای ڕەشەوە سنورە دەریاییەکانی ڕۆمانیا دەبڕێت، کە نزیکە لە نیوەی ڕێگا دەریاییەکانی تورکیا و ڕۆژی چوارشەممە لەوێ پشکنینی بۆ دەکرێت.

گەشتی ئەم کەشتییە بارهەڵگرە دوای ئەوە هات کە تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان مانگی ڕابردوو نێوەندگیرییەکان سازکرد لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا بۆ ڕێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە و پەینی سروشتی و کیمیایی، کە بەرەوپێشچونێکی ناوازەی دیپلۆماسی بوو لە ململانێیەکدا کە بووەتە شەڕێکی درێژخایەن.

هەناردەکردنی دانەوێڵە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئۆکرانیا کە یەکێک لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی جیهان بە مەبەستی یارمەتیدانی کەمکردنەوەی قەیرانی خۆراکی جیهانییە.

ئەو بەرپرسە باڵایەی تورکیا بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە "پلانەکە ئەوەیە هەموو ڕؤژێک کەشتییەک بەڕێبکەوێت، ئەگەر هیچ شتێک خراپ ڕوونەدات، هەناردەکردن لە ڕێگەی یەک کەشتییەوە لە ڕۆژێکدا بۆ ماوەیەک ئەنجام دەدرێت".

ئەو بەرپرسە کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆیشتنی ڕازۆنی بۆ یەک دوو ڕۆژ دواکەوت بەهۆی "کێشەی تەکنیکی"وە کە ئێستا چارەسەرکراون، تورکیای ئەندامی ناتۆش پێشبینی دەکات ڕێڕەوی سەلامەتی تێپەڕین بە باشی کاربکات.

وه‌زاره‌تی به‌رگری تورکیا ڕایگه‌یاند که‌ ڕازۆنی پێویسته‌ له‌ کاتژمێره‌کانی سه‌ره‌تایی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌دا بگاته‌ کەناراوه‌کانی تورکیا و دواتر سەر لە به‌یانی ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی ڕووسیا، تورکیا، ئۆکرانیا و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان پشکنینیان بۆ بکرێت.

چوار لایەنەکە چاودێری بارەکان دەکەن و پشکنینەکان لە ناوەندێکی هاوبەشی هەماهەنگی (JCC) لە ئەستەنبوڵ ئەنجام دەدەن، بە گەرووی بۆسفۆردا دەڕوات کە دەریای ڕەش بە بازاڕەکانی جیهانەوە دەبەستێتەوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG