Accessibility links

یەکەمین کەشتی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە ئۆدیساوە بە ڕێکەوت


وەزیرێکی ئۆکرانیا دەڵێت یەکەم کەشتی بە گەنمی ئۆکرانیاوە بەندەری ئۆدێسای بەرەو بازاڕەکانی جیهان جێهێشت، ئەمەش لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا و گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئەو وڵاتە لە دەریای ڕەش یەکەمین جارە ئەو گەنمە هەناردەی دەرەوە بکرێت.

مانگی ڕابردوو بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا ئۆکرانیا و ڕووسیا ڕێکەوتنێکیان واژۆ کرد کە تیایدا ڕووسیا ڕێگە دەدات بە دووبارە کردنەوەی چەند بەندەرێکی ئۆکرانیا و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا بۆ بازاڕەکانی جیهان.

وەزیری ژێرخانی ئۆکرانیا ئۆلیکساندەر کوبراکۆڤ گوتی " یەکەم بارە گەنمی ئۆکرانیا لە سەرەتای دەستپێکردنی دوژمنکارییەکەی ڕووسیاوە بەندەرەکەی جێهێشت. بەهۆی پشتیوانییەکانی وڵاتانی هاوبەش و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە توانیمان ڕێکەوتنەکەی ئیستەنبوڵ بە تەواوەتی جێبەجێ بکەین."

هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بووە هۆی کەوتنەوەی قەیرانی خۆراک و وزە لە جیهاندا و نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداریداوە لەسەر سەرهەڵدانی برسێتی لە هەندێک وڵاتی جیهاندا لەم ساڵدا.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ئەو ڕۆژەی به "ڕۆژێکی ئاسوودەیی بۆ جیهان" ناوبرد، به تایبەتی بۆ ئەو وڵاتانەی که له ژێر هەڕەشەی کەمی خۆراک و برسێتیدان بە هۆی ڕاگرتنی بارەکانی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیاوە.

بەرپرسانی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا گوتیان 17 کەشتی لە بەندەرەکانی دەریای ڕەش لەنگەرییان گرتووە و نزیکەی 600,000 تەن گەنمیان پێیە، 16 کەشتییان گەنمی ئۆکرانیایان پێیە و 580,000 تەن گەنمیان هەڵگرتووە.

وەزیری بەرگری تورکیاش پێشتر ڕایگەیاندبوو کە کەشتی ڕازۆنی کە ئاڵای سیرالیۆنی لەسەرە بەرەو لوبنان دەڕوات.


سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG