Accessibility links

ئەمەریکا و ژاپۆن وەک وەڵامێک لە دژی چین و ڕووسیا گفتوگۆی ئابووریان دەستپێکرد


ئه‌مەریکا و ژاپۆن که‌ هاوپه‌یمانی دێرینی یەکترین ڕۆژی هه‌ینی دیالۆگێکی نوێی ئابورییان لە ئاستێکی باڵادا ده‌ستپێکرد که‌ ئامانج لێی فشار دروستکردنە بۆ پاشه‌کشێی‌ چین و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و تەنگەژەیەی که بەهۆی‌ له‌شکرکێشی ڕووسیا بۆ سه‌ر ئۆکرانیا دروست بووه‌.

میدیاکانی ژاپۆن رایانگەیاند؛ کۆبوونەوەی وەزاری ئابووری کە بە"دوو + دوو" ناسراوە لە واشنتۆن چاوەڕوان دەکرێت لەسەر توێژینەوەی هاوبەش بۆ چیپە ئەلکرۆنییەکانی داهاتوو ڕێکبکەون بۆ دامەزراندنی سەرچاوەیەکی پارێزراو لە پێکهاتە گرنگەکان.

کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و جینا ڕایمۆندۆ وەزیری بازرگانی و یۆشیماسا هایاشی وەزیری دەرەوەی ژاپۆن و کۆیچی هاگیودا وەزیری بازرگانی ژاپۆن بەڕێوەچوو.

بلینکن لە کردنەوەی کۆبوونەوەکەدا گوتی "وەک یەکەم و سێیەم گەورەترین ئابووری جیهان، زۆر گرنگە پێکەوە کار بکەین بۆ بەرگریکردن لە نەزمی ئابووری لەسەر بنەمای یاساکان، کە هەموو وڵاتان بتوانن بەشداری تێدا بکەن و کێبڕکێ بکەن و سەرکەوتووبن."

بلینکن گوتیشی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی جیهان، لەوانەش کۆڤید-19 و شەڕی ئۆکرانیا، لاوازی زنجیرە گرنگەکانی دابینکردنیان نیشانداوە، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان بەهۆی پراکتیزەکردنی قەرزەکانەوە و ناشەفافیەت لەگەڵ بارگرانی قەرزەکاندا دەجەنگن.

گوتیشی "پراكتیزە ئابوورییە زۆرەملێ و تۆڵەسەندنەوەكانی كۆماری گەلی چین، وڵاتان ناچار دەكەن بۆ هەڵبژاردنێك كە سازش لەسەر ئاسایشی ئەوان، خاوەندارێتی هزری، سەربەخۆیی ئابوورییان بكات".

هەیاشی ژاپۆن لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بە ئاڵنگارییەکی ڕژد بۆ سیستمی نێودەوڵەتی ناوبرد و لە ئاماژەیەکی ڕواڵەتیدا بۆ چین، هەرچەندە ڕاستەوخۆ ناوی نەهێناوە ئاماژەی بە هەوڵەکانی "بەکارهێنانی کاریگەری ئابووری بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە و ناڕوون بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان و بۆ دەستکاریکردنی نەزمی نێودەوڵەتی کە ئێستا لە ئارادیە".

هەیاشی گوتیشی "بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکرێت، زۆر گرنگە وەک یەکەیەک تاوتوێی سیاسەتی دەرەوە و سیاسەتی ئابووری بکرێت نەک بە جیا تاوتوێی سیاسەتی دەرەوە و سیاسەتی ئابووری بکرێت."

ڕۆژنامەی "نیکی شیمبون"ی ژاپۆن ڕایگەیاندووە؛ تا کۆتایی ئەمساڵ سەنتەری گەشەپێدانی چیپی ئەلکترۆنی لە ژاپۆن دادەمەزرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە چیپە ئەلکترۆنییە پەیوەندئامێزەکان کە قەبارەکەی 2 نانۆمەترە.

ئاماژەی بەوەشکردووە؛ هێڵێکی بەرهەمهێنانی نموونەیی لەخۆدەگرێت و پێویستە تا ساڵی 2025 دەست بە بەرهەمهێنانی چیپە ئەلکترۆنییەکان بکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد ڕێککەوتنی دامەزراندنی سەنتەرەکە لە بەیاننامەیەکدا دەخرێتەڕوو کە دوای کۆبوونەوەکە بڵاودەکرێتەوە.

ئێستا تایوان زۆرینەیەکی زۆری چیپە ئەلکترۆنییەکان لە کەمتر لە قەبارەی 10 نانۆمەتردا دروست دەکات، کە لە بەرهەمەکانی وەک مۆبایلە زیرەکەکاندا بەکاردەهێنرێن، نیگەرانی هەیە سەبارەت بە سەقامگیری دابینکردن ئەگەر کێشەیەک دروست بێت لە نێوان تایوان و چین دا، کە دوورگەکەی وەک پارێزگایەکی جیابۆوە لە وڵاتەکەی حسابی بۆ دەکات.

کۆبوونەوەکەی ڕۆژی هەینی لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لەسەر تایوان زیاتر بووە.

XS
SM
MD
LG