Accessibility links

بەڕێوەبەرایەتی بایدن دەستەواژەی خاوبوونەوەی ئابوری ڕەتدەکاتەوە


سەرۆکی ئەمەریکا و ئەندامانی بەڕێوبەرایەتیەکەی، خۆیان لە وشەی پاشەکشێ یان خاوبوونەوەی ئابوری بە دوور دەگرن؛ سەرەڕای ئەوەی سیاسەتمەدارانی پارتی ڕکابەر و هەندێک لە ئابوریناسان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئابوری وڵاتەکە ئێستا لەگەڵ ئەو پێناسەیەدا یەکدەگرێتەوە.

بایدن دوای ماوەیەکی کەم لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە "هەر لە گەشە ئابوورییە مێژووییەکەی ساڵی ڕابردووەوە و وەدەستهێنانەوەی هەموو ئەو دەرفەتی کارانەی کەرتی تایبەت کە لە کاتی قەیرانی پەتاکەدا لە دەستیان دابوو، سەیر نییە کە ئابوری خاو دەبێتەوە لە کاتێکدا بانکی فیدراڵی کاردەکات بۆ دابەزاندنی ڕێژەی هەڵاوسان." وەزارەتی بازرگانی سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە داتایەکی بڵاوکردەوە کە دەریدەخات ئابوری ئەمەریکا بۆ چارەکی دووەم بەردەوام لەسەریەک دابەزیوە، کە پێوەرێکی نەریتییە بۆ خاوبوونەوەی ئابوری.

بایدن دەشڵێت "بەڵام تەنانەت لە کاتێکدا ڕووبەڕووی ئاڵنگارییە جیهانییە مێژووییەکان دەبینەوە، ئێمە لەسەر ڕێگای ڕاستداین و بەهێزتر و ئاسایشتر بەم گواستنەوەیەدا تێدەپەڕین."

سەرۆک و بەرپرسی دارایی ئیدارەکەی جانێت یێڵن، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، بڕیارە دواتر لێدوانێک سەبارەت بە ئابوری وڵاتەکە بدەن.

بەپێی نووسینگەی شیکاری ئابوری وەزارەتی بازرگانی؛ کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەمەریکا کە پێوەرێکی فراوانی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی بەرهەمەکانن لە وڵاتەکەدا، بە ڕێژەیەکی ساڵانە و بەپێی وەرزەکان بە ڕێژەی 0.9% لە ماوەی مانگی 4 تا مانگی 6 دابەزیووە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە ڕێژەی 1.6% دابەزی بوو.

دێسمۆند لاکمن؛ ئابووریناس لە پەیمانگای کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە "بە شێوەیەکی گشتی ئێمە لە پاشەکشەداین، چونکە زۆربەی خەڵک پێیانوایە پاشەکشێی ئابوری لە دوو چارەکی یەک لەسەریەکدا واتە گەشەی ئابوری نەرێنی لەخۆدەگرێت، ئێمەش ئەوەمان دەستکەوتووە."

لاکمن دەشڵێت "ورەی بەکاربەران لە ئێستادا نزیکە لە ئاستێکی نزمی پێوانەیی، ئەوان لەگەڵ هەڵاوسانی بەرزدا دەجەنگن، هەر وا دێت کرێ و تێچوون لە بەرزبونەوەدایە، پارەیەکی زۆریان لە بۆرسەدا لەدەستداوە. بۆیە، بەکارهێنەران هەست بە ڕەزامەندی ناکەن سەبارەت بە بارودۆخی ئابووری."

پاشەکشێی ئابوری لە ئەمەریکا بە فەرمی لەلایەن نووسینگەی نیشتمانی توێژینەوەی ئابوورییەوە ڕادەگەیەنرێت، بەڵام ئەم جۆرە بڕیارانە لە پاشگەزبوونەوەدا دەدرێن. پێناسەی ئەو بۆ پاشەکشێیە لەسەر بنەمای دابەزینی بەرچاو لە چالاکییە ئابورییەکان لە ماوەی چەندین مانگدا دامەزراوە، بە لەبەرچاوگرتنی هۆکارەکانی وەک دامەزراندن، بەرهەمهێنان، فرۆش و داهاتی خێزانەکان.

لاکمن گوتیشی "ئەوان واتە نووسینگەی شیکاری ئابووری [BEA] تەنها ئەو بڕیارە دەدەن، شتێک وەک شەش مانگ یان ساڵێک دوای دەرکەوتنی ژمارەکان وا دەردەکەوێت کە ئاماژە بە پاشەکشێی ئابوری دەکەن. کەواتە بە کورتی هێشتا زووە بڵێین ئێمە بە فەرمی لە پاشەکشێی ئابووری داین."

لەم نێوەندەدا ئابووریناسانی دەرەوەی حکومەت و بەرپرسە هەڵبژێردراوەکان ئازادن ژمارەکان هەڵسوڕێنن بۆ ئەوەی ڕاگەیەندراوی خۆیان لەو بارەەیەوە بڵاوبکەنەوە.

ستیڤ مۆر؛ ئابووریناس لە FreedomWorks کە گروپێکی داکۆکیکاری کۆنەپارێزە دەڵێت "کۆشکی سپی لەڕێی بایدنەوە دەتوانێت یاری بە وشە بکات، هەوڵبدات و زمانی ئینگلیزی بەو شێوەیەی کە بە گونجاوی دەزانێت کارنامەی ڕادیکاڵ و زیانبەخشی خۆی بەرەوپێش ببات. ئەوەی ئەم ئیدارەیە ناتوانێت بیگۆڕێت ئەوەیە کە متمانەی بەکاربەری ئەمەریکی بەردەوامە لە کەوتنە ژێر سەرپەرشتی بایدن." و "ئەمریکییەکان بە شێوەیەک زۆر ڕەشبینن سەبارەت بە دۆخی ئابووری لە ژێر سایەی حوکمڕانی بایدندا و هیچ یاریکردنێک بە وشەکان لەسەر پێناسەی 'خاوبوونەوەی ئابوری' ناتوانێت ئەوە بگۆڕێت."

ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی کۆمارییەکانی کۆنگرێس بە خێرایی چوونە سەر تویتەر دوای ئەوەی داتاکان بڵاوکرانەوە و ڕایانگەیاند کە ئێستا وڵاتەکە لە پاشەکشێ یان خاوبوونەوەی ئابوریدایە .

سیناتۆر تێد کروز؛ ئەندامی لیژنەی ئابووری هاوبەشی ئەنجومەنی سینات دەڵێت "دیموکراتەکان ئێمەیان فڕێدایە ناو پاشەکشێی ئابورییەوە."

کارلۆس هیمینێز، ئەندامی کۆنگرێس لە فلۆریدا و ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و ژێرخانی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند "بایدن و سوپا ڕۆژنامەنووسە بە ئاگابووەکانی دەتوانن ئەم هەموو شتە تەمومژاوی بکەن کە دەیانەوێت، بەڵام ناتوانن لەو ڕاستییە ڕزگاریان بێت کە ئەمەریکا لە پاشەکشێی ئابوری دایە." دەشڵێت "خێزانە ماندووەکانی ئەمەریکا شایەنی زۆر باشترن لەوەی کە ئەم ئیدارەیە لە ساڵی ڕابردوودا بەسەرماندا هێناوێتی."

جێف دانکن؛ ئەندامی کۆنگرێس بۆ ویلایەتی ساوس کارۆلینا و ئەندامی لیژنەی وزە و بازرگانی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت "ئەمەریکا بە فەرمی لە پاشەکشێی ئابوری دایە، ئەمەش بەهۆی خەرجییە بێباکەکانی دیموکراتەکانەوە. ئەمەریکاییەکان بەهۆی سیاسەتەکانی ئەم دواییانەی جۆو بایدن ئەمەریکییەکان ئازار دەچێژن. "

هەڵاوسانی ئەو وڵاتە لە مانگی ڕابردوودا بەرزترین ئاستی لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا تۆمارکرد و گەیشتە 9.1%. بانکی ناوەندی وڵاتەکە، پاشەکەوتی بانکی فیدراڵی، ڕۆژی چوارشەممە ڕێژەی سوودی بە ڕێژەی سێ لەسەر چوار لەسەدا بەرزکردەوە، ئەمەش دوایین بەرزبوونەوەی لەو جۆرەیە بۆ هەوڵدان بۆ زامکردنی بەرزبوونەوەی نرخەکان، بەڵام هەنگاوێکە هەندێک لە ئابووریناسان هۆشداری دەدەن لەبارەیەوە کە دەتوانێت ببێتە هۆی خاوبونەوەی ئابوری.

بە گوتەی لاکمن "کێشەی بانکی فیدراڵی ئەوەیە کە ئەوان زۆر کەم کار دەکەن، زۆر دڕەنگ پاش لەدەستچوونی شتەکان." "تا ئەو کاتەی کە لە سەرەتای ئەمساڵدا دەستیان کرد بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود، بەڵام کەڵەکەبوونی هەڵاوسان سەریهەڵدا؛ ئێمە بەرزترین ئاستی دەیان ساڵمان لە ڕێژەی هەڵاوساندا هەبووە. ئێستا ئەم جارەیان هەمان شت ڕوودەدات کە بانکی ناوەندی بەردەوامە لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود، هەرچەندە نیشانەی تا ڕادەیەک ڕوون هەیە کە ئابووری خاو دەبێتەوە.."

لاکمن کە بەرپرسێکی پێشووی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیە ئاماژەی بەوەدا کە کارەکانی بانکی فیدراڵی ئابوورییەکی زۆری گەشەسەندووی خستووەتە ژێر فشارەوە، چونکە ئەو سەرمایەی کە لە وڵاتانەوە بە ڕێژەیەکی زۆر گەڕاوەتەوە بۆ ئەمەریکا، دۆلارێکی بەهێزتریش خەریکە دەبێتە ئاستەنگ بۆ ئەو وڵاتانە کە کورتهێنانی هاوسەنگی پارەدانیان مسۆگەر بکەن.

لاکمن پێشبینی کرد کە "کاتێک ئابوری ئەمەریکا خاو دەبێتەوە، ئەوە مانای ئەوەیە کە بازاڕەکانی هەناردەکردن بۆ وڵاتانی بازاڕی تازەپێگەیشتووی جیهان وەک پێشوو بەهێز نین. بۆیە، دەتوانین سەختی بۆ بازاڕی تازەپێگەیشتووە ببینین، بە دڵنیاییەوە خاوبوونەوەی ئەمساڵی بەدوادا دێت، بەڵام ڕەنگە ساڵی داهاتوو ڕزگاری بێت ، کاتێک بانکی ناوەندی ئەم خولە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود ڕادەگرێت و دەست دەکات بە کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود. "

جیرۆم پاوڵ سەرۆکی بانکی فیدراڵی ڕۆژی چوارشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە "ئامانجمان ئەوەیە هەڵاوسان دابەزێنین و ئەوەی پێی دەوترێت دابەزینێکی ئاسایی، کە مەبەستم دابەزینێکە کە پێویستی بە زیادبوونی بەرچاوی بێکاری نییە." “ئێمە تێدەگەین کە ئەوە تەواو سەختە، لە چەند مانگی ڕابردوودا سەختر دەبێت. "


XS
SM
MD
LG