Accessibility links

یەکێتی بەرهەم ساڵحی دەوێت و پارتی ڕەتیدەکاتەوە لەتیف ڕەشیدیش هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە


هێشتا پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕێکنەکەوتوون، پارتی داوای گۆڕینی بەرهەم ساڵح دەکات و یەکێتیش ڕەتیدەکاتەوە، لەتیف ڕەشیدی هاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی سکرتێری کۆچکردووی یەکێتیش، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە تا ببێتە کاندیدی هاوبەشی ئەو دوو حیزبە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.

پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕازی بووە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی بێت بەو مەرجەی بەرهەم ساڵح بگۆڕێت، بەڵام بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی تا ئێستا پێداگرە لەسەر کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح.

لە حاڵەتی ڕێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی دا لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، پارتی پێشنیاری ئەوەی کردووە کاندیدێک لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دیاری بکرێت، بەڵام یەکێتی پۆستەکە بە پشکی خۆی دەزانێت و ڕازی نییە چارەنوسی ئەو پۆستە بخاتە نێو پەرلەمان، کە پارتی تێیدا زۆرینەیە.

شوان محەمەد ڕۆستەم پەرلەمانتاری عێراقی فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"ئێمە وەکو پارتی پێمانباشە لەگەڵ یەکێتی ڕێکبکەوین و یەک کاندیدمان هەبێت، گەر ڕێکنەکەوین، مادام پۆستەکە پشکی کوردە، با ببرێتە پەرلەمانی کوردستان و لەوێ بە دەنگدان کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار دیاری بکرێت."

هەرچەندە تا ئێستا پارتی و یەکێتی ڕێکنەکەوتوون و دەرفەتێکی کەمیشیان لەبەردەمدا ماوە، بەڵام هەوڵەکان چڕکراونەتەوە تا لە دوا ساتەکانیشدا بێت بگەنە ڕێککەوتن.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، لەتیف ڕەشیدی هاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی، هەوڵەکانی بۆ جێگرتنەوەی بەرهەم ساڵەح چڕکردووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش گفتووگۆی لەگەڵ پارتی و هێزە شیعەکاندا کردووە، بەڵام تا ئێستا بافڵ تاڵەبانی ڕازی نەبووە بە گۆڕینی بەرهەم ساڵح.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە لەتیف ڕەشیدەوە کرد، بەڵام گوتی کە دواتر قسە لەسەر مەسەلەکانی پەیوەست بە کاندید بوونی بۆ سەرۆک کۆمار دەکات.

پێداگیری یەکێتی لەسەر کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح پەیوەندی بە جەماوەرەکەیەوە هەیە، دەیەوێت ئەو پەیامە بگەیەنێتە جەماوەرەکەی کە خاوەنی سیاسەتی سەربەخۆی خۆیەتی و مل بە خواستی هیچ هێز و لایەنێکی تر نادات.

کەریم شکور جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"ئێمە پێداگیرین لەسەر کاندیدکردنەوەی دکتۆر بەرهەم بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار."

ڕێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆماری عێراق لە کاتێکدایە، هێزە شیعەکان محەمەد شەیاع سودانییان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاریکردووە، پەلەیانە لە دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک کۆمار، تا سەرۆک کۆمار کاندیدەکەیان بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپێرێت.

شوان محەمەدی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، گوتی"پەیامی شیعەکان ئیجابیە، داوای ڕێککەوتن لە پارتی و یەکێتی دەکەن، هیچ فشارێکیان دروست نەکردووە، خۆ گەر ئێمە ڕێکنەکەوین، ئەوان بڕیاری خۆیان دەدەن."

لە حاڵەتی ڕێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی دا لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، پێناچێت پارتی بەشداری دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بکات و دانیشتنەکە بایکۆت دەکات، ئەمەش بەپێی وتەی بەرپرسانی پارتی.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:31 0:00
XS
SM
MD
LG