Accessibility links

سیناریۆکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق


لە کاتێکدا چوارچێوەی هەماهەنگی هێزە شیعەکان سەرقاڵی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراقن، بەڵام هێشتا یەکێتی و پارتی ناکۆکن لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، یەکێتی و پارتی کۆبوونەوەیەکی یەکلایی کەرەوە بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام بدەن.

لە حاڵەتی ڕێککەوتنی هێزە شیعەکاندا بۆ پێکهێنانی حکومەت، یەکێتی و پارتی ناچارن چارەنووسی پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکەنەوە، بەو پێیەی هێزە شیعەکان پەلەیانە و سەرۆک کۆمار کاندیدی ئەوان بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕادەسپێرێت.

لە حاڵەتی ڕێککەوتن و ڕێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی دا لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، چەند سیناریۆیەک بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو پۆستە لەنێوان کاندیدی ئەو دوو حیزبە لە ئارادان، کە دەنگی ئەمەریکا لەم ڕاپۆرتەدا سیناریۆکان دەخاتەڕوو.

کۆبوونەوەی یەکلا کەرەوە

هێزە شیعەکان داوای ڕێککەوتن لە یەکێتی و پارتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەکەن، بڕیارە لەچەند ڕۆژی داهاتوودا، ئەو دوو حیزبە کۆبوونەوەیەکی یەکلایی کەرەوە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ئەنجام بدەن.

تا ئێستا کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەرهەم ساڵحە، ڕێبەر ئەحمەدی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمیش کاندیدی پارتی یە بۆ هەمان پۆست، بەڵام ئەنجامی کۆبوونەوەی ڕۆژانی داهاتووی نێوان ئەو دوو حیزبە، ئەوە یەکلایی دەکاتەوە کە لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێکدەکەون، یاخود هەریەکە و بەکاندیدی خۆیەوە دەڕواتە نێو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

پێش کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان پێداگیری لەسەر بردنی پۆستی سەرۆک کۆمار دەکرد، بەڵام دوای کشانەوەی پەرلەمانتارانی ئەو ڕەوتە، هاوکێشەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و ڕەنگە پارتی ڕازی بێت پۆستەکە بۆ یەکێتی بێت، بەو مەرجەی کاندیدەکەی بگۆڕێت.

کەریم شکور جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"دوای پشووی جەژن، یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار کۆدەبنەوە، ئومێد هەیە کۆبوونەوەکە شتێکی لێ بەرهەم بێت."

یەکێتی پێداگیرە لەسەر کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح

مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، تا ئێستا پێداگیرە لەسەر کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵەح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، لەکاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان کاندیدکردنەوەی ڕەتدەکاتەوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، یەکێتی لە ڕێگەی کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵحەوە، دەیەوێت ئەو پەیامە بگەیەنێتە جەماوەرەکەی، کە خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆیەتی و ناچێتە ژێر باری خواستی هیچ حیزبێکی ترەوە، ئەمە جگە لەوەی لە پێناو قوڵ نەبوونەوەی کێشە نێوخۆییەکانی، نایەوێت دەستبەرداری کاندیدەکەی بێت.

کەریم شکور ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و جێگری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت"یەکێتی پشتگیری دکتۆر بەرهەم دەکات، چونکە پێشتر سەرکردایەتی بڕیاری کاندیدکردنی داوە، ئەمە جگە لەوەی چانسی دەنگهێنانی لەنێو پەرلەمان هەیە، هەروەها ئەزموونی سەرۆکایەتی هەیە و پەیوەندیە سیاسییەکانیشی باشە."

سیناریۆکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار

تا پێش کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، کاندیدی پارتی چانسی گەیشتنە سەر کورسی سەرۆکایەتی کۆماری هەبوو، بەڵام دوای کشانەوەی ئەو ڕەوتە، هاوکێشەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و خواستی ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی، لای پارتی دروستبووە.

چەند سیناریۆیەک بۆ یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار لە نێوان یەکێتی و پارتی دروستبووە، سیناریۆی یەکەم، ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی یە لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەمەش کۆبوونەوەی ڕۆژانی داهاتووی نێوانیان یەکلایی دەکاتەوە.

سیناریۆی دووەم، ڕێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی و یەکێتییە لەسەر کاندیدی هاوبەش، هەروەها بردنی ململانێی نێوانییانە بۆ نێو پەرلەمانی عێراق، بە شێوەیەک دەنگی پەرلەمانتاران چارەنوسی پۆستەکە لە نێوانیان یەکلایی بکاتەوە.

شوان محەمەد ڕۆستەم پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"ئەستەمە یەکێتی و پارتی بە دوو کاندیدی جیاوە ڕکابەرییەکە ببەنە نێو پەرلەمان، هەرچەندە تا ئێستا ئێمە و یەکێتیش کاندیدی خۆمان هەیە."

سیناریۆی سێیەمیش لە حاڵەتی ڕێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار لە ئارادایە، ئەویش ئەوەیە پارتی کاندیدەکەی خۆی بکێشێتەوە و بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار نەکات، بەتایبەت گەر دڵنیابێت لەوەی کاندیدەکەی لە نێو پەرلەمان دا سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت، ئەمەش بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بۆ دەنگی ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG