Accessibility links

ئەمەریکا یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە پەتای ئاوڵەی مەیموون لە منداڵاندا دەستنیشان دەکات


دەسەڵاتدارانی تەندروستی ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند؛ حاڵەتەکانی نەخۆشی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون لە ئەمەریکا بۆ یەکەمجار لە نێو منداڵاندا دەستنیشانکراون، منداڵێکی ساوا لە کالیفۆرنیا و کۆرپەیەک کە دانیشتووی ئەمەریکا نییە ئەو حاڵەتەیان هەیە.

سەنتەری كۆنتڕۆڵكردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەكان لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە کە ئەو دوو حاڵەتە پەیوەندییان نییە و ئەگەری زۆرە لە ئەنجامی گواستنەوەی ماڵەوە بوو بێت. ئاژانسەكە ئەوەشی خستۆتەڕو تەندروستی منداڵەكان باشە و چارەسەریان بۆ دەكرێت.

پەتای ئاوڵەی مەیموون کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی هاوشێوەی ئەنفلۆنزا و برینەکانی پێست، بە شێوەیەکی بەرچاو لەو پیاوانەدا بڵاوبووەتەوە کە لەم دواییانەدا سێکس لەگەڵ پیاوان دەکەن، لە دەرەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئافریکا کە تێیدا بڵاوبووەتەوە. نەخۆشییەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی بەرکەوتنی نزیکەوە بڵاودەبێتەوە.

تا ئێستا لەم ساڵدا زیاتر لە 14 هەزار حاڵەتی تووشبوون بە پەتای ئاوڵەی مەیموون لە زیاتر لە 60 وڵاتدا تۆمارکراوە، لە ئافریکاش پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە ڕێی تەلەفۆنەوە دکتۆر جێنیفەر مەککویستۆن، جێگری بەڕێوەبەری بەشی کۆنتڕۆڵ و زانستی نەخۆشییەکان و دەرئەنجامە ترسناکەکانی لە دامەزراوەی سی دی سی، لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند جێگەی سەرسوڕمان نییە کە حاڵەتەکانی پەتای ئاوڵەی مەیموون لە منداڵاندا سەریان هەڵداوە، بەڵام "تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە" کە ئەم ڤایرۆسە لە دەرەوەی" کۆمەڵگاکانی هاوڕەگەزخواز، دووڕەگەز و پیاوانی دیکە بڵاوبووبێتەوە کە سێکس لەگەڵ پیاواندا دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە لە کۆی 2891 حاڵەتی پەتای ئاوڵەی مەیموون کە لە ئەمەریکا پشتڕاستکراونەتەوە 99%ی ئەو پیاوانەن کە سێکس لەگەڵ پیاوان دەکەن، بەڵام هەندێک ژن و پیاو هەبوون کە ڕەگەزی خۆیان گۆڕیوە تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

دکتۆر ئاشیش جا، ڕێکخەری وەڵامدانەوەی پەتای کۆڤید-19ی کۆشکی سپی، لەسەر هەمان پەیوەندی قسەی کرد و ڕایگەیاند؛ حکومەت 300 هەزار بەشە ڤاکسینی پەتای ئاوڵەی مەیموونی گەیاندووە و کاردەکات بۆ خێراکردنی ناردنی 786 هەزار دەرزی دیکە لە دانیمارکەوە.

گوتیشی لە ئێستاوە ڤاکسینێکی تەواو لەبەردەستدایە بۆ دابینکردنی یەکەم دەرزی ڤاکسین بۆ زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی شایستە لە شاری نیویۆرک و زیاتر لە 70%ی دانیشتوانی شایستە لە واشنتۆن دی سی پایتەخت.

ڕێژەی مردن لە بڵاوبوونەوەی پێشووی ئەم ڤایرۆسە لە ئافریکا لەم جۆرەی ئێستا لە دەوروبەری 1% بووە، بەڵام تا ئێستا پێدەچێت ئەم بڵاوبوونەوەیە لە وڵاتانی کە پەتاکەیان تیادا سەریهەڵنەداوە کەمتر کوشندە بێت. بەڵام ژمارەیەک نەخۆش ڕایانگەیاندووە کە بەهۆی ئازارێکی زۆرەوە لە نەخۆشخانە خەوێندراون.

دکتۆر ئاشیش جا گوتیشی ئەمەریکا هێشتا هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات کە ئایا بڵاوبوونەوەی پەتای ئاوڵەی مەیموون دەبێ وەک حاڵەتێکی نائاسایی تەندروستی گشتی ڕابگەیەنرێت یان نا، دەشڵێت "ئێمە سەیری ئەوە دەکەین کە ئەو ڕێگایانە چین کە دەتوانرێت وەڵامدانەوەکە بگەیەنێتە ئاستێکی باڵا، ئەگەر بەردەست بێت وەک ڕاگەیاندنی باری نائاسایی تەندروستی گشتی."

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG