Accessibility links

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم: بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران بە خێرایی پەرەدەستێنێت


رافائیل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە چاوپێکەوتنێکدا کە ڕۆژی هەینی بڵاوکراوەتەوە، بە ڕۆژنامەی ئەلپایسی ئیسپانی ڕاگەیاندووە کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران "بە خێرایی پەرە دەستێنێت" و دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕوانگەی چاودێرییەکانی زۆر سنووردارە سەبارەت بەو شتانەی کە ڕوودەدەن.

لە مانگی 6 دا ئێران دەستیکرد بە لابردنی هەموو ئامێرەکانی چاودێریکردنی ئەو ئاژانسە، کە بەپێی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا دانرابوون. گرۆسی لەو کاتەدا گوتی ئەمە دەتوانێت "لێدانێکی کوشندە" بێت لە دەرفەتی زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنەکە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە " بە کورتی نزیکەی پێنج هەفتەیە ڕوانگەی چاودێریم زۆر سنووردارە، لەگەڵ بەرنامەیەکی ئەتۆمی کە بە خێرایی بەرەو پێشەوە دەڕوات، هەر بۆیە ئەگەر ڕێککەوتنێک هەبێت، زۆر قورس دەبێت بۆ من ئەو مەتەڵە بونیاد بنێمەوە کە بە ناچاری تەواوی ئەو کاتە ڕوانگەی چاودێریمان لەدەستداوە."

گرۆسی کە لەو کاتەدا سەردانی مەدریدی دەکرد گوتیشی "مەحاڵ نییە، بەڵام بڕیارە ئەرکێکی زۆر ئاڵۆز بێت و ڕەنگە هەندێک ڕێککەوتنی دیاریکراوی پێویست بێت."

گرۆسی لە مانگی 6 ی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو؛ دەرچەیەک هەیە بۆ ئەم پرسە کە تەنیا سێ بۆ چوار هەفتەی ماوە بۆ گەڕاندنەوەی لانیکەم بەشێک لەو ڕوانگەی چاودێریکردنەی کە پێش ئەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی توانای پارچە پارچەکردنی گرنگترین چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لەدەست بدات.

ئێران زۆرێک لە سنوورەکانی ڕێککەوتنەکەی بۆ چالاکییە ئەتۆمییەکانی پێشێلکردووە لەو کاتەوەی ئەمەریکا لە ساڵی 2018 بە سەرۆکایەتی سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترەمپ لە ڕێککەوتنەکە کێشایەوە و سزای بەسەر تاراندا سەپاندەوە، خەریکی پیتاندنی یۆرانیۆمە بەرەو قۆناغی دروستکردنی چەک نزیک دەبێتەوە.

زلهێزەکانی ڕۆژئاوا هۆشداری دەدەن لەوەی ئێران نزیک دەبێتەوە لەوەی بتوانێت بە خێرایی بەرەو دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بڕوات. ئێران ڕەتیدەکاتەوە کە ئەو خواستەی هەبێت.

دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 لە مانگی 3 ەوە وەستاوەن.

ڕۆژی هەینی لە زاری حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە بڵاوکرایەوە کە وڵاتەكەی و ئەمەریكا زۆر نزیكن لە ڕێككەوتنێك بۆ زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنەکەی ساڵی 2015، بەڵام تاران پێویستی بە گەرەنتی هەیە لەلایەن ئەمەریكاوە بۆ ئەوەی "دوو جار زیانی پێنەگەنێت".

میدیاکانی ئێران لە زاری ئەمیر عبدوڵاهیانەوە بڵاویانکردەوە کە ئاماژەی بەوەشکردووە "دەقێکی ئامادەمان لەبەردەستدایە و لەسەر زیاتر لە سەدا 95 بۆ لە سەدا 96 ی ناوەڕۆکەکەی هاوڕاین، بەڵام هێشتا کەموکوڕییەکی گرنگ لەم دەقەدا هەیە، ئەویش پێویستە سوودی تەواوی ئابوری ڕێککەوتنەکە بەدەستبهێنین. بەبێ ئەمە واژۆی ناکەین".

رافائیل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئاماژەی بەوەشکردووە کە "دەزگاکە پێویستی بە دووبارە دروستکردنەوەی داتابەیسێک هەبوو، بەبێ ئەوەی هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر بنەمایەکی زۆر هەستیار لە ئارادا بێت، چونکە ئەگەر نەزانین چی لەئارادایە، چۆن دەتوانین دیاری بکەین چەند ماددە هەناردە بکەین، چەند سەنتەرفیوج بەبێ بەکارهێنان بەجێبهێڵین."

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG