کۆشکی سپی ڕادەگەیەنێت جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و " نیشانەیەکی زۆر کەمی" ڤایرۆسەکەی هەیە.
گوتەبێژی سەرۆک بایدن کارین ژان پیێر گوتی بایدنی تەمەن 79 ساڵ بەردەوام دەبێت لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی سەرۆکایەتی و دەستیکردووە بە وەرگرتنی خولێکی دەرمانی دژە ڤایرۆسی پاکسلۆڤید. ئەو گوتیشی سەرۆک بایدن " بە تەواوەتی ڤاکسینەکانی وەرگرتووە و دووجار دەرزی بەهێزکەری بەرگریشی وەرگرتووە و نیشانەکانی نەخۆشییەکەی زۆر بە کەمی هەیە."
ژان پیێر گوتیشی " بە پێی ڕێنماییەکانی CDC (نێوەندی کۆنترۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکان) ئەو لە نێو کۆشکی سپی خۆی کەرەنتینە دەکات و ئەرکەکانی خۆی بە تەواوەتی جێبەجێ دەکات." گوتیشی بایدن بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ستافەکەیدا کردووە و لە ڕێگای زوومەوە لە شوێنی حەوانەوەی خۆیەوە بەشداری لە کۆبونەوەکاندا دەکات. هەر کاتێکیش لە پشکنینەکاندا دەرکەوت کە ڤایرۆسەکەی نەماوە دەگەڕێتەوە شوێنی کارکردنی.
شایانی باسە بە پێی پشکنینە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە جیل بایدن، خانمی یەکەم ڤایرۆسەکەی نەگرتووە.