سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی پێنجشەممە پلانێکی خستەڕوو کە داوای تەرخانکردنی 37 ملیار دۆلار لە کۆنگرێس دەکات بۆ توندکردنی ڕێوشوێنەکانی ڕێگریکردن لە تاوان لە کاتێکدا هەوڵدەدات رووبەڕووی یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی ئەمەریکییەکان ببێتەوە پێش هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس، کە لە مانگی یانزە ئەنجام دەدرێن.
بایدن لە سەردانێکیدا بۆ شاری ویلکسبار لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا وردەکارییەکانی پلانی ئەمەریکای سەلامەتتر دەخاتە ڕوو. ئەو 37 ملیار دۆلارە دەکرێتە بەشێک لە داواکاری سەرۆک بۆ بودجەی ساڵی 2023 کە لە یەکی 10 ەوە دەستپێدەکات.
کۆشکی سپی دەڵێت پلانەکانی بریتین لە 13 ملیار دۆلار کە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا بۆ دامەزراندنی و ڕاهێنانی 100 هەزار پۆلیسی دیکە خەرج دەکرێت.
پارتی دیموکراتەکان بەسەر دووبەرەدا دابەش بووە. بەرەیەک، کە بە پێشکەوتوخوازەکان ناسراوەن، پاڵپشتی هەڵمەتێکیان دەکرد بۆ "بڕینی بودجەی پۆلیس" بەهۆی مامەڵەی خراپی هەندێک پۆلیسەوە لەگەڵ رەشپێستەکان. زۆربەی دیموکراتەکان لەگەڵ بایدندا هاوڕان کە نابێت بودجەی پۆلیس ببڕدرێت چونکە گرنگن بۆ کەمکردنەوەی تاوان.
بایدن سێ ملیار دۆلار خەرج دەکات بۆ یارمەتیدانی کۆمەڵگەکان و دامەزراندنی گروپێک بۆ هاوبەشکردنی زانیاری بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی چەک. هەروەها پلانەکەی سزای توندتر بۆ بازرگانیکردن بە فێنتانیڵ دەسەپێنێت لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆر زیاتری ئەمەریکاییەکان بەهۆی بەکارهێنانی زۆری مادەی هۆشبەرەوە گیان لەدەست دەدەن.