Accessibility links

لیڤاندۆڤسکی بوو بە یاریزانی بەرشەلۆنە


لە کاتێکدا یانەی بەرشەلۆنە بۆ یارییەکی دۆستانە هاتۆتە شاری مایامی ئەمەریکا، ڕۆژی یەکشەممە هەواڵێکی خۆشیان ڕاگەیاند کە ماوەیەک بوو هەوادارانی یانەکە چاوەڕوانی بوون، ئەویش هێنانی کۆڵگاری بەناوبانگی پۆڵەندی (رۆبەرت لیڤاندۆڤسکی)یە.

لە گرتە ڤیدیۆیەکدا، کە یانەی بەرشەلۆنە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوی کردەوە، لیڤاندۆڤسکی لە کەناراوێکی مایامی نیشان دەدات کە بلوزێکی بەرشەلۆنەی لەبەردایە و دەڵێت، "زۆرخۆخشاڵم، کە هاتوومەتە بەرشەلۆنە. فۆرسا بارسا! (دەی بەرشە!)."

یانەی بایەرن میونشن ڕۆژی پێشتر ڕایگەیاندبوو كە لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە ڕێككەوتوون بۆ فرۆشتنی رۆبەرت لیڤاندۆڤسكی بە یانە ئیسپانییەكە.

هێربێرت هاینر، سەرۆکی یانەی بایەرن لە هەژماری تویتەری یانەکە ڕایگەیاند بوو کە گەیشتوون بە ڕێکەوتنێکی "زارەکی" لەگەڵ بەرشەلۆنە. بەڵام گەیشتنی یاریزانە هێرشبەرەکە بە یانەی بەرشەلۆنە ڕۆژێک دواتر دەریدەخات کە پرۆسەکە چەندە خێرا تێپەڕێندراوە.

هاینر گوتی، "ڕۆبێرت یاریزانێکی زۆر شایستەیە، لەگەڵ ئێمە هەموو شتێکی بردۆتەوە، ئێمە بە شێوەیەکی ناباوەر سوپاسی دەکەین."

لێڤاندۆڤسکی لە ئینستاگرامی خۆی وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە لەسەر بلوزەکەی بەری لۆگۆی بەرشەلۆنە هەیە.

چەند ساڵێکە یانەی بەرشەلۆنە، کە ڕۆژانێک یەکێک بوو لە بەهێزترین یانەکانی ئەوروپا، ئاستی وەکو پێشتر نەماوە. دوو ساڵە نەیتوانیووە، جامی نێوخۆی وڵاتەکەش کە بەلالیگا ناسراوە بباتەوە. بارودۆخی بەرشەلۆنە ساڵی پار خراپتر بوو کاتێک باشترین یاریزان و کاپتنی یانەکە، لیۆنێک مێسی، یانەکەی جێهێشت و چووە یانەی پاریسان جێرمانی فەرەنسی.

XS
SM
MD
LG