Accessibility links

پوختەی سەردانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست


جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا درەنگانێکی شەممە دوای گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەڕایەوە واشنتۆن.

بایدن ڕۆژی شەممە لە جدە لە سعودیە لەگەڵ سەرکردە عەرەبەکان کۆبووەوە و لەوێ بۆچوونی خۆی سەبارەت بە بەشداریکردنی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران خستەڕوو و هەروەها جەختی لە کێبڕکێی ستراتیژی لەگەڵ چین و ڕووسیادا کردەوە.

بایدن لە لێدوانەکانیدا لە دانیشتنی لوتکەیی سەرکردەکانی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو کە بریتین لە بەحرەین، کوێت، عومان، قەتەر، سعودیە، و ئیمارات لەگەڵ میسر، عێراق و ئوردندا گوتی "ئەمەریکا گرنگی دەدات بە بونیادنانی داهاتوویەکی ئەرێنی بۆ ناوچەکە، بە هاوبەشی لەگەڵ هەمووتاندا" و گوتیشی "ئەمەریکا بۆ هیچ شوێنێک ناڕوات و بۆشایییەک بەجێ ناهێڵین بۆ ئەوەی چین و ڕووسیا و ئێران پڕی بکەنەوە."

بایدن بنەما سەرەکییەکانی بەشداریکردنی ئەمەریکای لە ناوچەکەدا خستەڕوو، لەوانە بەهێزکردنی هاوبەشی و پشتگیریکردنی توانا بەرگرییەکانی ئەو وڵاتانەی کە بەشداری لە نەزمی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای یاساکان دەکەن، هەروەها رێگریکردن لە هێزە بیانییەکان و ناوچەییەکان کە هەوڵدەدەن لەڕێگەی کردەوەی سەربازییەوە زاڵ بن و ئازادی بخەنە مەترسییەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بە چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی ئێران لە ناوچەکە و شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و کردەوەکانی چین لە ئۆقیانووسی هیندۆ و ئارام وەک نموونەی هەوڵەکان بۆ تێکدانی نەزمی بنەمادار بە ڕێساکان ناو برد.

بایدن گوتی واشنتۆن هەروەها کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و کۆتاییهێنان بە ململانێکان لە هەر شوێنێک کە بتوانرێت، و هەروەها پشتگیری لە ماف و بەها مرۆییەکان دەکات کە لە دەستووری نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە.

سەرۆکی ئەمەریکا گوتی پشتگیریکردن لە فەرمانی بنەمادار بە یاساکان بەو مانایە نییە کە دەبێت هەمیشە لەسەر هەموو پرسێک ڕێکبکەوین و گوتی بەڵام ئەوە بەو مانایەیە کە ئێمە لە دەوری بنەما سەرەکییەکان یەک بگرین بۆ ئەوەی ڕێگەمان پێبدرێت پێکەوە کار بکەین لەسەر کێشە جیهانییەکان.

بایدن بە تیشک خستنە سەر کێشە جیهانیانیەکان گوتی ئەمەریکا یەک ملیار دۆلاری وەک هاوکاری ئاسایشی خۆراک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دابین دەکات، و هەروەها پێشوازی لە بەڵێنی سێ ملیار دۆلاری سەرکردەکانی عەرەب کرد بۆ ژێرخانی جیهانی و دەستپێشخەری وەبەرهێنان، کە واشنتۆن دەستی پێدەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەرنامەکانی ڕێگاوبانی چین.

هەروەها سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو ڕێککەوتنێکیان ڕاگەیاند بۆ بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق بە تۆڕەکانی ئەنجومەنی وڵاتانی هاوکاری کەنداو لەڕێگەی کوێت و سعودیەوە کە بەمەش پشتبەستنی بەغدا بە ئێران کەم دەبێتەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ رێبەرانی وڵاتانی کەنداو باسیان لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت نەکردوە بۆ قەرەبووکردنەوەی بەرزبوونەوەی نرخەکان کە بەهۆی شەڕی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا دەستیپێکردووە.

فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود وەزیری دەرەوەی سعوودیە بە رۆژنامەنووسانی گوت لە ڕاستیدا بەرهەمێنانی نەوت بابەتی گفتوگۆی دانیشتنە لوتکەییەکە نەبووە و گوتیشی "ئۆپێک پڵاس ئەوەی کە پێی وایە پێویستە بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە بازاڕەکاندا دەیکات".

قسەکانی وەزیری دەرەوەی سعودیە لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریکای پشتڕاستکردەوە کە ڕایانگەیاندبوو پێشبینی ناکرێت هیچ ڕێککەوتنێک بۆ بەرهەمهێنانی نەوت تا کۆبوونەوەکانی مانگی داهاتووی 13 ئەندامی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت لەگەڵ 10 بەرهەمهێنەری نەوتی دیکە لەنێویاندا ڕووسیا ڕابگەیەندرێت.

بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا هۆشداریدا لە پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و تاران، و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی جەیک سولیڤان گوتی ئەمەریکا زانیاری هەیە کە ئاماژە بەوە دەکات کە حکومەتی ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ دابینکردنی چەند سەد فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا، لەنێویاندا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە توانای هەڵگرتنی چەکیان هەیە.

کۆشکی سپی سێ وێنەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی شاھید-191 و شاهێد-129ی بڵاوکردەوە کە توانای ھەڵگرتنی مووشەکیان هەیە.

ڕووسیا بە شێوەیەکی کاریگەر گرەو لەسەر ئێران دەکات و بەرپرسێکی باڵا لە لێدوانێکی کورتدا ڕۆژی شەممە بە ڕۆژنامەنووسانی گوت "ئێمە گرەو لەسەر ناوچەیەکی یەکگرتووتر، سەقامگیرتر، ئارامتر و ئاوەدانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکەینەوە."

بێرنارد هایکڵ، بەڕێوەبەری پەیمانگای زانکۆی پرینستۆن بۆ لێکۆڵینەوە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هاوچەرخ دەڵێت، شەڕی ئۆکرانیا بووەتە هۆی نزیکبوونەوەی نێوان ڕووسیا و چین و ئێران.

ناوبراو بە دەنگی ئەمریکای گوت "جۆرێک لە میحوەر لە وڵاتان هەیە کە خەریکە لە یەکتر نزیک دەبنەوە و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان تەنها لایەنێکی ئەم نزیکییەیە."

بایدن لە لێدوانەکانیدا سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤیش گوتی ئازادییە بنەڕەتییەکان بۆ ئێمە گرنگە و پێناسەی ئێمە دەکەن وەک ئەمەریکاییەک.

بایدن لە کۆبوونەوەی ڕێبەرە عەرەبەکاندا گوتی کە داهاتوو هی ئەو وڵاتانەیە کە تێیدا ژنان دەتوانن مافی یەکسان بەکاربهێنن و بەشداری بکەن لە بنیاتنانی ئابووری بەهێزتر و کۆمەڵگەی خۆڕاگر و سەربازی مۆدێرن و بەتواناتردا.

بایدن باسی لە ململانێی جیهانیی نێوان ئۆتۆکراسیەکان و دیموکراسیەکان نەکرد – بابەتێک کە زۆرێک لە چاودێران وەک دوکتۆرینی سیاسەتی دەرەوەی ئەوی دەیبینن، بەڵام لە ئاماژەیەکدا گوتی داهاتوو هی ئەو وڵاتانەیە "کە هاوڵاتیانی بتوانن لێپرسینەوە و ڕەخنە لە سەرکردەکانیان بگرن بەبێ ترس لە تۆڵەسەندنەوە."

لێدوانەکانی بایدن ڕەخنەکان لەسەر کۆبوونەوەی بایدن لەگەڵ شازادەی سعودیە محەمەد بن سەلمان کەم ناکاتەوە کە بەپێی هەواڵگری ئەمەریکا دەستی هەبووە لە کوشتنی جەمال خاشقچیدا.

بەشێك لە چاودێران دەڵێن بایدن هیچ بژاردەیەكی نییە جگە لە پەیوەندیكردن لەگەڵ سعودییەكاندا، نەك تەنها بۆ وزە و ئاسایشی ناوچەكە، بەڵكو لە كێبڕكێی ستراتیژیی خۆیدا لەگەڵ چین و ڕووسیا.

بایدن لە گەشتەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە ئیسرائیلەوە دەستی پێکرد گوتی دوورکەوتنەوەی ستراتیژی واشنتۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵە بووە.

بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتی بایدن ئامادە نەبوون وردتر باس لەوە بکەن کە واشنتۆن و ریاز لەسەر کام دڵنیایی ئەمنی رێککەوتوون.

سعودییەکان بەدوای هاوبەشییەکی ئەمنی بەردەوامدا دەگەڕێن لە واشنتۆنەوە کە گۆڕانە ناوخۆییەکانی حزبی کاریگەری نەخاتە سەری.

لە سەردەمی بەڕێوبەرایەتی ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکادا واشنتۆن ژمارەی ئەو سەربازانەی لە ناوچەکەدا جێگیر کرابوون، بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردنەوە.

ساڵی ڕابردووش بەڕێوبەرایەتی بایدن ژمارەی سیستەمی دژە مووشەکی ئەمەریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەبەستی گرنگیدان بە پرسی چین و ڕووسیا، کەمکردەوە.

بەرپرسانی ئەمەریکا گەشتەکەی بایدنیان بە دەرفەتێک ناوبردووە بۆ بەدەستهێنانی زەبری هێز بەرەو دروستکردنی تۆڕێک لە تواناکانی بەرگری ئاسمانی و مووشەکی کە بە تەکنەلۆژیای ئەمریکی و ئیسرائیل کاردەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەکانی ئێران و هێزەکانی سەر بەو وڵاتە.

ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات و بەشێک لە عێراق بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان مووشەکی میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەبنەوە.

وەزیری دەرەوەی سعودیە گوتی لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی ڕێبەرانی وڵاتانی عەرەبدا باسیان له هاوپەیمانی بەرگری ئه نجومه نی كه نداو و به رگری ئیسرائیل نەکردوە و ئاماژەی بەوەدا کە دیپلۆماسی باشترین چارەسەرە بۆ بەرنامه ی ئەتۆمی ئێران و گوتیشی لە کۆتاییدا ئەوە ئێرانە کە بڕیار دەدات کە ئایا ڕێبازی دیپلۆماسی دەوێت یان نا وگوتی هیوادارین ئەوانیش ڕێگای دیپلۆماسیان هەڵبژێرن.

XS
SM
MD
LG