Accessibility links

سەدر لە نێوان توڕەیی لایەنگرانی و پەیامە جیاوازەکەی ئەمڕۆیدا


ڕۆژی هەینی، لە ڕێگەی کۆکردنەوەی جەماوەرێکی زۆر و ئەنجامدانی "نوێژی هەینی یەکگرتوو"، ڕەوتی سەدر یەکەم جوڵەی سیاسی ئەنجامدا لە دوای کشانەوەی لە پەرلەمانی عێراق، پێچەوانەی توڕەیی جەماوەرەکەی، پەیامەکەی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتەکە نەرمی پێوە دیاربوو.

کارتەکانی موقتەدا سەدر

ڕەوتی سەدر بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هێزە ڕکابەرەکانی، سێ کارتی لە بەردەستتدایە، کارتی یەکەمی تاقیکردەوە و شکستی هێنا، بەڵام هێشتا لە قۆناغی بەکارهێنانی کارتی دووەمدایە، ئەگەری بەکارهێنانی کارتی سێیەمیش بە دوور دەزانرێت.

کارتی یەکەمی سەدر سیاسی بوو، کاتێک هەوڵی دا حکومەتی زۆرینە پێکبهێنێت و ڕکابەرەکانی لە قاڵب بدات، بەڵام لە بەکارهێنانی ئەم کارتە شکستی هێنا و سەرجەم پەرلەمانتارەکانی لە پەرلەمانی عێراق کێشایەوە.

دوای شکستهێنانی لە بەکارهێنانی کارتی سیاسی، ڕۆژی هەینی، ڕێبەری ڕەوتی سەدر کارتی دووەمی بەکارهێنا، کارتی جەماوەری و شەقام بوو، لەم ڕێگەیەوە پەیامی بەهێزی پێگە جەماوەرییەکەی گەیاندە ڕکابەرەکانی، بەوەی هەرکاتێک بیەوێت لە دەرەوەی پەرلەمانیشەوە دەتوانێت کۆسپی گەورەیان بۆ دروست بکات.

گردبوونەوەی ئەمڕۆی هەزاران لایەنگری سەدر لە بەغدا و ئەنجامدانی "نوێژی هەینی یەکگرتوو"، بە یەکەم جوڵەی سیاسی سەدر دادەنرێت لە دوای کێشانەوەی پەرلەمانتارەکانی، بەڵام هێشتا ڕوون نیە سەدر درێژە بە گردبوونەوە جەماوەرییەکانی دەدات، یاخود دەیەوێت دەرگای ناڕەزایەتی بۆ خەڵکی توڕەی عێراق لەدژی ڕکابەرەکانی بکاتەوە.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغدا، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"سەدر فشاری دەرەکی زۆر لەسەرە، ڕەنگە بیەوێت خەڵکی توڕە هانبدات و دەرگای ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانیان لە دژی نەیارەکانی بکاتەوە."

دوای شکستهێنانی لە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە و ئامادەنەبوونی بۆ پێکهێنانی حکومەتی شەراکەت، سەدر لە ئێستادا چاوی لەسەر بەدەستهێنانی پاڵپشتی ئەو جەماوەرە زۆرەی عێراقە بۆ ڕەوتەکەی، کە لە سستمی سیاسی عێراق ناڕازین.

لە پەیامەکەی ئەمڕۆیدا، سەدر خۆی و مەرجەعیەت و جەماوەری خستە بەرەیەکەوە لە بەرامبەر هێزە شیعە ڕکابەرەکانی، کاتێک ڕایگەیاند"گوتەبێژی مەرجەعیەت نیم، کە دەرگای بەڕووی سیاسەتمەداراندا داخستووە، بەڵام داوای لێخۆشبووننیان لای مەرجەعیەت بۆ دەکەم، گەر تەوبە بکەن."

لەنێو شەقامی عێراقی دا، خەریکە تێڕوانێکی وا دروست دەبێت کە سەدر ڕەتکەرەوەی ئەجێندا دەرەکییەکان و ڕکابەرەکانیشی جێبەجێکاری ئەجێندای وڵاتانن، دروستبوونی ئەم تێڕوانینە بۆ سەدریەکان بەسەرکەوتن هەژمارد دەکرێت، ئەمەش بەڕای چاودێران.

لە حاڵەتی شکستهێنانی کارتە جەماوەرییەکەیدا، کارتی سێ یەمی ڕەوتی سەدر، کارتی هێز و بەکارهێنانی باڵی سەربازی ڕەوتەکەیەتی، کە بریتییە لە هێزەکانی سەرایە سەلام، خاوەنی ژمارەیەکی زۆر چەکدارن و ڕاستەوخۆ فەرمان لە موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتەکەوە وەردەگرن.

دکتۆر ئەحمەد حەیدەر پەرلەمانتاری پێشووی شیعی لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"هەمیشە مەترسی ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراق هەیە، چونکە سەرجەم هێزە ڕکابەرەکان چەکیان لایە، بەڵام مەرجەعیەت سەمامی ئەمانی عێراقە، تێکچوونی سەقامگیری عێراقیش لە بەرژەوەندی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی نیە، بۆیە پەنا بردنە بەر هێز ئەگەرێکی دوورە."

گوتیشی"سەدر لە ڕێگەی شەقامەوە دەتوانێت ڕکابەرەکانی ناچار بکات، خواستەکانی جێبەجێ بکەن."


جەماوەرێکی توڕە و پەیامێکی نەرم

لە کاتێکدا ئەو جەماوەرە زۆرەی کە ڕەوتی سەدر ڕۆژی هەینی کۆیکردبوونەوە، پابەندبوونی خۆیان بە بڕیارەکانی سەدر نیشان دەدا و بە ئاشکرا هێرشیان دەکردە سەر لایەنە ڕکابەرەکانیان، بەڵام پێچەوانەی توڕەیی جەماوەرەکەی، پەیامەکەی ڕێبەری ڕەوتی سەدر نەرمبوو.

لایەنگرانی سەدر هێندە توڕەبوون، بە شێوەیەک پشتگیری ڕێبەرەکەیان دەکرد، ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی هەموو جۆرە بڕیارێک دژی لایەنە ڕکابەرەکانیان نیشان دەدا، گەر لەلایەن موقتەدا سەدرەوە فەرمانیان پێبکرێت.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداریش بۆ دەنگی ئەمەریکا، جگە لەو ململانێ توندەی لەگەڵ لایەنە شیعەکان هەیانە، دزەپێکردنی تۆمارە دەنگییەکەی نوری مالیکی کە تێییدا هێرشیکردبووە سەر ڕێبەرەکەیان، هۆکارێکی تری توڕەییان بوو.

سەرچاوەکە گوتی"دزەپێکردنی تۆمارە دەنگییەکەی مالیکی، لەمکاتەدا لە قازانجی سەدربوو، ڕەنگە نەیارەکانی مالیکی لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی لە پشت ئەو کارەوە بن."

سەبارەت بە توڕەیی جەماوەری ڕەوتی سەدر، مەحمود زەیدان چاودێری سیاسی و ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای وت"شۆڕکردنەوەی ململانێی نێوان لایەنەکان بۆ نێو شەقام و لایەنگرانیان مەترسیدارە، دوور نیە دۆخێکی لێ دروست ببێت، هیچکام لە لایەنەکان خوازیاری نەبن."

هاوکات لەگەڵ توڕەیی جەماوەرەکەیدا، بەڵام پەیامەکەی موقتەدا سەدر شتێکی ئەوتۆی تێدانەبوو، جگە لە ڕەتکردنەوەی کاندیدکردنی مالیکی و پێدانی دەرفەت بە هێزە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەت، مەرجەکانی سەرۆک وەزیران و حکومەتی داهاتووشی بۆ خستنەڕوو.

بەڕای چاودێران، پەیامەکەی ڕەوتی سەدر ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە، سەرباری کشانەوەشی لە پەرلەمانی عێراق، دەیەوێت سێبەری بەسەر حکومەتی داهاتووی عێراقەوە بەردەوام بێت و خواستەکانی بەهەند وەربگیرێت.

مەحمود زەیدان دەڵێت"دوای پەیامەکەی سەدر، ڕەنگە لە ڕۆژانی داهاتوو هەوڵی پێکهێنانی حکومەت بدرێت، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە چوارچێوەی هەماهەنگیش لە نێو خۆیاندا کۆک نین."

غیابی سەدر لە یەکەم جوڵەی سیاسی دا

سەرباری کۆکردنەوەی جەماوەرێکی زۆر و ئەنجامدانی یەکەم جوڵەی سیاسی لە ڕێگەی ئەنجامدانی "نوێژی هەینی یەکگرتوو"، کە لە ڕێگەیەوە پەیامی گەیاندە لایەنە ڕکابەرە شیعییەکانی، بەڵام ڕێبەری ڕەوتی سەدر خۆی ئامادەی گردبوونەوە ئاینییە جەماوەریەکە نەبوو.

پێشتر موقتەدا سەدر ڕایگەیاندبوو"بۆ نوێژی هەینی یەکگرتوو، خۆی یان نوێنەرەکەی بەشداری دەکەن."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئامادەنەبوونی ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە گردبوونەوەی ئەمڕۆی لایەنگرانی، پەیوەندی بە دۆخی ئەمنی و ئەو هۆشدارییانەوە هەبووە، کە لەلایەن ئێرانەوە پێیدراوە و بەهەوڵدان بۆ تێکدانی نێو ماڵی شیعە تۆمەتبار کراوە.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغداوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"شەوی ڕابردوو، بۆ دووەمجار ئێرانییەکان پەیامی هۆشداری ئامێزیان گەیاندووەتە سەدر، بەوەی دروستکردنی بارگرژی قەبوڵ ناکەن."

سەرچاوەکە گوتیشی"ڕەنگە نەرمی پەیامەکەی و دەرفەتدانی بە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەت بەمەرج، پەیوەندی بە هۆشدارییەکانەوە هەبێت."


XS
SM
MD
LG