Accessibility links

سوپای ئێران هۆشداری دەداتە ئەمەریکا لە بەرامبەر هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لە دژی


میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند، ڕۆژی هەینی سوپای ئێران هۆشداری داوەتە ئەمەریکا و ئیسرائیل ئەگەر لە ڕێی هێزەوە هەڕەشە لە ئێران بکەن، ئەمەش دوای ئەوەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هێز وەک دوا بژاردە بۆ ڕێگریکردن لە تاران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم دەکرێت بگرێتەبەر.

عەمید ئەبولفەزل شکارچی، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە میدیاکانی دەوڵەتی ئێرانەوە بڵاوی کردەوە "ئەمەریکییەکان و زایۆنیستەکان (ئیسرائیل) زۆر باش باجەکەی دەزانن بەرامبەر بەکارهێنانی وشەی (هێز دژی ئێران)."

گوتیشی "دەبێت بایدن کاتێک هەڕەشەی لە ئێران کردووە، خەواڵوو بووبێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، "سەیری پانتۆڵی سەربازەکانتان بکەن لەوانەیە لە کەنداوی فارسدا تەڕ ببن!"

لە وەڵامی پرسیارێکی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل لەم هەفتەیەدا کە ئایا لێدوانەکانی ڕابردووی کە دەڵێت ڕێگری لە تاران دەکات بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، مانای بەکارهێنانی هێز لە دژی ئێرانە، بایدن لە وەڵامدا گوتی، "ئەگەر ئەوە دوا ڕێگە بێت، بەڵێ. "

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بایدن و یایر لاپیدی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەڵێنێکی هاوبەشیان واژۆ کرد بۆ ڕەتکردنەوەی چەکی ئەتۆمی ئێران، ئەمەش هەنگاوێکی دیارە بۆ جێگیرکردنی بانگەوازەکانی ئیسرائیل بۆ "هەڕەشەی سەربازی باوەڕپێکراو" لەلایەن زلهێزەکانی جیهانەوە.

ئێران ڕەتیدەکاتەوە لە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا بێت و دەڵێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانەیە.

تاران لە ساڵی 2015 دا لەگەڵ شەش وڵاتی زلهێز ڕێکەوتنێکی ئەنجامدا کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمی سنووردار کرد و پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی قورستر کرد بۆ ئەو وڵاتە و لە بەرامبەردا ئێرانیش ڕزگاری بوو لە سزا نێودەوڵەتییەکان.

دانۆڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، لە ساڵی 2018 دا پاشگەز بووەوە لە ڕێککەوتنەکە و سزای توندی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، ئەمەش وایکرد تاران نزیکەی ساڵێک دواتر دەست بە پێشێلکردنی بنەماکانی ڕێککەوتنەکە بکات.

هاوکات هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ زیندووکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنە تا ئێستا شکستیان هێناوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG