Accessibility links

سەرۆک بایدن بەڵێنێکی هاوبەش لەگەڵ ئیسڕائیل واژۆ دەکات بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل یائیر لاپید ڕۆژی پێنجشەممە بەڵێنێکی هاوبەش واژۆ دەکەن بۆ ڕێگەگرتن لە ئێران تاوەکو نەبێتە خاوەنی چەکی ناوەکی.

سەرۆک بایدن کە لە ئێستادا سەردانی ئۆرشەلیم دەکات، ڕۆژی چوارشەممە بە کەناڵێکی ئیسڕائیلی وت کراوەیە بە ڕووی " پەنابردن بۆ دوایین چارەسەر " بۆ بەکارهێنانی هێز دژی ئێران، ئەمەش وەڵامێکی دیارە بۆ داواکانی ئیسڕائیل لە زلهێزەکانی جیهان تاوەکو " هەڕەشەیەکی سەربازیی متمانەپێکراو " دروست بکەن دژی ئێران.

ڕۆژی هەینی سەرۆک بایدن سەردانی سعودیەش دەکات، ڕیازیش بە هەمان شێوە نیگەرانی خۆی هەیە سەبارەت بە ئێران، سەرۆک بایدنیش هیوادارە بتوانێت پەیوەندییەکانی نێوان ئیسڕائیل و سعودیە ئاسایی بکاتەوە.

پێش مەراسیمی واژۆکردنەکە، بایدن بە ڕۆژنامەنووسانی وت لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل یائیر لاپیددا باسییان لەوە کردووە کە چەند " گرنگە بۆ ئیسڕائیل بەتەواوەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناوچەکەدا باشتر ببێت."

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل یائیر لاپید گوتی سەردانەکەی بایدن بۆ سعودیە " زۆر گرنگە بۆ ئیسڕائیل."

سەرۆک بایدن لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ کەناڵی ئیسڕائیل گوتی " تەنها شت خراپتر بێت لەم ئێرانەی کە ئێستا هەیە ئێرانێکە بە چەکی ناوەکییەوە، ئەگەر بتوانین بگەڕێینەوە بۆ ڕێکەوتنەکە ئەوا دەتوانین بیانگرین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG