Accessibility links

سەرۆک بایدن و تەوەرە گرنگەکانی سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست


سەرۆکی ئەمەریکا دەگاتە ئیسرائیل، یەکەم وێستگەی سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەرۆک جۆو بایدن، لەم سەردانە 4 ڕۆژیەیدا بێجگە لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ گەورە کاربەدەستانی تەلئەڤیڤدا، سەردانی کەناری ڕۆژئاواش دەکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ گەورە کاربەدەستانی دەسەڵاتی فەلەستینییەکاندا و دواتریش سەدانی شانشینی عەرەبستانی سعودیە دەکات.
بێ لە دۆسێکانی تایبەت بە پەیوەندییە دوو لایەنەکان لە نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل و هەروەهاش عەرەبستانی سعودیەدا، وەک گەورە کاربەدەستانی واشنتۆن دەڵێن ئامانجێکی تری ئەم سەردانە فشارکردنە بۆ دروستکردنی هاوبەشییەکی قوڵتری ئاسایشی ئاشکرا لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی ئێران بۆسەر سەقامگیریی ناوچەکە.
ئەم دۆسێیەی بەرەنگاربوونەوەی جموجۆڵەکانی ئێران لە ناوچەکەدا گرنگیی ستراتیژی خۆیی هەیە بەتایبەتی بۆ ئیسرائیل، هەر بۆیە بەر لەم سەردانەی سەرۆک بایدن، تەلئەڤیڤ بە شێوەیەکی بەرچاو دەستی کرد بە هەوڵ و مانۆڕی هاوبەش لەگەڵ وڵاتە عەرەبە دۆستەکانیدا بۆ کۆنترۆڵکردنی خواستە لەشکرییەکانی ئێران.
یەکێک لەوانە ئەو کۆبوونەوەیە بوو کە گەورە کاربەدەستانی لەشکری ئیسرائیل و عەرەبیش لە بنکەی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردیان بۆ داڕشتن و پەرەپێدانی ڕێککەوتنێکی نوێی هێزی ئاسمانی بە مەبەستی پاراستنی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیش لە هەڕەشە و مەترسییەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی ئێران.
بێ لەوەش ئەفسەرێکی باڵای ئیسرائیل لە بەحرەینە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاوانخوازییەکانی ئێران. لە شانشینی مەغریبیش سەربازەکانی ئیسرائیل ڕۆڵی خۆیان هەبووە لە گەورەترین مانۆڕی لەشکریانەی ئەمەریکا لە ئافریکا و هەروەهاش هێزی دەریایی ئیسرائیل مانۆڕی خۆی لە دەریای سووردا کرد بە بەشداریی هێزی دەریایی ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی.
دۆسێیەکی تری ئەم سەردانەش جێگیرکردنی ئاگربەستەکەی وڵاتی یەمەنە.

ئیسرائیل و فەلەستین و چارەسەری دوو دەوڵەت:

تا ئێستا جەخت کردنەوەکان لەسەر ئەوەیە کە سەرۆک بایدن چارەسەری دوو دەوڵەتی سەربەخۆ لەگەڵ فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکانیشدا باس دەکات، پێشدەچێت تا ئێستاش بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن سووربێت لەسەر ئەوەی کە هیچ ئەڵتەرناتیڤێک نییە بۆ ئەم چارەسەری دوو دەوڵەتییە، هەبوونی دەوڵەتێکی فەلەستینی کە بە ئاشتیانە لەگەڵ ئیسرائیلی دراوسێیدا بژی. خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئیسرائیلیش هەمان ڕوانینی هەبێت. جا دەمێنێتەوە ئەوەی ئایا پێکهێنانی ئەم دەوڵەتە فەلەستینییە چەندێک کاتی دەوێت و چۆن پێکدەهێنرێت، کێ دەبێتە نوێنەری ڕاستەقینەی فەلەستینییەکان و ئایندەی ئۆردۆگاکانی نیشتەجێکردنی جووەکان بە چ ئاڕاستەیەکدا دەبێت، چەند پرسێکی تریش هێشتا بە کراوەیی ماونەتەوە.

عەرەبستانی سعودیە و ڕێککەوتنی ئیبراهیم:

فروانکردنی ڕێککەوتنی ئیبراهیم یەکێک دەبێت لە تەوەرە هەرە سەرکییەکان لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی سەرۆک بایدن لەگەڵ گەورە ڕێبەرانی عەرەبستانی سعودیەدا.
ئێستا پێنج وڵاتی عەرەبی (بەحرەین، میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، مەغریب، میسر، شانشینی ئوردون) پەیوەندی دیپلۆماتییان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە و هەرچی وڵاتە عەرەبییەکانی تریشن وەها خۆیان نابینن کە لە شەڕدان لەگەڵ ئیسرائیلدا.
دەشێت جیاواز لەو وڵاتە عەرەبیانە، مۆرکردنی ڕێککەوتنی ئیبراهیم بۆ عەرەبستانی سعودیە کارێکی سانا نەبێت بەهۆی پاشخانی ئاینی ئەو وڵاتە عەرەبییەوە و هەروەهاش بوونی بیرکردنەوەی وەهابیزم لەو وڵاتەدا.
لەوەتای ئەو ڕێککەوتنانەی ئیبراهیم مۆرکراون، وەک وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت کاربەدستانی بەرگری ئیسرائیل و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب 150 کۆبوونەوەیان کردووە.

XS
SM
MD
LG