Accessibility links

ئێران دەڵێت گەشتەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابێتە مایەی ئاسایشی هەرێمەکە


ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل بۆ پێشوازیکردن لە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا
ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل بۆ پێشوازیکردن لە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا

ئێران دەڵێت گەشتەکەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە لە ڕۆژی چوارشەممەوە دەستپێدەکات، ئاسایش بۆ ئیسرائیل، دوژمنی سەرسەختی هەرێمی کۆماری ئیسلامی، ناهێنێتە ئاراوە.

سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی لە بەیاننامەیەکیدا سەبارەت بە ئیسرائیل گوتی " ئه‌گه‌ر سه‌ردانه‌کانی کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مەریکایی بۆ وڵاتانی ناوچه‌که‌ بە مەبەستی به‌هێزکردنی پێگه‌ی ڕژێمی زایۆنیست و ئاسایی کردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌م ڕژێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێ وڵات بێت، هەوڵەکانیان بەهیچ شێوەیەک ئاسایش بۆ زایۆنیستەکان دروست ناکات."

سەرۆک جۆو بایدن گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سەردانەکەی ڕۆژی چوارشەممەی بۆ ئیسرائیل دەستپێدەکات و پاشان لەوێوە ڕۆژی هەینی دەچێت بۆ عەرەبستانی سعودیە بەو هیوایەی سەردانەکەی ڕێگەخۆشکەربێت بۆ دامەزراندنی پەیوەندی لە نێوان ئیسرائیل و سعودیە.

ئێران چەندین جار ڕەخنەی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل گرتووە و بە لێدانی "چەقۆیەک لە پشتی" فەلەستینییەکان ناودێری کردووە.

ڕەئیسی ڕۆژی چوارشەممە جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی لە نزیکەوە چاودێری "هەموو پێشهاتەکان"ی ناوچەکە دەکات.

ئەو گوتیشی "چه‌ندین جارمان به‌و که‌سانه‌ی که‌ په‌یامیان له‌ ئه‌مەریکاییەکانەوە‌ هێناوه‌ گوتووه‌ که‌ ئه‌گه‌ر بچوکترین هه‌نگاو له‌ دژی سەروەری خاکی ئێران بگیرێت، ئەوا ڕووبەڕووی وەڵامی توندی ئێمە دەبێتەوە."

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل یائیر لاپید ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند فراوانكردنی كرده‌وه‌ هاوبه‌شه‌كان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تاران له‌ سه‌ره‌وه‌ی كارنامه‌كه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بایدن ده‌بێت. ئەم لێدوانەش پاش ئەوە بوو کە کۆشکی سپی چەند ڕۆژێک پێشتر ڕایگەیاندبوو لە سەدانەکەدا گفتوگۆ لەسەر زیادکردنی هاوکارییەکانی بەرگری ئاسمانی ناوچەکە دەکرێت، بەتایبەتی سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تاران، ئەو پلانانەی کە ئێران بە "مەترسی" بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی ئیدانەی کرد.

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشتریش لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاندبوو دروست کردنی هاوپەیمانی ناوچەیی لە لایەن ئەمەریکاوە ئاسایش بۆ ناوچەکە مسۆگەر ناکات.

سەرچاوە: AFP

XS
SM
MD
LG