Accessibility links

سوپای ئەمەریکا: لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکا بەرپرسێکی باڵای داعش لە سوریا کوژرا


سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند؛ سەرکردەیەکی دیاری داعش لە سوریا کە یەکێکە لە پێنج سەرکردە سەرەکیەکەی ئەو گروپە چەکدارە لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا کوژراوە.

لە بەیاننامەیەکدا فەرماندەی ناوەندی هێزە لەشکرییەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە کە ماهر ئەلعقال لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا کوژراوە و هاوکارێکی نزیکیشی بە سەختی بریندار بووە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە "پلانێکی چڕ بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە سازکرابوو بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی پڕۆسەکە. پێداچوونەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ قوربانییەکی مەدەنی لینەکەوتۆتەوە."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ ئه‌لعقال به‌رپرسه‌ له‌ په‌ره‌پێدانی تۆڕه‌كانی داعش له‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق و سوریا.

پێشتر ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئەمەریکا ڕاپۆرتی لەسەر کوشتنەکە بڵاوکردبۆوە.

ئەوە گورزێکی دیکە دەبێت بۆ سەر هەوڵەکانی گروپە ئیسلامییەکە کە سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوەیە وەک هێزێکی پارتیزانی دوای لەدەستدانی بەشێکی زۆری ئەو خاکەی لەژێر دەستیدا بوو.

ئەمەریکا نزیکەی 900 سەربازی لە سوریا هەیە کە زۆربەیان بەسەر ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دابەش بوون، ئەو وڵاتەی کە بەهۆی زیاد لە 10 ساڵ شەڕ و ناکۆکیەوە دووچاری کارەسات بووە، هەرچەندە بەڕێوەبەرایەتییەکەی سەرۆک جۆو بایدن هێشتا پلانی درێژخایەنی خۆی بۆ ئەو ئەرکە هەشت ساڵەیە ڕوون نەکردۆتەوە.

به‌رگری شارستانی سوریا كه‌ رێكخراوێكی مرۆییه‌ و له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئۆپۆزسیۆن كار ده‌كات، ڕایگه‌یاند فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی نه‌ناسراو له‌ گوندی خه‌لتان له‌ باكوری لادێكانی ناوچه‌ی حه‌له‌ب ماتۆڕسكیلێكیان كردۆ‌ته‌ ئامانج و به‌هۆیه‌وه‌ دوو كه‌س كوژراون.

لە لوتکەی دەسەڵاتی خۆیدا لە ساڵانی 2014 ۆ 2017 دەوڵەتی ئیسلامی داعش حوکمڕانی بەسەر ملیۆنان خەڵکی ئەو ناوچانەدا کردبوو ، هاوکات بەرپرسیارێتی دەیان هێرشی لە شارەکانی جیهاندا گرتبووە ئەستۆ یان ئیلهامبەخشی ئەو هێرشە تیرۆریستیانە بووە.

ڕێبەرەکەی داعش ئەبوبەکر ئەلبەغدادی، لە ساڵی 2014دا خەلافەتی بەسەر چەند بەشێک لە عێراق و سوریادا ڕاگەیاند، پێش ئەوەی لە ساڵی 2019دا لە هەڵکوتانە سەر هێزەکانی تایبەت بە ئەمەریکا بۆ سەر باکووری ڕۆژئاوای سوریا لە کاتی شکستی یەکجارەکی گروپەکەدا بکوژرێت.

هاوپەیمانی بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ناوەڕاستی ساڵی 2019 دا، دوای شکستی مەیدانی شەڕی گروپەکە، ڕایگەیاند کە 14 بۆ 18 هەزار ئەندامیان لە دوای خۆیان بەجێماون، لەنێویاندا 3 هەزار شەڕکەری بیانی هەیە، هەرچەندە ژمارەی تەواوەتی ئەندامانی ڕاستەقینەی داعش تا ئێستا لەبەردەستدا نیە.

وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا لە بەیاننامەکەدا سەبارەت بە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە گوتی "داعش بەردەوامە لە نوێنەرایەتیکردنی هەڕەشە بۆ سەر ئەمەریکا و هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا."

شرۆڤەکاران دەڵێن ڕەنگە زۆرێک لە شەڕکەرە ناوخۆییە جیهادییەکان خۆیان خزاندبێتە نێو ژیانی ئاسایی ڕۆژانەی خەڵکەوە، ڕەنگە ئامادەبن هەر کاتێک دەرفەتێک بێتە ئاراوە دووبارە دەربکەونەوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG