چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران داوایان لە ژنان کردووە لە "ڕۆژی نیشتیمانی سەرپۆش و پاکیزەیی"دا بە ئاشکرا سەرپۆش و باڵاپۆشی لابدەن، ئەمەش مەترسی دەستگیرکردنیان زیاتر دەکات بەهۆی سەرپێچیکردن لە یاسای جلوبەرگی ئیسلامی؛ لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی توندڕەوی ئەو وڵاتە بە بیانوی "ڕەفتاری نا ئەخلاقیانە" سەرکوتیان دەکەن.
بەپێی یاسای شەریعەتی ئیسلامی ئێران کە دوای شۆڕشی ئیسلامی 1979 سەپێندراوە دەبێت ژنان پابەندن بە داپۆشینی قژیان و جلوبەرگی باڵاپۆش و پان و بەرین لەبەر بکەن بۆ ئەوەی جەستەیان دەرنەکەوێت. سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی سەرزەنشتکردنی گشتی، سزای ئابوری یان دەستگیرکردن دەبنەوە.
بەڵام دوای دەیان ساڵ لە شۆڕش، فەرمانڕەوا ئاینییەکان هێشتا لە خەباتدان بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە، زۆرێک لە ژنان لە هەموو تەمەن و پاشخانێکدا مانتۆ لەبەردەکەن و باڵاپۆشن، هاوکات سەرپۆشی ڕەنگاوڕەنگ لەسەر دەکەن و لە پێشەوە و لە دوای سەریانەوە قژیان دەردەکەوێت.
ڕەخنەگران و چالاکوانان پەرەسەندنی هەوڵەکانی دامەزراوەکە بۆ سەپاندنی پابەندبوون بە حیجابەوە وەک بەشێک لە سەرکوتکردنی بەرفراوانتر لەسەر ناکۆکی قووڵبوونەوەی ناڕەزایی لەسەر باری سەختی ئابوری لە ناوخۆ و پەرەسەندنی فشارەکانی ڕۆژئاوا لەسەر ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەزانن.
لە کاتێکدا دەوڵەت لە سەرانسەری وڵاتدا ڕێوڕەسم بەڕێوەدەبات بۆ بەرزڕاگرتنی "ڕۆژی نیشتمانی حیجاب و پاکیزەیی"، چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ ڕەخنەیان لەو هەنگاوە گرتووە و داوایان لە ژنان کردووە کە سەرپۆش لاببەن.
بە دەیان چالاکوانی ناوداری مافەکانی ژنان ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند: ڕۆژی نیشتیمانی حیجاب و پاکیزەیی تەنیا بیانوویەکە بۆ بە ئامانجگرتنی ژنان و هەڵگیرسانی شەپۆلێکی نوێی سەرکوتکردن لە دژی گەلی ئێران و بە تایبەتی ژنان.
لە نمایشێکی نافەرمیانەی مەدەنیدا، چەند ڕۆژێکە هاشتاگی #No2Hijab واتە نا بۆ حیجاب لە سۆشیال میدیادا بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن ئێرانییەکانی دەرەوە و ناوخۆی وڵاتەوە بڵاودەکرێتەوە.
ڤیدیۆی ژنان لەکاتی ڕۆیشتنیان بە شەقامەکاندا یاخود وەک ئاڵنگارییەک بەرامبەر پۆلیسی ئەخلاق حیجابەکانیان لادەبەن سۆشیال میدیای گرتووەتەوە. رۆیتەرز نەیتوانیوە ڕاستی ئەو ڤیدیۆیانە پشتڕاست بکاتەوە.
ژنێک لە تویتێکدا نووسیویەتی "پێویستە مافی ئەوەم هەبێت بڕیار بدەم کە دەمەوێت چی لەبەر بکەم و لەبەر هەڵبژاردنی خواستی خۆم زیندانی نەکرێم. #No2Hijab".
هەندێک لەو ژنانەی کە خۆبەخشانە حیجاب لادەبەن یان حیجابیان کردووە و پیاوانیش پەیوەندییان بەو هەڵمەتە کردووە.
ههڵمهتی نێونهتهوهیی بۆ مافی مرۆڤ له ئێران که بنکەکەی له نیویۆرکه، ڕۆژی دووشهممه ڕایگهیاند که "نیگهرانییهکی ڕژد لە ئارادایە له بارهی ئهگهری زیاتری توندوتیژی و دهستبهسهرکردن له 12ی مانگی 7 دا".
ئاژانسی فارسی نیمچە فەرمی ئێران ڕایگەیاند، رۆژی دووشەممە چەند کەسێک دەستگیرکراون.
هەڵمەتی #No2Hijab لەگەڵ خۆپیشاندانی چەندین مانگ لەلایەن مامۆستایان و خانەنشینان و کرێکاران و فەرمانبەرانی حکومەتەوە لەسەر نەدانی مووچە و کەمی خانەنشینی و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک کە زیانی بە شەرعیەتی دامەزراوەکە گەیاندووە لەگەڵ خۆپیشاندەران داوای گۆڕانکاری سیاسییان کردووە.
بەرپرسێكی پێشووی حكوومەتی ئێران دەڵێت "ئەمە وەك ئەوە وایە بەنزین بکەی بەسەر ئاگردا، خەڵك لە ئێستاوە بەهۆی بەرزی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخەكان توڕەن، زۆر بێزارن، زۆرکردن لە خەڵک هەرگیز کاریگەری نەبووە."
شەپۆلەکانی خۆپیشاندانی دژە حیجاب لە ساڵانی ڕابردوودا دژی ئەو دامەزراوە ئاینییە بەردەوام بووە، مەسیح عەلینەژاد، چالاکی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی 2014 دا لە فەیسبووک هەڵمەتێکی "ئازادی شاراوەی منی"ی دەستپێکرد، کە تێیدا وێنەی ژنانی ئێرانی کە پیشان دەدات کە سەرپۆش یان حیجابەکانیان لادەدەن و چەندین ژنی ئێران بەشداریان لەو هەڵمەتەدا کرد بەبێ حیجابەوە.
دواتر لە ساڵی 2017 دا هەڵمەتێک بەڕێوەچوو بۆ ئەوەی ژنان لە ڕۆژانی چوارشەممەدا باڵاپۆشی سپی لەبەر بکەن و خۆپیشاندانی حیجاب لە ساڵی 2018 دا ئەنجامدرا کاتێک ژنان حیجابەکانیان بەرزدەکردەوە ڕژانە سەر شەقامەکان. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دەیان ژن لە ئێران بە هۆی ئەو چالاکیانەیانەوە دژی حیجاب و باڵاپۆشی زۆرەملێ زیندانی کراون.
عەلی نەژاد بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، "دامەزراوەکە ترسی ئەوەی هەیە شۆڕشێک لەلایەن ژنانەوە دەستپێبکات کە لە ئەمڕۆوە بە ڕاستی دەستی پێکردووە."
سەرچاوە: ڕۆیتەرز