Accessibility links

ئەردۆغان داوا لە پوتن دەکات دەروازەی ناردنی کۆمەک بۆ سوریا بە کراوەیی بهێڵێتەوە


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕۆژی دووشەممە داوای لە هاوتا ڕووسییەکەی ڤلادیمیر پوتن کرد مۆڵەتی ڕێگەدان بە ناردنی یارمەتی مرۆیی لە دەرەوەوە بۆ ناو سوریا درێژبکاتەوە.

داواکەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە کە دیپلۆماتکارەکان لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکدان کە بتوانێت بەسەر ڤیتۆی ڕووسیادا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان زاڵ بێت و بەردەوامی بدات بە میکانیزمێک کە لە ساڵی 2014 ەوە ڕێگەی بە ناردنی کۆمەک بۆ ئەو وڵاتەداوە کە شەڕ بەشێکی زۆری وێرانکردووە.

دوای گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ پوتن، نوسینگەی ئەردۆغان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە دەڵێت، "ئەردۆغان جەختی لەوە کردووەتەوە کە بە گرنگییەوە لە درێژکردنەوەی میکانیزمی پەڕینەوە کۆمەك لە سنور لە سوریا دەڕوانێت".

سنوری تورکیا و سوریا لە دەروازەی باب ئەلحەوا تاکە ڕێگایە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خەڵکی مەدەنی بێ ئەوەی بەو ناوچانەدا بڕۆن کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەتی سوریادان.

ڕووسیا کە هاوپەیمانی ڕژێمی سوریایە، دەسەڵاتی ڤیتۆی خۆی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکارهێنا بۆ ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکانی ڕۆژئاوا بۆ هێشتنەوەی دەروازەی سنوری بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە بە کراوەیی.

ئەم بنبەستییە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕووسیا بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە گەشتۆتە بەرزترین ئاست لە سەردەمی شەڕی ساردەوە.

XS
SM
MD
LG