Accessibility links

ڕووسیا ئاماژە بە کۆتاییهێنان بە یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات بۆ سوریا لە ڕێی تورکیاوە


ڕووسیا ڕۆژی هەینی ئاماژەی بە کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاری درێژخایەنی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ باکوری ڕۆژئاوای سوریا لە تورکیاوە؛ دوای ئەوەی ڤیتۆی درێژکردنەوەی ماوەی ساڵێک کرد و دواتر شکستی هێنا لە هەوڵ و کۆششەکانی خۆی بۆ نوێکردنەوەی شەش مانگ و هەوڵی زیاتری ئاوەدانکردنەوەی نێودەوڵەتی.

ئەرکی ئێستای ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوانەش دابینکردنی خۆراک، دەرمان و شوێنی نیشتەجێبوون بۆ نزیکەی 4 ملیۆن کەس لە ڕێی تورکیاوە بۆ باکوری ڕۆژئاوای سوریا کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆندایە ڕۆژی یەکشەممە کۆتایی دێت.

دیمیتری پۆلیانسکی جێگری باڵیۆزی ڕووسیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند تاکە چارەسەر کە مۆسکۆ ڤیتۆ ناکات، هەڵوەشاندنەوەیەتی. ئەو ڕەشنووسی بڕیارنامەیە ڕۆژی هەینی شکستی هێنا دوای ئەوەی تەنیا ڕووسیا و چین دەنگیان بە بەڵێ دا. ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا دەنگیان بە دژی ئەو دەقەی ڕووسیا دا و 10 ئەندامی ئەنجومەنەکە کە مابوونەوە دەنگیان نەدا.

پۆلیانسکی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "لەم خاڵەدا هیچ بژاردەیەکی دیکە نابینم. بە لەبەرچاوگرتنی ڕاستی ئەو وشانەی کە ئەمڕۆ وتراون، پێموایە ئەمە نزیکە لە مەحاڵەوە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەندامێکی دیکەی ئەنجومەنەکە دەتوانێت دیسانەوە پێشنیازەکەی ڕووسیا بخاتەوە ناو ده‌نگدان.

پێش ئەوەی ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی خۆی شکست بهێنێت، ڕووسیا ڤیتۆی لەسەر پێشنیارێکی درێژکردنەوەی ساڵێک کردبوو کە لەلایەن ئێرلەندا و نەرویجەوە داڕێژرابوو کە 13 دەنگی بەڵێی بەدەستهێنابوو. سەرەڕای هاوبەشی ستراتیژی "بێ سنوور" لەگەڵ مۆسکۆ، چین لە دەنگدانەکەدا بەشداری نەکرد.

لیندا تۆماس-گرینفیڵد، باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجومەنەکەی وتووە "ئەمە پرسێکە پەیوەندی بە ژیان و مردنەوە هەیە بۆ ئەو خەڵکە کارەساتبارە، خەڵک دەمرن بەهۆی ئەم دەنگدانەوە و ئەو وڵاتەی کە بێ شەرمانە مافی ڤیتۆ بەکاردەهێنێت".

ژانگ جون باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەموو ئەندامانی ئەنجومەنەکە کرد "دەستبەرداری نەبن" و بەردەوام بن لە دانوستانەکان، لە کاتێکدا جیرالدین بایرن ناسۆن خانمە باڵیۆزی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئێرلەندا گوتی "ئێمە لەم ڤیتۆیە ناترسین. ئەمە کۆتایی ڕێگاکە نییە."

بەڵام کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا ڕووسیا جارێکی دیکە ڤیتۆی هەر ڕەشنووسێک دەقێک دەکات کە هی خۆی نەبێت، لە وەڵامدا گوتی: ئاشکرایە کە وایە.

ڕووسیا باس لەوە دەکات کە ئۆپەراسیۆنی یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێلکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریایە. دەڵێت پێویستە یارمەتی زیاتر لە ناوخۆی وڵاتەوە بگەیەنرێت، ئەمەش ترس بۆ ئۆپۆزسیۆن دروست دەکات کە خۆراک و یارمەتییەکانی دیکە بکەونە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتەوە.

ئه‌مەریكا، به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا ڕۆژی هه‌ینی ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ درێژكردنه‌وه‌ی شه‌ش مانگ بەڕادەیەک نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گروپەکانی‌ هاوكارییه مرۆییەکان پلان دابنێن و به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر كار بكه‌ن.

هەروەها زلهێزەکانی ڕۆژئاوا دژی دابینکردنی بودجەی هەوڵە بەرفراوانەکانی ئاوەدانکردنەوەن تا ئەو کاتەی پێشکەوتن بەرەو چارەسەرێکی سیاسی لە سوریا بەدەست دێت، کە بەهۆی سەرکوتکردنی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد بۆ سەر خۆپیشاندەرانی لایەنگری دیموکراسی لە ساڵی 2011 دا بووە هۆی کەوتنەوەی شەڕی ناوخۆ.

دەنگدانی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر ڕێگەپێدانی ئۆپەراسیۆنی هاوکارییەکان لە مێژە پرسێکی مشتومڕلەسەر بووە، بەڵام ئەمساڵیش لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و زلهێزەکانی ڕۆژئاوا لەسەر لەشکرکێشی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکرانیا لە 24 ی مانگی 2 دا زیاتر بووە.

ئەنجوومەنی ئاسایش لە ساڵی 2014 ڕێگەی گەیاندنی یارمەتی مرۆیی دا بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە عێراق، ئوردن و لەڕێی دوو خاڵی سنوری لە تورکیاوە. بەڵام دەسەڵاتەکانی ڤیتۆی ڕووسیا و چین ئەو هەڵمەتەیان کەمکردووەتەوە بۆ تەنها یەک خاڵی سنوری تورکیا.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان مانگی ڕابردوو داوای لە ئەنجومەنەکە کرد کە ڕەزامەندی خۆی لەسەر ئۆپەراسیۆنی هاوکارییەکان درێژ بکاتەوە و بە ڕێکخراوەکەی ڕاگەیاند کە "ناتوانین دەستبەرداری خەڵکی سوریا بین".

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG