بەرپرسانی ناوخۆیی ئۆکرانیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایانگەیاند دوای ئەوەی مووشەکێکی ڕووسیا لە باڵەخانەیەکی ئەپارتمەنتی پێنج نهۆمی لە ناوچەی دۆنێتسکی ئۆکرانیا دەدات، بەلانی کەم ١٥ کەس کوژران، و دەشڵێن پێدەچێت خەڵکی دیکەش هێشتا لە ژێر پاشماوەکانی ئەو باڵەخانەیەدا گیریان خواردبێت.
هەروەها ئۆکرانیا ڕاپۆرتی پێکدادانەکانی لەگەڵ سەربازانی ڕووسیا لە بەرەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور ڕاگەیاند، و هاوکاتیش مۆسکۆ گوتی هێزەکانی هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی سوپای ئۆکرانیا لە ناوچەی دۆنێتسک کە هاویتزەری M777ی بەرهەم هێنراوی ئەمریکایان تێدایە.
پارێزگاری دۆنێتسک رایگەیاند هێرشە مووشەکییەکەی ڕووسیا بۆ سەر باڵەخانەکەی ئەو ناوچەیە ئێوارەی رۆژی شەممە لە شارۆچکەی چاسیڤ یار ڕوویداوە.
دەزگای فریاگوزاری ناوچەکە پاشنیوەڕۆی یەکشەممە، ژمارەی کوژراوەکانی بە ١٥ کەس ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەشکرد کە هێشتا ٢٤ کەسی دیکە لە ژێر پاشماوەکاندا گیریان خواردوە.
دانیشتوویەکی ناوچەکە کە خۆی بە ناوی لودمیلا ناساندوە لە بارەی ساتی ڕووداوەکەوە دەڵێت "ئێمە ڕامانکرد بۆ ژێرزەمینەکە و سێ مووشەک لێیداین، یەکەمیان لە شوێنێک لە چێشتخانەکەیدا و دووەمیان، تەنانەت لەبیرم نییە، ڕەشەبا هەبوو، ڕامانکرد بەرەو دەرگاکە و دواتر ڕاستەوخۆ چووینە ژێرزەمینەکەوە و بەدرێژایی شەو تا ئەم بەیانییە لەوێ دانیشتین."
ئاندری یەرماک، سەرۆکی ئەرکانی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە پۆستێکیدا لە تێلیگرام ڕایگەیاندووە کە هێرشەکە "هێرشێکی تری تیرۆریستییە" .
ڕووسیا دەڵێت خەریکی "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەتە" و ڕەتیدەکاتەوە کە بە ئەنقەست هێرشی کردبێتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی.
پارێزگاکانی لوهانسک و دۆنێتسک کە دۆنباس پێکدەهێنن، ناوچەیەکی پیشەسازی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیایە کە بووەتە گەورەترین گۆڕەپانی شەڕی ئەوروپا.