Accessibility links

پەیامی ئێران بۆ ڕێبەری ڕەوتی سەدر


لەکاتێکدا ڕێبەری ڕەوتی سەدر ئامادەکاری دەکات بۆ نوێژی بەکۆمەڵی هەینی لە ڕۆژی 15 ی ئەم مانگە، لایەنە شیعەکانی ڕکابەریشی پەلەیانە بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئێرانیەکانیش ترسیان لە ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراق هەیە و پەیامێکیان بۆ موقتەدا سەدر ناردووە.

بەپێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا، پەیامی ئێرانییەکان بۆ ڕێبەری ڕەوتی سەدر پەیامێکی هۆشداری ئامێزبووە، بەوەی تێکچوونی دۆخەکە لە بەرژەوەندی حوکمڕانی شیعە نیە لە عێراق دا، بەرپرسیارێتی تێکچوونی دۆخەکەشیان خستووەتە ئەستۆی سەدر.

ڕێبەری ڕەوتی سەدریش، دوای ئەوەی پەیامی ئێرانییەکانی پێگەیشت، دوێنێ بۆنەی جەژنی قۆستەوە و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ وەڵامی ئێرانییەکانی دایەوە، کاتێک ڕایگەیاند"عێراق قوربانی و دیلی گەندەڵی و دەستوەردانی دەرەکییە."

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق پێیوایە، ئەگەری سەرکەوتنی لایەنە شیعەکان لە پێکهێنانی حکومەت بە بێ ڕەوتی سەدر، دەوەستێتەوە سەر ئەو تاکتیکەی بەکاری دەهێنێت لە ڕووبەڕوو بوونەوەیان، دەڵێت"دوو سیناریۆ لە ئارادایە، سیناریۆی یەکەم ڕێگەدانی سەدرە بە پێکهێنانی حکومەت، بەڵام حکومەتێکی تەمەن کورت، سیناریۆی دووەمیش ڕێگە نەدانیەتی بە پێکهێنانی حکومەت هەر لە بنەماوە، لەڕێگەی هاوپەیمانەکانی لە نێو پەرلەمان و فشاری شەقامەوە، ڕەنگە دوای 15 ی مانگ ئەمە ڕوونببێتەوە."

بەڕای هۆشیار عەبدوڵا، بانگەشەکردنی سەدر بۆ نوێژی هەینی جۆرێک ڕەمزیەتی تێدایە، کە پێشتر باوکی ئەم ڕێگەیەی دژی دەسەڵاتی بەعسییەکانی ئەوکات گرتووەتە بەر و پەنای بۆ مینبەر بردووە، وتی"دوای 15 ی مانگ هاوکێشەکان ڕوونتر دەبنەوە، بەڵام ئەوەی ڕوونە سەدر نەچووەتە دەرەوەی گەمەی سیاسی، بەڵکو بەرەکەی لە لەناو پەرلەمانەوە بۆ سەر جادە گواستووەتەوە."

قوڵبوونەوەی ناکۆکێ نێوان سەدر و هێزە شیعەکانی نزیک لە ئێران، دوای شکستهێنانی سەدر لە پێکهێنانی حکومەت و جێهێشتنی گۆڕەپانەکە دێت بۆ ئەو لایەنانە، کە لە ئێستادا سەدر کار لەسەر جوڵاندنی شەقام و شکست پێهێنانی لایەنە شیعەکان دەکات لە پێکهێنانی حکومەت.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە پەیامی ئێرانییەکان بۆ سەدر، لە بەغداوە بە دەنگی ئەمەریکای وت"ناوەڕۆکی پەیامی ئێرانییەکان هۆشداری ئامێزبووە بۆ سەدر، پێیڕاگەیەنراوە دروستبوونی ئاڵۆزی لە عێراق، زیان بە ئاسایشی نیشتیمانی ئێران دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی هەڵایسانی شەڕی شیعە بە شیعە، کە بەلای ئەوانەوە قەبوڵ نەکراوە."

بەڵام هۆشیار عەبدوڵا وایدەبینێت، ئێران سەقفێکی بۆ لایەنە شیعەکان دروستکردووە و چەند ململانێی یەکتری بکەن، لە ژێر ئەو سەقفەدا یاری دەکەن، وتی"فشاری ئێران کاریگەری زۆر هەیە، بەڵام هاوکێشەی سیاسی لە عێراق لە دوای شەڕی ئۆکرانیا و ڕوسیا و خواستی زیاتر لە سەر وزە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، تەنها ئێران کاری تێدا ناکات، بەڵکو دەوڵەتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیش بە فراوانی ئیش لەسەر عێراق دەکەن."

جەختیشیکردەوە"هەرکات باس لە فشاری ئێران کرا، هاوکێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانیش تەماشاکەر نابن و فشار دەکەن."

لە ئێستادا چاوەکان لەسەر ڕۆژی هەینی داهاتوون، کە لەو ڕۆژەدا سەدر لەڕێگەی نوێژی بەکۆمەڵەوە، یەکەم جوڵەی سیاسی خۆی ئەنجام دەدات و تا ڕادەیەک ئایندەی ململانێی نێوان سەدر و هێزە شیعەکان ڕووندەبێتەوە.

XS
SM
MD
LG