Accessibility links

خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی سەرۆکی سریلانکا و ئاگریان لە شوێنی نیشتەجێبوونی بەردا


ڕۆژی شەممە نوسینگەی سەرەک وەزیرانی سریلانکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی هەزاران خۆپیشاندەر هەڵیانکوتایە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمی سەرۆک کۆماری سریلانکا لە شاری کۆڵۆمبۆ، رانیل ویکرمیسینگ، سەرۆک وەزیرانی سریلانکا ئامادەیە دەست لەکار بکێشێتەوە بۆ ئەوەی شوێنێک بۆ حکومەتی سەرجەم حزبەکان بکاتەوە.

سەرباز و پۆلیس نەیانتوانی ئەو جەماوەرە خۆپیشاندەرانە ڕابگرن کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک گۆتابایا ڕاجاپاکسایان دەکرد، لە کاتێکدا ناڕەزایی و توڕەیی جەماوەری بەرامبەر خراپترین قەیرانی ئابوری وڵاتەکە لە ماوەی حەوت دەیەدا پەرەدەسێنێت.

هەروەها خۆپیشاندەران بە زۆر لە دەروازەی ئاستەنگە کانزاییە سەختەکانەوە چوونە ناو وەزارەتی دارایی و ئۆفیسەکانی سەرۆکی وڵاتەکە کە ڕووی لە کەناراوی دەریایەکە.

دوو سەرچاوەی وەزارەتی بەرگری ڕایانگەیاند، راجاپاکسا ڕۆژی هەینی وەک ڕێکارێکی سەلامەتی پێش خۆپیشاندانی کۆتایی هەفتە کە پلانی بۆ دانرابوو، شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمی بەجێهێشتووە. ڕۆیتەرز نەیتوانی دەستبەجێ شوێنی سەرۆک کۆمار پشتڕاست بکاتەوە.

ویکرێمسینگ لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی پارتە سیاسییەکان وتووێژی کردبوو بۆ ئەوەی بڕیار بدات کە دوابەدوای نائارامییەکان چ هەنگاوێک بنێن.

لە بەیاننامەیەکدا نوسینگەی ویکرێمسینگ ڕایگەیاندووە "ویکرێمسینگ بە سەرکردەکانی حزبەکەی ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە دەست لە پۆستی سەرۆک وەزیران بکێشێتەوە و ڕێگە بۆ حکومەتێکی سەرتاسەری بکاتەوە بۆئەوەی دەست بەسەر دەسەڵاتی وڵاتەکەدا بگرێت".

سەرچاوەیەکی حکومی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، هەروەها ویکرێمسینگ گواسترابووەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو. هاوکات سەرکردەکانی چەند پارتێکی ئۆپۆزسیۆن داوای دەستلەکارکێشانەوەی ڕاجاپاکسایان کردووە.

سەرۆکی پارتی ئازادی سریلانکا و سەرۆکی پێشووی پارتی ئازادیی سریلانکا، مایتریپالا سیریسێنا، پێش ئەوەی ویکرمیسینگ پێشنیاری دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بکات ڕایگەیاند بوو کە "سەرۆک و سەرۆک وەزیران دەبێت دەستبەجێ دەست لەکار بکێشنەوە. ئەگەر ئەوە ڕوونەدات ناسەقامگیری سیاسی خراپتر دەبێت".

لە لایڤستریمێکی فەیسبووک لە ناو ماڵی سەرۆکەوە دەرکەوتووە کە سەدان خۆپیشاندەر کە هەندێکیان ئاڵای نیشتمانییان لەبەردایە و ڕادەکەن بەرەو ژوورەکان و ڕێڕەوەکان.

لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەرکەوتووە هەندێکیان لەناو مەلەوانگەکەدا گردبوونەتەوە، هەندێکی دیکەشیان لەسەر پێخەفە گەورەکەی سەرۆک پاڵکەوتوون و هەندێکی دیکەشیان لەسەر قەنەفەکان دانیشتوون. هەندێکیان لە وێنەکاندا ژوورەکان دەپشکنن.

سەدان کەس لە گۆڕەپانی ئەو بارەگایەی کە بە ڕەنگی سپی ڕووپۆشکراوە و دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی کۆلۆنیالیزم دەسوڕانەوە، هیچ کارمەندێکی ئاسایش لەو ناوە نەدەبینران.

سه‌رچاوه‌كانی نه‌خۆشخانه‌ به‌ ڕۆیته‌رزیان ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ كاتی خۆپیشاندانه‌كاندا لانیكه‌م 39 كه‌س برینداربوون و له‌نێویاندا دوو ئه‌فسه‌ری پۆلیس بوون.

دوورگەکەی ئۆقیانوسی هیندی سریلانکا کە دانیشتوانەکەی 22 ملیۆن کەسە لە ژێر سایەی فشاری توندی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانیدا تێدەکۆشن کە پێداویستیە سەرەکییەکانی وەک سوتەمەنی و خۆراک و دەرمانی سنووردار کردووە، ئەمەش وایکردووە لە دوای سەربەخۆیی لە ساڵی 1948 ەوە تووشی خراپترین قەیرانی ئابووری بکاتەوە.

بەرزبوونەوەی هەڵاوسان کە لە مانگی 6 دا گەیشتە 54.6%ی پێوانەیی و پێشبینی دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا بگاتە 70%، فشار و سەختیەکان لەسەر دانیشتووانی ئەو وڵاتە تا دەهات زیاتر و زیاتر کەڵەکە دەبوو.

ناسەقامگیری سیاسی دەتوانێت دانوستانەکانی سریلانکا لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی تێکبدات، لە کاتێکدا بە دوای ڕزگارکردنی سێ ملیار دۆلاردا دەگەڕێت، داڕشتنەوەی هەندێک قەرزی دەرەکی و کۆکردنەوەی پارە لە سەرچاوە فرەلایەن و دوولایەنەکانەوە بۆ کەمکردنەوەی وشکەساڵی.

شرۆڤەکاری سیاسی کوسال پێرێرا ڕایگەیاند کە "ئەمە دۆخێکی گوماناوییە. ئەگەر بە ڕوونی دەسەڵات نەگوازرێتەوە و نەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک و سەرۆکوەزیران بۆشایی دەسەڵات دروست دەکات کە دەتوانێت مەترسیدار بێت. سەرۆکی پەرلەمان دەتوانێت حکومەتێکی نوێی سەرتاسەری دیاری بکات بەڵام ئایا لەلایەن پارتەکانەوە قبوڵ دەکرێن یان نا، جارێ هێشتا ڕوانینی خۆپیشاندەرانیش دیار نییە."

قه‌یرانی ئابوری

ئەم قەیرانە دوای ئەوە دێت کە پەتای کۆڤید-19 ئەو ئابوریەی کە پشتی بەستبوو بە گەشتوگوزار شکستی هێنا و حەواڵەی پارەی کرێکارانی دەرەوەی وڵاتی کەمبۆوە.

بەهۆی زیادبوونی قەرزی زۆری حکومەت و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و قەدەغەکردنی هاوردەکردنی پەینی کیمیایی ساڵی ڕابردوو کە کشتوکاڵی وێران کرد، دۆخەکەی زیاتر سەختر کرد. لە مانگی نۆڤەمبەردا قەدەغەکردنی پەین هەڵوەشێنرایەوە.

بەڵام زۆر کەس پاشەکشێی وڵاتەکە بە خراپی بەڕێوەبردنی ئابوری لەلایەن ڕاجاپاکساوە دەزانن و چەند مانگێک ناڕەزایەتی تا ڕادەیەکی زۆر ئاشتیانە لە ئارادا بوو کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەویان دەکرد.

خۆپیشاندەران پێش ئەوەی ڕۆژی شەممە بچنە ناو باڵەخانەکانی حکومەتەوە، چەند بەربەستێکی پۆلیسیان لە ناوچەی حکومی کۆڵۆمبۆ هەڵوەشاندەوە.

شایەتحاڵەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، پۆلیس تەقەیان بە ئاسمان کردووە بەڵام نەیتوانیوە ئەو خەڵکە توڕەیە بوەستێنێت کە دەوری شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکایەتی سەرۆکی وڵاتەکەیان داوە.

سەرەڕای کەمییەکی لە ڕادەبەدەری سووتەمەنی کە بووەتە هۆی وەستانی خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوە، خۆپیشاندەران لە چەند ناوچەیەکی وڵاتەوە لەناو پاس و شەمەندەفەر و بارهەڵگرەکاندا کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی بگەنە شاری کۆڵۆمبۆ بۆ خۆپیشاندانی کۆتایی هەفتە.

ناڕەزایی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا خراپتر بووە، چونکە ئەو وڵاتەی کە گرفتی هەڵئاوسانی دارایی هەیە، وەرگرتنی ناردنی سووتەمەنی ڕاگرت، ئەمەش وایکرد بە ناچاری قوتابخانەکان دابخرێن و بەشە بەنزین و دیزڵ بۆ خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان دابین نەکرێت.

پێرێرا گوتیشی "ئێمە دووبارە و سێبارە بە گۆتا راجاپاکسامان وتووە کە بچێتە ماڵەوە بەڵام ئەو هێشتا دەستی بە دەسەڵاتەکەیەوە گرتبوو، ئێمە ناوەستین تا گوێمان لێ دەگرێت".

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG