Accessibility links

تورکیا جارێکی دیکە داوای ڕادەستکردنی ئەو کەسانە لە فینلاند و سوید دەکات کە داوای کردوون



به‌كیر بۆزداغ، وه‌زیری دادی توركیا ڕایگه‌یاند؛ توركیا ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ داواكارییه‌كانی بۆ سوید و فینله‌ندا نوێ كرده‌وه‌ بۆ ڕاده‌ستکردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ تیرۆریست ناوزەدی کردوون، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ ڕێككه‌وتنێك له‌سه‌ر داوای ئه‌ندامبوونی وڵاتانی باكووری ئەوروپا له‌ ناتۆ.

تورکیا دژایەتی داواکانی ئەو دوو وڵاتەی کردبوو لەسەر ئەوەی کە گوایە پشتیوانی لە چەکدارە کوردەکان و ئەوانی دیکە دەکەن کە تورکیا بە تیرۆریستیان دەزانێت، هەروەها لەسەر گەمارۆی چەک و داواکارییەکانی ڕادەستکردنەوە کە بەڵینەکەی جێبەجێنەکراوە.

هەفتەی ڕابردوو هەر سێ وڵاتەکە گرێبەستێکیان واژۆ کرد بۆ ئەوەی ئانکەرە ڤیتۆکەی لابدات لەسەر داواکانی ئەو دوو وڵاتە، لە کاتێکدا وڵاتانی کاندید بەڵێنیان دا کە پشتگیری لە گروپە چەکدارە کوردەکانی پەکەکە و یەپەگە یان تۆڕەکەی فەتحوڵڵا گولەن کە لە ئەمەریکا دەژی نەکەن.

ئانکەرە دەڵێت تۆڕی گولەن لە ساڵی 2016 هەوڵی کودەتای داوە و بە کورتکراوەی فەتۆ FETO و بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناوی دەبات.

بۆزداغ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ هابەرگڵۆبال ڕایگەیاند "لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە دوایین کۆبوونەوە لوتکەییەکەی ناتۆ لە نێوان تورکیا، سوید و فینلاند واژۆ کرا، لیژنەیەکی چاودێری دامەزرا."

لەو دەقەی کە هەفتەی ڕابردوو واژۆیان لەسەر کردووە، فینلاند و سوید ڕێککەوتن لەسەر داواکارییەکانی تورکیا تاوەکو ئەو کەسانە بە خێرایی و بە تەواوەتی ڕادەستبکرێنەوە کە گومانلێکراوەکانی تیرۆرن. بەپێی ڕێککەوتننامەی ئەوروپا بۆ ڕادەستکردنەوەی تاوانباران".

بۆزداغ گوتیشی "بەم پێیە ئەمڕۆ چەند داواكارییەكمان نوێكردۆتەوە كە پێشتر ڕەتكرابوونەوە، هەروەها هەندێك داواكاریمان بیرخستنەوە كە وەڵامیان نەدراوەتەوە".

تورکیا کە زیاتر لە 70 ساڵە ئەندامی ناتۆیە و خاوەنی دووەم گەورەترین لەشکری هاوپەیمانییەکەیە، لە مێژە داوای کردووە هاوپەیمانەکانی پشتیوانی یەپەگە نەکەن کە هاوپەیمانێکی ئەمەریکایە لە شەڕی دژی داعش لە سوریا.

چەندین جار ڕەخنەکانیان ئاڵوگۆرکردووە لەگەڵ ئەمەریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا و چەندین وڵاتی دیکە لەسەر ئەو بابەتە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG