Accessibility links

ناتۆ پرۆتۆکۆڵی ئەندامێتی فینلاند و سوید واژۆ دەکات


ئەندامانی ناتۆ ڕۆژی سێشەممە پرۆتۆکۆڵی ئەندامێتی فینلاند و سویدیان لە ڕێکخراوە بەرگرییە سەربازییەکە واژۆ کرد. ئەو دوو وڵاتە یەکسەر نابنە ئەندام و دەبێت وڵاتانی ئەندام لە پەرلەمانەکانی خۆیان پەسەندی بکەن کە چاوەڕێ دەکرێت ڕووبدات.

هەردوو وڵات لە مانگی 5 دا داواکارییەکانیان پێشکەش کرد تا ببن بە ئەندامی ناتۆ، بەم هەنگاوە هەڵوێستی بێ لایەنی خۆیان یەکلاییکردەوە وەک وەڵامێک بۆ لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.

سکرتێری گشتی ناتۆ یەین ستۆڵتنبێرگ ڕایگەیاند "ئەمە ڕۆژێکی گرنگە بۆ فینلاند و سوید، بۆ ناتۆش ڕۆژێکی زۆر باشە. بوونی 32 وڵات لە دەوری مێزەکە، ئێمە بەهێزتر دەکات و گەلەکەمان هێندەی تر سەلامەتتر دەبێت، لە کاتێکدا ڕووبەڕووی گەورەترین قەیرانی ئەمنی دەبینەوە بە درێژایی ئەو دەیان ساڵەی پێشوو."

ئاماژەی بەوەشکردووە کە "دەرگای ناتۆ بە کراوەیی دەمێنێتەوە بۆ ئەو وڵاتە دیموکراسیانەی ئەوروپا کە ئامادەن و دەیانەوێت بەشداری بکەن لە ئاسایشی هاوبەشماندا."

لەگەڵ واژۆکردنی پرۆتۆکۆڵەکانی ئەندامێتی، ئێستا هەریەک لە 30 وڵاتی ئەندامی ناتۆ دەبێت بەپێی ڕێکارە نیشتمانییەکانی خۆیان پەسەندیان بکەن. ئەردۆغان هەرچەندە لەگەڵ سوید و فینلاند ڕێککەوتووە و ڕێگەیداوە ببنە ئەندام هەڕەشەیکردووە کە پەرلەمانی وڵاتەکەی دەکرێت ئەندامێتی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆ ڕەتبکاتەوە.

هەردوو فینلاند و سوید مێژوویەکیان هەیە لە کارکردن لەگەڵ ناتۆ وەک وڵاتی هاوبەش، لەوانە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی ناتۆ و هاوکات بەپێی ئەو ڕێکەوتنە ئیتر دەشتوانن بەشداری بکەن لە مانۆڕە سەربازییەکاندا.

ئان لیندی، وەزیری دەرەوەی سوید، لە سەرەتای کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەدا گوتی "سوید وەک ئەندامێکی داهاتووی هاوپەیمانییەکە بەشداری لە ئاسایشی هەموو هاوپەیماناندا دەکات."

پێکا هاڤیستۆ، وەزیری دەرەوەی فینلاند، ڕایگەیاند "وڵاتەکەی بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی کارکردنە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ناتۆ بۆ پاراستنی "ناوچەیەکی ئاسایش و ئاوەدانی ئەوروپا."

هاڤیستۆ گوتیشی "پێکەوە بەهێزتر دەبین بۆ بەرگریکردن لە سیستمی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای ڕێساکان و بنەماکانی ئازادی دیموکراسی و سەروەری یاسا."

XS
SM
MD
LG