مارینا ڤیازۆڤسکا، زانای بیرکاری کە خەڵکی ئۆکرانیایە، ڕۆژی سێشەممە بوو بە دووەم ژن لە جیهاندا کە مەدالیای بەناوبانگی فیڵدز وەربگرێت کە بە خەڵاتی نۆبڵی بیرکاری دادەنرێت.
ڤیازۆڤسکا تەمەنی 37 ساڵە لە میانی مەڕاسیمێکدا لە شاری هێڵسنکی پایتەختی فینلاند، ئەو خانمە لەگەڵ سێ زانای دیکەی بیرکاریدا ئەو مەدالیایەی وەرگرت. زاناکانی تر هوگۆ دومینیل کۆپینی تەمەن 36 ساڵ لە زانکۆی جنێڤ، جون هۆو، تەمەن 39 ساڵی ئەمەریکی بە ڕەچەڵەک کۆری لە زانکۆی پرینستۆن و بیرکاریناسی بەریتانی تەمەن 35 ساڵ جەیمس ماینارد لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بوون.
یەکێتی نێودەوڵەتی بیرکاری کە مەدالیای فیڵدز بەڕێوە دەبات، ئاماژەی بە ڤیازۆڤسکا کرد کە مامۆستایە لە پەیمانگای فیدراڵی تەکنەلۆژیای سویسرا لە لۆزان بۆ پڕۆژە بیرکارییەکەی ساڵی 2016 ی کە دەتوانرێت گۆی قەبارە یەکسان بە شێوەیەکی هاوسەنگ لە ڕەهەندی هەشتەم و بەرزتردا کۆبکرێنەوە. دۆزینەوەکەی تیۆرێکی سەلماند کە بۆ یەکەمجارە زیاتر لە 400 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن فەلەکناس و فەیلەسوفی ئەڵمانی یۆهانس کیپلەرەوە خرابووە ڕوو.
مەدالیای فیڵدز هەر چوار ساڵ جارێک دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە خوار 40 ساڵەوەیە.
مەریەم میرزاخانی کە خەڵکی ئێران بوو بۆ یەکەمجار وەک ژنێک لە ساڵی 2014 دا ئەو میدالیایە بەدەست هێنا کە ئێستا لە ژیاندا نەماوە.
سەرەتا بڕیاربوو مەڕاسیمەکە لە سانت پترسبۆرگی لە ڕووسیا لە میانی کۆبوونەوەی کۆنگرەی نێودەوڵەتی بیرکاریناسانی جیهان بەڕێوە بچێت. بەڵام گواسترایەوە بۆ پایتەختی فینلاند دوای ئەوەی سەدان بیرکار نامەی کراوەیان واژۆ کرد کە ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە هەڵبژاردنی سانت پترسبۆرگ دوای ئەوەی ڕووسیا لە مانگی 2 دا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا کە زێدی ڤیازۆڤسکا بوو.