ئیسرائیل ڕایگەیاند، رڕۆژی شەممە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستۆتە خوارەوە کە لە لوبنانەوە بەرەو یەکێک لە سەکۆی کانگای غازی دەریای ناوەڕاست ڕۆیشتوون و گروپی حزبوڵڵای سەر بە ئێرانی بە هەڵدانی ئەو فڕۆکانە تۆمەتبار کردووە.
هیچ وەڵامێکی دەستبەجێ لەلایەن لوبنانەوە بۆ ئەو تۆمەتەی ئیسرائیل نەبوو، لە کاتێکدا ئەم دۆخە هاتە ئاراوە کە گرژی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا دروستبوو لەسەر شوێنگەی سەکۆی هەڵکەندنی کانە غازەکەی کاریش، بەڵام هەوڵە درێژخایەنەکان تا ئێستا بێ ئاکام بوون کە لەلایەن ئەمەریکاوە نێوەندگیری بۆ دەکرا بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک لەسەر سنوورە دەریاییەکان.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، هێزەکانیان ڕێگرییان لە "سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوژمنکارانە کردووە کە نزیکبونەتەوە لە مەودای ئاسمانی سنورە ئاوییەکانی بواری ئابووری ئیسرائیل.
سەرچاوەیەکی ئەمنی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بێچەک و بێ تەقەمەنی بوون، هەرچەندە ئەم بابەتە دەستبەجێ لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
وەزیری بەرگری بێنی گانتز، حیزبوڵای تۆمەتبار کرد بەوەی کە لەپشت هەڵدانی ئەو درۆنانەوە بووە و لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "ئەوان ڕێگری لە دەوڵەتی لوبنان دەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن سەبارەت بە سنوورە دەریاییەکان، کە گرنگن بۆ ئابووری و خۆشگوزەرانی میللەتی لوبنان".
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئەمە یەکەمجارە ئاستەنگەکانی سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی کە لەسەر کەشتییەکی دەریایی ئیسرائیل دانرابوو ئامانجێکی وەها بپێکێت.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز