Accessibility links

باڵیۆزی ئۆکرانیا لە ئەمەریکا: ئێمە سەردەکەوین


ئۆکسانا مارکارۆڤا، باڵیۆزی ئۆکرانیا لە ئەمەریکا، لە پەراوێزی چالاکییەک لە ماڵی ئۆکرانیا لە واشنتۆن بۆ ئاهەنگی ڕۆژی دەستووری ئۆکرانیا، وتویژێکی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا سازکرد. ماڵی ئۆکرانیا، سەنتەرێکە بۆ نمایشکردنی کولتوری ئۆکرانیا و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمەریکا و ئەمەریکییەکان داڕێژراوە، لە 1ی مانگی 9 ی ساڵی 2021 دا لەلایەن سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە سەردانێکی فەرمیدا بۆ ئەمەریکا، شەش مانگ پێش هەڵگیرسانی جەنگەکە کرایەوە.

دەنگی ئەمەریکا: ئێمە ماریوپۆڵ شارە ئۆکرانیەکەمان لە ڕابردوودا بینیوە، ئێستاش لەم پێشانگای وێنەیەدا بینیمانەوە. داهاتووو ماریوپۆل بە کوێ دەگات؟

مارکارۆڤا: ماریوپۆڵ هەر ئۆکرانی دەبێت و ئازاد دەکرێت و ئاوەدان دەکرێتەوە. بێگومان ئێمە هەرگیز ناتوانین ژیانی ئەو کەسانە بگەڕێنینەوە کە ڕووسەکان لە ماریوپۆل کوشتیانن، بەڵام بە شێوەیەکی دروست دەیاننێژین و ماتەمینیان بۆ دەگێڕین و شارەکە ئاوەدان دەکەینەوە.

دەنگی ئەمەریکا: ئێستا ئەمەریکا دەتوانێت چی بکات بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا؟

مارکارۆڤا: ئەوەی ئێستا ئەمەریکا دەیکات. ئێمە زۆر سوپاسگوزارین بۆ ئەو پشتگیرییەی کە ئۆکرانیا بەدەستی دەهێنێت. تەنها پێویستمان بە ئەمەریکا و هەموو هاوبەشەکانی ترمانە کە بەردەوام بن لە یارمەتیدانمان بۆ هاوکاری ئەمنی، بە چەک، بە سزا بۆ سەر ڕووسیا، بە هاوکاریمان. پێویستە هەموومان پێکەوە سەرکەوین.

دەنگی ئەمەریکا: دەبینیت و هەست دەکەیت، کە زۆر بە خێرایی چەک ڕەوانە دەکرێت بۆ ئۆکرانیا یان هێشتا نا؟

مارکارۆڤا: ئێمە زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان کاردەکەین و پێش ئەم قۆناغەی جەنگ، لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا، ئەمەریکا هەمیشە دۆست و هاوپەیمانێکی ستراتیژی بووە. ئێمە دژی دوژمنێکی زۆر گەورە و دڕندە دەجەنگین، بۆیە بێگومان پێویستمان بە زیاترە. بەڵام ئێمە سوپاسی ئەمەریکا دەکەین کە نەک تەنها پارەی تەرخان کرد، نەک تەنها بۆ پشتگیریکردنمان؛ بگرە هەمووان لە سەرۆکەوە تا کۆنگرێس تا پنتاگۆن هەموو شتێکیان کرد.

دەنگی ئەمەریکا: وەزیری بەرگری ئێوە ئاماژەی بەوەداوە کە لەوانەیە لە هاویندا دژە هێرشی بەرپەرچدانەوە بەرپابکرێت. ئایا ئەوان بەڕێوەن؟

مارکارۆڤا: ئێمە دەزانین چی بەسەر خەڵکی ئەو ناوچانەدا دێت کە دەکەونە ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیاوە. ئەوان کوشتویانن، ئەشکەنجە دراون، دەستدرێژی کراوتە سەریان، بۆیە پێویستە بە زووترین کات خاکەکانمان ئازاد بکەین. هەر کە توانیمان بیکەین، هەر کە بە ڕادەیەکی پێویست چەکمان هەبوو بۆ ئەوەی هێرشانە بکەین، بێگومان دەیکەین. ئێمە بەرگری لە ماڵەکانمان دەکەین.

دەنگی ئەمەریکا: پێتوایە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا ئەکتەرێکی عەقڵانییە لەو ڕووەوە کە کاتێک هەست بە شکست دەکات، دادەنیشێت و لەگەڵ ئۆکرانیا دانوستان دەکات؟

مارکارۆڤا: من دەروونناس نیم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە. تەنها ئەوە دەزانم کە دۆخەکە زۆر ڕەش و سپییە. فیدراسیۆنی ڕووسیا پوتن و هەموو ڕووسێک کە پشتگیری لەم شەڕە دەکات لە ساڵی 2014 دا سنوورەکانیان بەزاند و هێرشیان کردە سەر وڵاتێکی خاوەن شکۆ. ئەوان بە شێوەیەکی نایاسایی هێرشیان کردە سەر کریمیا، بە شێوەیەکی نایاسایی هێرشیان کردە سەر دۆنێتسک و لوهانسک، لە ساڵی 2014 ەوە تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە، لە ماوەی 125 ڕۆژی ڕابردوودا، شەڕێکی تەواویان لە ئۆکرانیا ئەنجامداوە، لە هەموو شوێنێک، پێویستە ئێمە ڕایانبگرین و دەبێت ئەوان لە وڵاتەکەمان دەربچن.

دەنگی ئەمەریکا: هەندێک کەس دەڵێن کات لەبەرژەوەندی ڕووسیایە، چونکە هێزی مرۆیی زیاترە و خاوەنی تۆپخانەیەکی گەورەترە، هەروەها ئەگەر ئۆکرانیا لە ماوەیەکی کەمدا لە شەڕەکەدا سەرنەکەوێت، دەشێت ڕووسیا خاکی زیاتر و زیاتر کۆنترۆڵ بکات؟ ئەم پرسیارە چۆن دەبینی؟

مارکارۆڤا: ڕاستی، خودا و دادپەروەری لەگەڵ ئێمەدایە. ئێمە ئەوانەین کە لەلایەن ڕووسیاوە هێرشمان کراوەتە سەر، بۆیە هیوادارین کاتێکی زۆر نەخایەنێت بۆ بەرگریکردن لە خۆمان. بەڵام هەرچەندێک کات بخایەنێت، ئێمە ناوەستین، تەسلیم نابین و سەردەکەوین. چونکە ئەمە ماڵی ئێمەیە، ئەمە گەلەکەمانە و لە ماوەی سەدەکانی ڕابردوودا بەهۆی ڕووسیاوە زۆر شتمان لەدەستداوە ، ئەمجارەیان وا ناکەین.

دەنگی ئەمەریکا: چ شتێک لە بارەی وڵاتەکەتەوە، گەلەکەتەوە، لە بارەی سەرۆک زێلێنسکی فێربوویت کە پێشتر نەتزانیبێت؟

مارکارۆڤا: من هەمیشە دەمزانی کە وڵاتەکەم گەورەیە، گەلەکەم زۆر خۆڕاگرن و لەم کاتەشدا هەمیشە پێکەوە دەبین و هەمیشە یەکگرتوو دەبین. وە زۆر شانازی دەکەم و شەرەفێکی گەورەیە بۆ من کە لێرە نوێنەرایەتی وڵاتەکەی خۆم دەکەم.

XS
SM
MD
LG