Accessibility links

ئەمەریکا پاکێجی کۆمەکی سەربازی 820 ملیۆن دۆلاری بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند


پنتاگۆن ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، ئەمەریکا لە چوارچێوەی نوێترین پاکێجی هاوکاری چەک بۆ ئۆکرانیا دوو سیستەمی مووشەکی ئاسمانی ناسامس و چوار ڕاداری دژە تۆپی زیادە و تا 150 هەزار گولەی تەقەمەنی 155 ملم بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت.

پاکێجی هاوکارییەکە کە بە بەهای نزیکەی 820 ملیۆن دۆلارە، بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکاوە ڕۆژی پێنجشەممە دوای کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ناتۆ لە مەدرید ڕاگەیەندرا کە تیایدا سەرنجەکان لەسەر لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا بوون.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئانتۆنی بلینکن لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە هاوکارییەکان ڕایگەیاند"ئۆکرانیەکان بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی دڕندەیییەکانی ڕووسیا کە لەم هەفتەیەدا جارێکی دیکە بەهۆی هێرشێکەوە مۆڵێکی بازرگانی پڕ لە خەڵکی مەدەنیان کردە ئامانج. ئەوان بەردەوامن لە شەڕکردن لە پێناو وڵاتەکەیاندا، ئەمەریکاش بەردەوامە لە پشتیوانیکردنیان و دۆزی دادپەروەرانەیان."

کاربەدەستانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاندووە کە ڕۆژی دووشەممە مووشەکێکی Kh-22 کە لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگی ڕووسیەوە ئاڕاستەی مۆڵێکی بازرگانی قەرەباڵغی شاری کرێمنچوکی کردووە ئەو شارەی کە دەکەوێتە ناوەڕاستی وڵاتەکەوە؛ بەو هۆیەوە لانیکەم 19 کەس گیانیان لەدەستداوە. ئەو بۆردومانە هەڵوێستی سەرکردەکانی ڕۆژئاوا و پاپای لێکەوتەوە و شەرمەزاریان کرد، بەڵام ڕووسیا لێدوانەکانی ئۆکرانیای ڕەتکردەوە و گوتی مووشەکەکە بەر فرۆشگایەکی چەکی دابینکراوی ڕۆژئاوا کەوتووە لە تەنیشت بازاڕە مۆڵەکەوە بووە و بەهۆیەوە گڕی گرتووە.

پنتاگۆن ڕۆژی هەینی وردەکاری زیاتری خستەڕوو لە کاتی بە فەرمیکردنی ڕاگەیاندنی هاوکارییەکەدا و گوتی دوایین خولی هاوکارییە ئەمنییەکان هەروەها تەقەمەنی زیادە بۆ سیستەمی موشەکی تۆپخانەی جووڵەی بەرزی (HIMARS) لەخۆگرتووە.

بەرپرسێکی باڵای بەرگری بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند ئەو ڕادارانەی تۆپی دژە بۆردومانن کە دەنێردرێت بریتین لە سیستەمی Raytheon-Technologies (RTX.N) AN/TPQ-37 کە ئەمە بۆ یەکەمجارە ئەم سیستمانە دەنێردرێت بۆ ئۆکرانیا کە نزیکەی سێ ئەوەندەی مەودای کاریگەری سیستەمی AN/TPQ-36 ی هەیە کە پێشتر نێردراوە.

یارمەتییە نوێیەکانی ئەمەریکا بۆ بەهێزکردنی ئۆکرانیایە لە کاتێکدا ڕووبەڕووی تۆپباران و بۆردومانی قورس دەبێتەوە لەلایەن تۆپخانەکانی ڕووسیاوە. هەڵمەتی چڕبوونەوەی ڕووسیا بۆ هێرشە مووشەکییە دوورمەوداکان بۆ سەر شارەکانی ئۆکرانیا لە کاتێکدایە کە هێزەکانی لە بەرەکانی جەنگ لە ڕۆژهەڵات سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، لەگەڵ هێرشێکی توندی ڕوسیا بۆ ناچارکردنی کیێڤ بۆ ئەوەی ئەو دوو پارێزگایە ڕادەستی ئەو جوداخوازانە بکات کە ڕووسیا پشتیوانیان دەکات.

تا ئێستا ئەمەریکا بە بەهای نزیکەی 6.9 ملیار دۆلار هاوکاری ئۆکرانیای کردووە لەو کاتەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە 24 ی مانگی 2 ەوە هێرشە داگیرکارییەکانیان بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستپێکردووە و بوونەتە مایەی جەنگێکی سەرتاپاگیر بۆ ئەوروپا.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG