Accessibility links

ڕووسیا دەستی بەسەر پڕۆژەی غازی ساخالیندا گرت و شەڕە ئابورییەکەی سەختر کرد


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن بە فەرمانێک کۆنتڕۆڵی تەواوی پڕۆژەی غاز و نەوتی ساخالین-2 لە ڕۆژهەڵاتی دووری ڕووسیادا دەکات، ئەمەش زیاتر تاودەسەنێت بۆ شەڕی ئابووری لەگەڵ ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانی دا. ئەم هەنگاوە ڕەنگە کۆمپانیای شێڵ و وەبەرهێنەرانی ژاپۆن ناچار بکات وڵاتەکە بەجێبهێڵن.

ئەم فەرمانە کە ڕۆژی پێنجشەممە واژۆ کراوە، کۆمپانیایەکی نوێ دروست دەکات بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەموو ماف و ئەرکەکانی کۆمپانیای ساخالین بۆ وەبەرهێنانی وزە، کە تێیدا کۆمپانیای شێڵ (SHEL.L) و دوو کۆمپانیای بازرگانی ژاپۆنی میتسوی و میتسوبۆشی کەمتر لە 50% پشکیان لەو پرۆژەیەدا هەیە.

ئەم فەرمانە پێنج لاپەڕەیە و دوای ئەو سزایانەی ڕۆژئاوا دێت بۆ سەر مۆسکۆ بەهۆی لەشکرکێشییەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا، ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا کریملن بڕیار دەدات کە ئایا هاوبەشە بیانییەکان دەتوانن بمێننەوە یان نا.

کۆمپانیای گازپرۆمی دەوڵەتی (GAZP.MM) لە ئێستاوە لە 50% لەگەڵ یەک پشکی لە کۆمپانیای ساخالین-2 هەیە، کە نزیکەی 4%ی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی شل (LNG)ی جیهان دەستەبەردەکات.

ئەم هەنگاوە بە تەواوەتی هەڕەشەی نائارامی لە بازاڕی غازی سروشتی دەکات کە لە ئێستادا تاویسەندووە، هەرچەندە مۆسکۆ ڕایگەیاندووە کە هیچ هۆکارێکی لەبەردەستدا نیە بۆ ڕاگرتنی ناردنی غازی ساخالین-2. ژاپۆن ساڵانە 10%ی غازی سروشتی خۆی لە ڕووسیا هاوردە دەکات، بە شێوەیەکی سەرەکی بە گرێبەستی درێژخایەن لەگەڵ ساخالین-2 دا. هەروەها ئەم کارە ئەو مەترسیانە زیاد دەکات کە ڕووبەڕووی کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان دەبنەوە کە هێشتا لە ڕووسیادان.

لوسی کالێن، شرۆڤەکاری سەرەکی کۆمپانیای ڕاوێژکاری Wood Mackenzie دەڵێت "فەرمانەکەی ڕووسیا بە شێوەیەکی کاریگەر پشکە بیانییەکان لە کۆمپانیای وەبەرهێنانی وزەی ساخالین زەوت دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی تاوسەندنی زیاتری بارگرژییەکان بە بەردەوامی".

زۆرێک لە کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان پێشتر ئامێر و کەلوپەلەکانیان کۆکردۆتەوە، هەندێکی دیکەش ڕایانگەیاندووە کە دەستلەکاردەکێشنەوە، بەڵام ئەم هەنگاوەی پوتن تەنگەژە بۆ پرۆسەیەکی ئاڵۆز زیاتر دەکات بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت دەرچن لە پڕۆژەکانی ئەو وڵاتە.
مۆسکۆ یاسایەک ئامادە دەکات، کە پێشبینی دەکرێت بەم زووانە دەربچێت، بۆ ئەوەی ڕێگە بە دەوڵەت بدات دەست بەسەر سەروەت و سامانی کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکاندا بگرێت کە بڕیاری ڕۆشتن دەدەن.

کۆمپانیای شێڵ کە پێشتر بەهای سەروەت و سامانە ڕووسییەکانی لابردووە، چەند مانگێک لەمەوبەر ڕوونی کردەوە کە بە نیازە واز لە ساخالین-2 بهێنێت و لەگەڵ کڕیارەکاندا لە گفتوگۆدایە. ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە هەڵسەنگاندن بۆ فەرمانی ڕووسیا دەکات.

سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە کە کۆمپانیای شێڵ پێیوایە مەترسی هەیە ڕووسیا سەروەت و سامانی بیانی بە نیشتیمانی بکات، لە کاتێکدا پوتن چەندین جار ڕایگەیاندووە کە مۆسکۆ تۆڵەی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەکاتەوە بەهۆی هەڵپەساردنی سەروەت و سامانی ڕووسیا و سزاکانی دیکەوە.

کۆمپانیای ساخالین-2 کە کۆمپانیای شێڵ پشکی 27.5% ی تێدایە، یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی غازی سروشتی لە جیهاندا کە بەرهەمی 12 ملیۆن تۆنە. بە شێوەیەکی سەرەکی غازی سروشتی دەنێرێت بەرەو ژاپۆن، کۆریای باشوور، چین، هیندستان و وڵاتانی دیکەی ئاسیا.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG