Accessibility links

ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی سەرکۆنەی سانسۆرکردنی میدیا لەلایەن تورکیاوە دەکات


ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی (USAGM)، کە سەپەرشتی دەنگی ئەمەریکا و حوڕە و کەناڵەکانی دیکە دەکات کە ئەمەریکا پاڵپشتی داراییان دەکات، سەرکۆنەی بڕیارێکی حکومەتی تورکیا دەکات کە بەشی تورکی وێبسایتی دەنگی ئەمەریکا لە وڵاتەکە بلۆک دەکات.

ئەنجومەنی باڵای ڕادیۆ و تەلەفزیۆن (RTÜK)، کە دامەزراوەیەکی حکومی تورکیایە و بۆ ڕێکخستنی کاری میدیا دروستکراوە، ڕۆژی پێنجشەممە، بلۆکی ماڵپەڕی تورکی دەنگی ئەمەریکا و دۆیچە ڤێڵەی ئەڵمانی کرد بە ئامانجی ڕێگریکردن لە دانیشتوانی تورکیا بە دەستگەیشتنیان بە هەواڵ و زانیارییەکانی ئەو دوو دەزگایە. ئەنجوومەنەکە دەڵێت ئەو دوو کەناڵە مۆڵەتی پەخشکردنیان وەرنەگرتووە.

لە بەیاننامەیەکدا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری USAGM، کەلو چاو، گوتی، “بە هەوڵی بلۆککردنی دەنگەکانی ئەمەریکا و دۆیچە ڤێل، RTÜK بژاردەیەکی مەترسیداری هەڵبژاردووە کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ سانسۆرکردنی ئینتەرنێت. بینەران لە تورکیا شایەنی ئەوەن دەستیان بە هەواڵە ڕاستەکان سەبارەت بە جیهانی دەوروبەریان بگات."

چاو گوتیشی، "سەرەڕای دوایین هێرش بۆ سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری، USAGM کۆڵنادات لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەی بۆ پشتگیریکردن لە بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان بۆ خەڵک لە تورکیا و لە سەرانسەری جیهاندا بە شێوەیەکی ئازاد."

یۆلاندا لۆپێز بەڕێوەبەری دەنگی ئەمەریکا بە وەکالەت گوتی: "ئێمە دژی ئەم هەنگاوەین وەک هەوڵێکی کەمێک پەردەپۆشکراو بۆ سانسۆری ڕووماڵی ڕۆژنامەوانی نەخوازراو سەیری دەکەین." ئاماژەی بەوەشکردووە، “لەگەڵ زانینی ئەوەی کە ئێستا سایتەکەمان بلۆک کراوە، ئێمە بە توندی ناڕەزاییمان بەرامبەر ئەم کردارە نوێیە دەربڕیووە و بەشێکە لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ سنووردارکردنی توانای دەنگی ئەمریکا بۆ گەیاندنی هەواڵی ورد و بابەتیانە بۆ بینەرانی تورک زمان."

RTÜKلە مانگی دووی ئەمساڵ داوای لە دەنگی ئەمەریکا کردبوو مۆڵەتێک وەربگرێت کە ڕێگەی بە حکومەتی تورکیا دەدا کارە ڕۆژنامەوانییەکانی سانسۆر بکات.

XS
SM
MD
LG