Accessibility links

بڕیارە سەرۆک بایدن و ئەردۆغان لە بارەی فراوانکردنی ناتۆوە کۆببنەوە


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە مەدرید، چاوی بە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دەکەوێت، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و فراوانبوونی هاوپەیمانێتی ناتۆ و زیادکردنی دوو وڵاتی ئەوروپی بۆ ئەو هاوپەیمانێتییە سەربازییە.

شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەم کۆبوونەوەیە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە شکاندنی بەرهەڵستیکردنی تورکیا لە بەرامبەر داواکارییەکانی سوید و فینلاند بۆ ئەندامبوونیان لە ناتۆ. لە دوای هێرشی سەربازی ڕووسیاوە بۆ سەر ئۆکرانیا، ئەم دوو وڵاتە داوای ئەندامێتیان لە ناتۆ دەستپێکردووە.

لە دوای هەڵبژاردنی بایدنەوە پەیوەندییەکی سارد لە نێوان ئەم دوو سەرکردەیە هەبووە، ئەوەش بەهۆی نیگەرانییەکانی ئەمەریکا لە سەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیای سەردەمی ئەردۆغاندا.
دوایین جار بایدن و ئه‌ردۆغان له‌ مانگی دەی ساڵی ڕابردوو له‌ په‌راوێزی كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی جی 20 له‌ ڕۆما بۆ ماوه‌یه‌كی كورت كۆبوونه‌وه‌.

ئەردۆغان گوتی "بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ بەڕێز بایدن قسەمان کرد و ئەو خواستی خۆی دەربڕی کە ئەمشەو یان سبەی کۆببنەوە. ئێمە گوتمان ئەگەری هەیە".

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، دەیەوێت ئەنجامی گفتوگۆ ئامادەکارییەکان ببینێت کە ڕۆژی دووشەممە لە برۆکسل بەڕێوەچوو پێش ئەوەی بڕیار بدات کە ئایا سوید و فینلاند کارێکی پێویستیان کردووە بۆ هەڵگرتنی ناڕەزایەتییەکانی بەرامبەر بە ئەندامبوونیان لە هاوپەیمانتییە سەربازییەکە.
تورکیا ئەندامی ناتۆیە و دەتوانێت لە لوتکەدا داواکارییەکانی هەردوو وڵات ڤیتۆ بکات.

ئەردۆغان گوتی "ئێمە ئەندامێکی 70 ساڵەی ناتۆین، تورکیا وڵاتێک نییە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی پەیوەندی بە ناتۆوە کردبێت."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەبینین ئەوان (فینلاندا و سوید) گەیشتوونەتە چ خاڵێک. ئێمە وشەی بەتاڵمان ناوێت. ئێمە ئەنجاممان دەوێت."

- 'عەقڵی کراوە' -

ئەنقەرە فینلاند و زیاتر سویدی تۆمەتبار کردووە بەوەی کە پەناگەیەکی ئارامیان بۆ چەکدارە کوردەکان ڕەخساندووە کە دەیان ساڵە لە دژی دەوڵەتی تورکیا دەجەنگن.

جگە لەوە، سەرکردایەتی توركیا داوای له‌ هه‌ردوو وڵات كردووه‌ گه‌مارۆكانی چه‌ك، کە له‌ ساڵی 2019 به‌هۆی هێرشی سه‌ربازی ئه‌نقه‌ره‌ بۆ سه‌ر سووریا سه‌پێنراون، هه‌ڵبگیرێت.

هەردوو وڵات چوونە ناو کۆبوونەوەی ناتۆ بە کراوەیی بە ڕووی ئەگەری ئەوەی کە ڕەنگە تورکیا تەنیا دوای کۆتایی هاتنی لوتکەکە لە ڕۆژی پێنجشەممەدا، ناڕەزایەتییەکانی هەڵبگرێت.

ئان لیند وەزیری دەرەوەی سوید گوتی "ئێمە پێشکەوتنمان بەدەستهێناوە. بەدڵنیاییەوە ئەوە ڕاستە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی ئەمڕۆ شتێکی ئەرێنی ڕووبدات، بەڵام هەروەها بۆ ئەوەی کاتێکی زیاتری پێبچێت. دەبێت ئارامبگرین و تەنانەت دوای لوتکەش بەردەوام بین لە گفتوگۆکان".
ساولی نیینیستۆ، سەرۆکی فینلاند ڕایگەیاند، لەم قۆناغەدا نە "گەشبینە و نە ڕەشبین".
لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی فینلاند گوتی: بە عەقڵی کراوە دەچینە ناو گفتوگۆی ئەمڕۆی پاشنیوەڕۆ لەگەڵ ئەردۆغان.

- گفتوگۆی فڕۆکەی جەنگی -

توانای ئەردۆغان لە پاراستنی پەیوەندییەکی نزیکی کارکردن لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتین لە هەمان کاتدا پشتیوانی ئەنقەرە لە هەوڵەکانی ئۆکرانیا بۆ بەریگری لەخۆکردن وایکردووە ببێتە یاریزانێکی گرنگ لەم ململانێیەدا.

بەڵام پەیوەندی تورکیا و ڕووسیا پەیوەندییەکانی ئەردۆغانی لەگەڵ بایدن و سەرکردەی وڵاتانی دیکەی ناتۆ ئاڵۆزتر کردووە.

واشنتۆن سزای ئەنقەرەی دا بەهۆی کڕینی سیستمێکی پێشکەوتووی بەرگری مووشەکی ڕووسیا لە ساڵی 2019.
ئەم کڕینەش بووە هۆی ئەوەی ئەمەریکا تورکیا لە بەرنامەی هاوبەشی دروستکردنی فڕۆکەی جەنگی ئێف-35دەربکات.
بەڵام واشنتۆن ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕەنگە ئامادەی چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکیانە بێت.

بەڕێوەبەرایەتی بایدن ئەگەری دابینکردنی فڕۆکەی ئێف-16ی بۆ ئەنقەرە هەڵواسیوە لە کاتێکدا تورکیا دەڵێت پێویستی بە فڕۆکەی نوێی ئێف-16 هەیە.

ئەردۆغان سەبارەت بە گفتوگۆکانی داهاتووی لەگەڵ بایدن گوتی "گرنگترین پرس پرسی ئێف 16یە، ئەوەش هێشتا لەسەر مێزی گفتوگۆیە."

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG