Accessibility links

فەڕەنسا دەیەوێت ڕێگە بە فرۆشتنی نەوتی ئێران و ڤه‌نزوێلا بدرێت


به‌رپرسێكی فەرەنسی ڕۆژی دووشەممە ڕایگه‌یاند وڵاتەکەی خوازیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌وتی گه‌مارۆ لەسەری ئێران و ڤه‌نزوێلایە بۆ بازاڕه‌كانی نه‌وت بۆ ئەوەی بتوانن گوشارەکانی کەرتی وزە کەم بکەنەوە کە بە هۆی له‌شكركێشەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا نرخەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو به‌رزبووەتەوە.

فەرەنسا هەروەها دەیەوێت میکانیزمێکی پلان بۆ داڕێژراو بۆ سنووردارکردنی نرخی نەوت دابنێت.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، فەرەنسا دەیەوێت میکانیزمەکە بە شێوەیەک بێت کە تەنیا لە نەوتی بەرهەمهێنراوی ڕووسیادا قەتیس نەکرێت و تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت فراوان بێت.

ئاژانسەکە دەشڵێت، ئەو بەرپرسە فەرەنسییە هەروەها ڕایگەیاندووە کە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە بە ڕابەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوتی ڕاگەیاندووە کە هەلومەرجەکان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕووسیادا گونجاو نین و دەیەوێت پێش دەستپێکردنی هەر جۆرە گفتوگۆیەک لەگەڵ ڕووسیادا، وڵاتەکەی لە پێگەیەکی بەهیزتردا بێت تا بتوانێت بەشداری گفتوگۆکان بکات.

ڕابەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت ڕۆژی دووشەممە لە ئەڵمانیا کۆبوونەوە و هەوڵیاندا بەرەیەکی یەکگرتوو دژی داگیرکارییەکەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە ئۆکرانیا پیشان بدەن و هاوکاتیش تاوتوێی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی جەنگەکە بکەن لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکانی خۆراک و وزە لە جیهاندا.

XS
SM
MD
LG